شوبات 28, 2020

ساقی بارزانی

دەمێکە گووتومە حکومەتی ئێراق نەک مووچە نانێرێت، بەڵکوو ئەگەر بۆیان بلوێ بێ سڵ کردنەوە لە هیچ دەرفەتێک هەموو کوردستان داگیر و وێران دەکات تا حکومەتی هەرێم و گەلی کوردستان بە تەواوەتی تووشی نسکۆ بکات. ئەوەی کە ئێستاش عەبادی هەموو هەفتەیەک لە سەر مووچە دەڵێتەوە، گوشاری ئەمریکا و ئەوروپایە و ڕەنگە بۆ ڕازیکردنی دڵی ئەوان، یەک دوو مووچەش بنێرێ، بەڵام قەت نیازی ناردنی مووچەی بە تەواوەتی نیە و بەردەوامیش سەرقاڵی سزادانی زۆرتری حکومەت و خەڵکە. گەر عیبادی نیازی پاک بووایە، فڕۆکەخانەکانی دەکردەوە، پارەی جووتیاران و دەرمانی نەخۆشەکانی دەنارد کە هیچ پەیوەندییەکی بە کیشمەکێشی سیاسیی نێوان هەرێم و بەغداوە نیە. بیانووی ئیلتیزام بە دەستووریش تەنێ شمولی کورد دەکات و خۆیان بێبەرین لەو ٥٨ خاڵە دەستوورییەی کە تا هەنووکە پێشێلیان کردووە.
بە پێی بەڵگە ئەمریکیەکان، حوکمرانانی بەغدا لە شەڕی پردێ و سحێلا و مەحمودیە چەندین جار داوایان لە ئەمریکا کرد فڕۆکە بەکاربهێنن بۆ لێدانی پێشمەرگە تاکو شکستەکانیان داپۆشن، وەلێ ئەمریکا ڕێگەی نەدا، ئەگینا وەکو جاران، فڕۆکەی ئێف ١٦ بە سەر ئاسمانی کوردستان تەراتێنی دەکرد. ئەوە دەیسەلمێنێ کە هەر عەقڵیەتی جارانی جینوساید و ڕاگواستن و داگیرکاریی زاڵە بەسەر حوکمرانانی بەغدا. عەقڵیەتی نەهێشتن و سڕینەوەی کورد و لە ئەگەری هەبوونی دەرفەت جینوساید و قڕ کردنەوەی گەلی کوردستان.
سۆنگەی سەرەکی ئەم بێدەرەتانییەی گەلی کورد فرۆشتنی خاکەکەی بوو لە لایەن تاقمێ خیانەتکاری ١٦ی ئۆکتۆبرەوە. ئەوانەی کە ڕێفراندۆم دەکەنە بیانوو، قسەی دوژمنان دەجوونەوە، چونکە ساڵێک بەر لە گرتنەوەی موسڵ ئامادەکاری کرابوو و پیلان داڕێژرابوو بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانە. بێگومان خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتی سەدە بوو چونکە قەت کورد لەوە نزیکتر نەبووە لە سەربەخۆیی، بەڵام خاکفرۆشان بە فرۆشتنی ٥١٪ خاکی کوردستان چەندین ساڵی تر سەربەخۆیی یان دواخست، وەلێ خۆشبەختانە ئەوانیش وەدەرنران. ئێراق هێشتا بە چاوساخیی ئەوان سەرقاڵی پێشڕەوین و جار جارە بە بیانووی داعش و گروپی ئاڵای سپی چەندین گوند و بیرە نەوتی تر دەگرن و لە کورد پاکی دەکەنەوە. بەڵگە نەویستە ئەگەر تەنیا یەک هەفتە عەفرین ئاسا بەرگریمان کردبا، معادلە سیاسییەکانی هەرێمەکە گۆڕانی بەسەر دەهات و لەوانەیە ئێستا خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ بووین. ئاشکراشە بەغدا ملهوڕە و بێجگە لە زمانی تەهدید و مەنتیقی هێز لەهیچ تێناگەت. لە هەنبانەبۆرینەی حوکمرانانی بەغدا، وشەکانی هەڤژینی، دیموکراسی، لێبوردەیی و مافی مرۆڤ بوونی نیە و سەدەیەک بەسە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستی یە.
چەندین مانگ لە کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبر تێپەڕیوە و لە پاش هەموو ئەو کارەساتانە هێشتا کورد لە دەرگای عەبادی دەدات و لێیان دەپاڕێتەوە بۆ مووچە. دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین کە لەم یارییە دا تەنێ عەبادی گەمەکەری سەرەکی نییە، بەڵکوو سەرجەم گروپە شیعەکان بە سەرکردایەتیی ئێرانەوە یارییەکی زۆر زیرەکانە دەکەن و تاهەنووکە باڵادەستن. ئەو سیاسەتەی ئێستا گرتوویانەتە بەر، سیاسەتی ملکەچکردن و داسەپاندنی شەڕی ئیرادەیە. سیاسەتی نەهێشتنی قەبارەی هەرێمی کوردستانە و گەڕانەوەی دەستکەوتەکانی کوردە بۆ دەورانی سەدام.
بۆیە پێویستە ئێمەش پێداچوونەوە بە خۆمان و سیاسەتی خۆمان بکەین لە ئاست بەغدا و ئەو بێ ڕێزییەی بەرامبەر بە گەلەکەمان دەکرێ بوەستێنین. چی گاڵتەجارییەکە، لە کاتێکدا ٥١٪ خاکی کوردستان داگیر کراوە، ٣ ساڵە بودجەی هەرێم بڕاوە و ڕۆژانە ماڵی کورد دەسووتێنن و دانیشتوانی ئاوارە دەکرێن و پرۆسەی تەعریب بە شێوازێکی پراگماتیکی دووبارە دەستی پێکردووەتەوە، هێشتا نوێنەرانمان لە بەغدان و ڕۆژانە ئیهانە دەکرێن. لەوە شوورەیی تر ئەوەیە ئامادەکاری دەکەین بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئێراق. ئەو ئێراقەی کە لەم چەند مانگە بە هەزاران کوردی ئاوارە کرد و بە سەدان ماڵی کوردی سووتاند و سەرقالی پرۆسەی تەعریبێکی ترە.
چی نەنگییەکە قەدەری ئەم وڵات و نیشتیمانە بە دەست هەندێ نەفام و خۆفرۆش بە لاڕێدا چوو و داهاتووی ئەم نیشتیمانەش گرێ دراوە بە بەغدا تاکو تەسلیم بە ئاغاکانی بەغدامان بکەنەوە. لە کاتێکدا تەنیا چەند هەنگاوێک لە سەربەخۆیی و ڕزگاریی یەکجارەکی دوور بووین. چی شوورەیی یە هەموومان قەدەری خۆمان داوەتە دەست عەبادی و بۆ مووچە لێی دەپاڕێینەوە. چەند بۆ تەسلیمبوون دەستمان بەرزتر کەین، زۆرتر مەرجمان بەسەر دا دەسەپێنن. چەند ئیرادەمان لاوازتر بێ، وێرانترمان دەکەن. بە داخەوە لە زەمەنێکدا دەژین کە مافی مرۆڤ و مافی گەلان تەنێ مەرەکەبی سەر کاغەزە و تەنیا مەنتیقی هێز لەم جیهانە کاریگەرە، بۆیە دەبینین سەرجەم وڵاتانی جیهان لە ئاست کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵات وا بێدەنگن.
بۆیە ئەم سووکایەتی یە بەسە و دەبێ کۆتایی بەم گاڵتەجارییەی مووچە و تەسلیمبوون بهێنین. دەبێ تەنیا پشت بە گەلی خۆمان و هێزی خۆمان ببەستین. کاتی ئەوە هاتووە خۆفرۆشان وەدەربنێن و لە چوارچێوەی بەرەیەکی یەکگرتوو بیر بکەینەوە و بە عەقل و مەنتیقەوە هەنگاو بنێین. کاتی ئەوە هاتووە تێکڕا کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی تر ئازاد بکەینەوە و ماڵەکەمان لە ئێراق جیا بکەینەوە، تەنیا نمونەی بەرخودانی پردێ و مەحمودیە و سەحێلا دەمانگەیەنێتە ئامانجە پیرۆزەکانمان کە خۆی لە سەربەخۆیی دەبینێتەوە.

 

© 2017 Hawler