شوبات 28, 2020

هه‌ڵوێست وه‌رگرن و بگه‌ڕێنه‌وه‌

كەریم قادر

نیازه‌كانی عێراق به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌مووان به‌‌ كورده‌ عێراقچیه‌كانه‌وه‌ش ئاشكرایه‌، كه‌ نایه‌وێت و ناخوازێت كێشه‌ كۆن و نوێكانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك له‌ ده‌ستوور هاتووه‌ چاره‌سه‌ر بكات، نه‌خاسمه‌ ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ده‌ربڕینێكی حه‌یده‌ر عه‌بادی بكرێت، كاتێك خوێندمانه‌وه‌، كه‌ وتووبووی: "هه‌رێمی كوردستان له‌ 1991ه‌وه‌ داگیركراوه‌." ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و خاڵه‌ی عێراق، به‌دوای داگیركردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌.
وێڕای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ته‌نگژه‌كان لالووته‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نایه‌ت،كه‌ ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌ردار و پاراستنی ژیانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی جاروبار بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت‌.
چاره‌سه‌ر چییه‌؟
ئه‌گه‌ر حكومڕانانی ئێستای عێراق گره‌و له‌سه‌ر گوشاره‌كانیان ده‌كه‌ن، كه‌ خزمه‌ت به‌ نیازه‌كانیان ده‌كات، له‌وه‌دا له‌ مێژوو نه‌شاره‌زان،‌ گه‌لی كوردستان دۆخی له‌وه‌ خراپتر و دژوارتری تێپه‌ڕاندووه‌، به‌تایبه‌تی رۆژانێك كه‌س له‌سه‌رو ماڵی خۆی دڵنیا نه‌بوو، به‌ڵام به‌ خۆراگری و سووربوون له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ مافه‌كان هه‌مووی تێپه‌ڕی.
ناكرێت ئه‌م دۆخه‌ هه‌روا بمێنێته‌وه‌، نۆره‌ی نوێنه‌رانی كوردستان له‌ عێراق هاتووه‌،‌ كه‌ وه‌ك پاڵپشتی بۆ هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رۆڵی خۆیان بگێڕن. نه‌خاسمه‌ ئه‌و كوردانه‌ی له‌ سه‌رده‌می رژێمه‌كانی پێشووتردا له‌ به‌غدا پۆستیان هه‌بوو، له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستان نوێنه‌ر نه‌بوون، به‌ڵكو "پیاوی رژێم" بوون. ئێستاش ئه‌و كوردانه‌ی له‌ به‌غدا پۆستیان هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌مان نازناویان به‌سه‌ردا نه‌سپێردرێ، پێویسته‌‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی خۆیان به‌رامبه‌ر ره‌فتاره‌كانی عێراق دژ به‌ خه‌ڵكی كوردستان رابگه‌یه‌نن،چیدیكه‌ هیچ پاساوێك دادی مانه‌وه‌ و به‌شداریكردنیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق نادات و نابێته‌ جێی قبوڵی گه‌لی كوردستان.

© 2017 Hawler