شوبات 28, 2020

سیامەند سیلکی

پێش حه‌وت ساڵ نه ‌که‌س باسی ڕیفراندومی ده‌کرد و نه ‌که‌س بیری له‌شتێکی له‌و شیوه‌یه‌ کردبوه‌وه‌ . بەڵام له‌ به‌رواری (31/7/2012) نوری مالکی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و کاتی ئێراق فه‌رمانده‌یی دیجله‌ی بۆ پارێزگای که‌رکووک و دیاله‌ پێکهێناو که‌سێک به‌ناوی عبدولئه‌میر زێدی کرایه‌ فه‌رمانده‌ی ئه‌و هێزه‌ . ئامانج له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ئه‌وه‌بوو به‌پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی سه‌د و چلی ده‌ستور و له‌ رێگای هێزه‌وه‌، کورد له‌ به‌رێوه‌بردن و ئیداره‌دانی که‌رکووک و ناوچه‌ کوردیه‌کانی پاریزگای دیاله‌ بێ به‌ش بکرێت و به‌یه‌کجاری بخرێنه‌وه‌ ژێر ده‌سەڵاتی به‌غدا . مالکی به‌بیانوی چه‌سپاندنی یاسا فه‌رمانی به‌و هێزانه‌ کرد به‌ره‌و که‌رکووک و داقوق و قه‌ره‌ته‌په‌ جوڵه‌ بکه‌ن ! ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایی هه‌وڵێکی جدی بوو، له‌لایان به‌غداوه‌ تا دووباره‌ و وه‌کو سه‌رده‌می سه‌دام سیاسه‌تی ته‌عریب کردن له‌و ناوچانه‌ جێبه‌جێ بکرێت. سه‌رۆک بارزانی وه‌کو سیاسه‌تڤانێکی وشیار و واقع بین و خاوه‌ن ئه‌زموون هه‌ر زوو هه‌ستی به‌و راستیه‌ کرد که‌ مالکی نیه‌تێکی خراپی له ‌دامه‌زراندنی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌دا هه‌یه‌. بۆیه‌ فه‌رمانی به ‌هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ کرد به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگا به‌و هێزانه‌ نه‌درێت بێنه‌ ناو که‌رکووک و ناوچه‌ کوردستانیه‌کان پارێزگای دیالە. وه‌کو ئاماده‌کاری بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی هه‌ر ده‌ست درێژیه‌ک له‌لایان سوپای ئێراقه‌وه‌ بۆ سه‌ر که‌رکووک هێزێکی زۆری پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ره‌وانه‌ی که‌رکووک کرا.
مالکی سور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له ‌رێگای هێزه‌وه‌ پیلانه‌که‌ی جێبه‌جی بکات. به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر رۆشنایی فه‌رمانه‌کانی سه‌رۆک بارزانیدا، سه‌نگه‌ره‌کانی خۆی قایمکرد و ئاماده‌بوو بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێکی چاوه‌ڕوانکراو. به‌هۆی ئه‌م ئاماده‌کاریانه‌وه‌ پیلانه‌که‌ی مالکی بۆ داگیرکردنه‌وه‌ی که‌رکووک و دووباره‌ ته‌عریبکردنه‌وه‌ی ناوچه‌که‌ ‌شکستی هێنا. سه‌رۆک بارزانی ئه‌و کات له ‌وتارێکی گرنگ و مێژوویدا رۆشنایی خسته‌ سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و کاتی ئێراق و ئه‌وه‌ی دووپاتکرده‌وه‌ که‌ مالکی به‌م سیاسه‌ته‌ هیچ واتایه‌کی بۆ شه‌راکه‌تی واقعی له‌به‌رێوه‌بردنی ئێراقی نۆێ دا نه‌هێشته‌وه‌، ده‌ستور پێشێل ده‌کات، ئێراق به‌ره‌و تاک ره‌وی و دکتاتوریه‌ت ده‌بات، خۆی له‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌و مافه‌ ده‌ستوریانه‌ ده‌دزێته‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندیان به‌کورد و کێشه‌ی کورده‌وه‌ هه‌یه‌.
هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ سه‌رۆک بارزانی داوای له‌لایه‌نه‌ ئێراقی و کوردستانی و هێزی هاوپه‌یمانان کرد، رێگری له‌و سیاسه‌ته‌ی مالکی بکه‌ن و رێگای پێ مه‌ده‌ن ئێراق به‌ره‌و هەڵدێر ببات. مخابن ئه‌و سیاسی و رۆشنبیره‌ کوردانه‌ی بۆ دژایه‌تیکردنی بارزانی هاتوونه‌ته‌ نێو کایه‌ی سیاسی و رۆشنبیری کوردستانی. به‌بێ گوێدانه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاکانی کورد و به‌بێ هه‌ستکردن به ‌به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئاست ئاینده‌ی کورد و له‌پیناو رازیکردنی دڵی مالکی و هاوبیره‌کانی. دژی ئه‌و هەڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ی سه‌رۆک بارزانی وه‌ستانه‌وه‌. به‌روونی و له‌ ڕێگای لێدوان و شیکردنه‌وه‌ نائا‌قڵانی و نالوژیکیه‌کانیان پاساویان بۆ سیاسه‌تی دژه‌ کوردانه‌ی مالکی و هه‌ره‌شە‌کانی عەبدولئەمیر زێدی بۆ داگیرکردنی که‌رکووک ده‌هێنایه‌وه. هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ ئه‌وه‌بوو قه‌ناعه‌ت به‌تاک و کومه‌ڵگای کوردستانی بێنن که‌ هه‌ڵوێستی سه‌رۆک بارزانی به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی مالکی په‌یوه‌ندی به‌ کورده‌وه‌ نیه ‌و کێشه‌ی شه‌خسیه‌ ! ئه‌م به‌ حساب سیاسی و رۆشنبیره‌ کوردانەی‌ که‌ سه‌ر به‌ گروپه‌که‌ی عه‌لی باپیر و نه‌وشیروان و به‌شێکی یه‌کێتی بوون (واته‌ هه‌مان ئه‌و تاقم و گروپانه‌ی له ‌مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندوم دا له ‌تاران و به‌غداو ئه‌نقه‌ره‌ زیاتر دژی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بوون). دوای ئه‌و رووداوه‌و بۆ زیاتر خۆشیرین کردن لای مالکی و هاورێ و هاوبیره‌کانی له ‌به‌غدا، به‌شێوه‌یه‌کی روونتر و فراوانتر دژایه‌تی خۆیان بۆ سه‌رۆک بارزانی راگه‌یاند و به‌رگریان له‌ سیاسه‌ته‌کانی مالکی و به‌غدا کرد که‌ دژی کورد به‌رێوه‌یان ده‌برد. به‌مه‌ش ده‌رفه‌تێکی باشتر بۆ مالکی و دواتر عه‌بادیش ره‌خسا تا ئاسانتر پیلانه‌کانیان دژی کورد جێبه‌جێ بکه‌ن. بۆ نمونه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌و هێزانه‌ له‌ دژایه‌تیکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاکانی کورد یارمه‌تیده‌ر بوو، بۆ ئه‌وه‌ی مالکی به ‌ئاسانی سیاسه‌تی برسیکردن دژی کورد جێبه‌جێ بکات. له‌ ئاست سیاسه‌تی نه‌وتی کوردستاندا له‌ عه‌ره‌ب عه‌ره‌بتر دژی ئه‌وه‌بوون کورد ته‌حه‌کوم به‌نه‌وتی کوردستانه‌وه‌ بکات ! له‌ هه‌مووشیان خراپتر و ماڵوێرانتر ئه‌وه‌بوو که‌ هه‌ڵوێستی ئه‌و سیاسی و رۆشنبیرانه‌ یارمه‌تیده‌ر بوو تا گروپه‌که‌ی شازده‌ی ئوکتوبه‌ر ئه‌و خیانه‌ته‌ مه‌زنه‌ ئه‌نجام بده‌ن و که‌رکووک راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی بکه‌ن. ئێستاش به‌هۆی هه‌ڵوێستی ئه‌و هیزانه‌وه‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاکانی کورد، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م عه‌بادیدا هه‌یه‌ تا درێژه‌ به ‌سیاسه‌تی برسیکردن دژی کوردستانیان بدات و خۆی له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بدزێته‌وه‌. ئاخر کاتێک به‌شێکی کورد له‌ به‌رده‌م عه‌بادیدا ده‌که‌وێته‌ سه‌رچۆک و پشتیوانی له ‌سیاسه‌تی دژه‌ کوردانه‌ی عه‌بادیه‌کان ده‌کات و داوای لێ ده‌که‌ن بودجه ‌و موچه‌ی کوردستان نه‌نێرن. ئه‌وه‌ چ ئه‌قڵێکه‌ قبوڵی ده‌کات به‌غدا بچێته‌ ژێرباری داواکاریه‌کانی هه‌ولێر بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان ؟! بێ گومان هه‌م له‌ سه‌رده‌می مالکیداو هه‌میش له ‌سه‌رده‌می عه‌بادیدا ئه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌ که‌ ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ی به‌غدا به‌رێوەی‌ ده‌بات هێشتا ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌یه‌ که‌ کوردی ئه‌نفال و کوردستانی وێران ده‌کرد، بۆیه‌ کاتێک ئه‌مه‌ واقعی کورد بێت و به‌شیکی کورد له‌پیناو هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبی و تایبه‌تی پشت له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاکانی نه‌ته‌وه‌که‌یان ده‌کات، نه ‌عه‌بادی و نه ‌غه‌یری عه‌بادی نه‌ موچه‌ ده‌نیرێ و نه‌ ئاماده‌ ده‌بێت هیچ کێشه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ هه‌ولێر چاره‌سه‌ر بکات. واته‌ ئه‌وه‌ی بووەته‌ هۆی برسیکردنی خەڵکی کوردستان عه‌بادی و مالکی نین و هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ ڕیفراندۆمیشه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ سیاسیه‌کانی گۆران و عه‌لی باپیر و گروپه‌که‌ی لاهور و پاڤێڵ تاڵه‌بانین که‌ ده‌رفه‌تیان به‌ برسیکردنی کورد داوه‌.

© 2017 Hawler