کانونی یەکەم 13, 2019

غازی حەسەن

 

ماوەیەکی زۆرە باس لەئەرکی ڕاگەیاندنی بەرپرس و ڕاگەیاندێک کە لەدەرەوەی بەرپرسیاریەتییە دەکرێت، مەرج نییە بۆچوونەکانمان تاکو ئێستاس لەبارەی هەردوو جۆری ڕاگەیاندن فکر و لێکدانەوەی زانستی و یەکلاکەرەوە بن. ئەمەش پەیوەندی بەچەند هۆکارێکەوە هەیە لەوانە (نەبوونی پێناسەیەکی دروستی تایبەت بەڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان و ئەو دیاردانەی وەکو کێشە سەیر دەکرێن، ئەوانەی باس لەکێشەکان و دیاریکردنی ئەرکی ڕاگەیاندن دەکەن، یان خۆیان بەرێوەبەری ڕاگەیاندنەکانن، یان کەسانێکن هێشتا باش لەئەرکی زانستی و کۆمەڵایەتی و گوتاری ڕاگەیاندن بەشێوەیەکی ورد و قووڵی پیشەیی نەگەیشتوون.
ئەرکی ڕاگەیاندن (پەیوەندیکردنە) بەجەماوەر و وەرگرەکان، لەپێناو ئەم ئەرکەش هەر دەزگایەک و کەناڵێکی ڕاگەیاندن خاوەنی گوتاری تایبەت بەخۆیەتی، لەنێو هەر گوتارێكیشدا (مەبەست و پەیام و خواست و شێواز و کەرەستەکانی پێکهێنانی گوتارەکە) هەیە، ئامانج بەدیهێنانی کردەی کارتێکردن و کالێکردنە. هەموو ئەمانەش لەڕێگەی زمان و شێواز و ڕێبازی کارکردن بەرجەستە دەبێت.
ڕاگەیاندن دەیەوێت زانیاری بەوەرگرەکانی بگەیەنێت، هەر کاتێک ڕۆژنامەنووس، یان خودی دەزگاکە خۆی کردە بەشێک لەهەواڵ و مەبەستی نێو دەقە بڵاوکراوەکە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نێوەڕۆکی زانیارییەکە دروست دەبێت، چونکە ڕۆژنامەنووسەکە و دەزگاکە دەبنە بەشێک لەبەلارێدابردنی زانیاری و نێوەڕۆک و پەیامی ڕووداوە هەواڵەکە، یان هەندێک هەواڵ و ڕاپۆرت و وێنە بێ لێوردبوونەوە بڵاودەکەنەوە کەدەبنە سەرچاوە بۆ شێواندنی سەرچاوە ڕاستەقینەکانی ڕووداوەکان، مانشێتی گەورەی نادروست هەڵدەبژێرن، کە تەنیا ئامانجیان وروژاندن و ئاژاوەیە. هیچ پەیوەندییەکی ڕاستگۆیانە و متمانەدار لەنێوان سەرچاوەکانی هەواڵ و خودی دەزگای ڕاگەیاندنەکە، یان ڕۆژنامەنووسەکە نییە.
لێرەدا دوولایەن بەرپرسن لەشێواندن و دوورخستنەوەی ڕاگەیاندن لەئەرک و بەرپرسیاریەتی (یەکەمیان بەرپرس و سەرچاوەی زانیارییەکانە)، ئەوی دیکەشیان (خودی ڕاگەیاندنە). ئەم بەرپرسیاریەتییە بۆ پەیوەندی ساردوسڕ و بێ متمانەیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەگەڕێتەوە.
هەندێکجاریش ڕاگەیاندن دەسەڵاتەکانی خۆی لەسنووری چاودێری و ڕەخنەگرتن فراوانتر دەبینێت، خۆی لێ دەبێتە دەسەڵاتێکی جێبەجێکار، یان وەکو بەشێک لەململانێ و ڕکابەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ناوچەگەرییەکانەوە خۆی سڕ و خاو دەکاتەوە، بەڕق و گیانی تۆڵەکردنەوە کار لەسەر وروژاندن و دەستکاری زانیارییەکان و شێوازی خراپی بڵاوکردنەوەی ڕووداوەکانیش دەکات.
لەمانەش خراپتر دزینی هەواڵ و ڕاپۆرت و زانیاریی و دەستکاری دەق و زانیارییەکانە، ئەمەش لەڕێگەی (وەرگێران، یان وەرگرتن، یان ئاماژەنەکردن بەسەرچاوە سەرەکییە شەرعییەکە) ڕوودەدات، بێگومان ئەمەیان تەنیا پەیوەندی بەلایەنگیری ئایدیۆلۆجی و پاڵپشتی لەکێشەکان و بوونە بەشێک لەڕووداوەکان و خۆبەخاوەن پیشاندانی گرفتەکان نییە، بەلکو ئەمە گەندەڵکارییە، واتە لەم دۆخەدا ڕاگەیاندن دەبێتە سەرچاوەیەکی مەترسیداری گەندەڵکارکاری لەبڵاوکردنەوەی زانیاری. بێگومان هەندێک پاساو بە(ئازادی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی) دەهێننەوە، هەندێکیش پاساو بەوە دەهێننەوە، کە ئەمە تەنیا (قسەکردنە و وشەیە)، وشەش ئازادە و هیچ شتێکی خراپ دروس ناکات و کاریگەری نییە. بەپێچەوانەی ئەم گوتارە پاساودارەە قسەکانی نێو شاشە و وشەکانی نیو مانشێتەکان دەیان کردەی (هاندان و فریودان و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئاگاداری و فەرمان و ڕیکلام و وروژاندن و بڕیار و جووڵاندنی هەست و سۆز و پێکهێنانی ڕای گشتی و. تاد) دروست دەکەن. هەر قسەیە دەبێتە کار، کورد دەمێکە کردەی بەکارهێنانی خراپی زمانی بە(فیتنەگێڕی) وەسف کردووە. چونکە هەر دەقە دەبێتە کردە و کردەوەیەکی لێ پەیدا دەبێت.
کەسانێک پێیان وایە گەندەڵی هەر تەنیا لفرکردنی پارە و بەکارهێنانی خراپی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی کەسی و دەستبەسەر داگرتنی پڕۆژە گشتیەکان و بەکارهێنانی سامانی گشتی و ڕۆتین و بەرتیل و ڕووتاندنەوەی هاووڵاتییە. نەخێر گەندەڵی هەواڵ و زانیارییەکانی نێو ڕاگەیاندنیش هەیە، گەندەڵی لەلایەنگیری هەواڵ و خراپ بەکارهێنانی زمان و دەستکاری زانیاری و خۆکردنە بەشێک لەڕووداوەکان و ڕق بڵاوکردنەوەش هەیە، گەندەڵی ڕاگەیاندنیش سەرتاپای کۆمەڵگە دەگرێتەوە. ئەگەر دەتەوێت بزانیت ڕۆژنامەنووسی گەندەڵیش کێیە، پێویستە یاسا دار هەڵبڕێت و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش پیشە و ئەرک و کاری ڕۆژنامەنووسی پێناسە بکانەوە.

© 2017 Hawler