کانونی یەکەم 13, 2019

ژینگەی خاوێن و مرۆڤی ناخاوێن!

غازی حەسەن

 

لەهەرێمی کوردستاندا پرۆسەیەکی هوشیاری گرنگ لەپێناو پاراستنی ژینگە و جوانڕاگرتنی ژینگە و پەرەپێدانی سروشت دەستی پێکردووە. تەنیا داوا دەکرێت ژینگە پارێزی بکرێتە بەشێک لەپرۆگرامی پەروەردە، بۆ ئەوەی تاکی کوردستانی و هاووڵاتیان وەکو بەشێک لەمەعریفە و ڕەوشت و نەریتی کۆمەڵایەتیش بایەخ بەژینگە و گرنگی و کاریگەرییەکانی لەپێناو ژیانێکی ئاسودە و باڵا بدەن.
لەتەک ئەوەشدا پرۆسەیەکی دیکەی نەشیاو، قێزەوەن و دڕندانە لەنێو کۆمەڵگە ڕۆژ بەرڕۆژ لەپەرەسەندنە، ئەویش کوشتنی مرۆڤە لەڕووی جەستەیی و دەروونی و رۆحییەوە. دیاردەی خۆکوشتن، کە پەیوەستە بەباری کۆمەڵایەتی – ئابووری (بێکاری، بێ ئومێدی، ڕەشبینی و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و دۆزی شەرەف و . تاد) لەزۆربوونە.
دیاردەیی توڕەیی و هەڵچوون، کە دەبێتە مایەی (شەڕ و تۆڵەکردنەوە و ڕەتکردنەوەی یەکتر و لەدەستدانی عەقڵ و لۆژیک و ئاژاوە و ڕکابەری بێ بنەما و ڕقلێبوونەوە و گرفتی سیاسی و قوڵکردنەوەی پتری ناکۆکییەکان و.. تاد) ئاژاوە بەرهەم دێنێت. بێگومان توڕەیی لەئەنجامی نەبوونی نەریتی (لێبوردن و لێخۆشبوون و دانبەخۆداگرتن) دێت. وای لێهاتووە، لەئەنجامی فلاش لایت و تێپەڕین لەسەیارەی دیکە و هۆڕین خەڵکانێک یەکتر بکوژن. ئای، کە ئەمانە دیاردەیەکی ئێجگار قێزەوەن و پیس و هۆڤانەن.
گەندەڵی دیاردەیەکی هێزپڕوکێنە، باکگراوند و کەسایەتی مرۆڤ پیس دەکات. خیانەتی کۆمەڵایەتی، خیانەتی سیاسی پیسترین دیاردەی نێو کۆمەڵگان.
کەسانێک هەن، بێ گوێدان بە بەها زانستییەکان بڕوانامەی باڵا دەکڕن، بۆیان دەنووسرێت، کەسانێک هەن باش دەزانن بڕوانامەکە دەقێکی ساختەی ئامادەکراوی دوور لەخاوەنەکەی گفتوگۆ دەکات، کەچی چاو دەنوقێنێت و دەڵێت ئێمە مامەڵە لەگەڵ دەقێک دەکەین، کە لەبەر دەستمانە، نەک ئەو زانیاریانەی دەربارەی ئامادەکردن و ساختەکاری و قۆپییە و ئەو کەسانەی نامەکەیان بۆ فلان نووسیوە و ئامادەکردووە، دەکەین. ئەی ئەمە پیسی لەمەعریفە و مرۆڤ و ئاڵۆزبوونی ویژدان و ژەهرپێدانی زانست ناگەیەنێت.
کامەیان گرنگە بیناکردن و دروستکردنی مرۆڤێکی زانستی پاک و خاوەن ویژدان و نەرم و ئارام و خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێزی مەعریفی و ئاشتیخواز و متمانەدار و خاوێن لەهەموو ڕوێکەوە گرنگترە، یان ژینگەیەکی پاک و خاوێنی پڕ لەمرۆڤی پیس و دڕندە.
ژینگە لای من هەر تەنیا پاراستنی پاکی شەقامەکان و دارستان و نەکوشتنی باڵندە و گیانەوەرەکان نییە، بەلکو (پاکڕاگرتنی دائیرەکانی حکوومەتە لەچۆنیەتی بەڕێکردنی کاروباری هاووڵاتیان و نەهێشتنی بەرتیل و ڕووتاندنەوەی خەڵک و سەپاندنی سەروەریی یاسا و نەهێشتنی خیانەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی دیاردەی خۆکوشتن و کوشتنی مرۆڤەکانە لەبەر شتی زۆر زۆر نزم و بێ بەها و چاککردنی سیستەمی خوێندنی باڵا و پەروەردە و هاتووچۆ و بایەخدانە بەگیانی لێبوردەیی و پەرەپێدانی ڕۆشنبیری لێبوردن و داهێنان و گوێگترن و قبوڵکردنی یەکترە.
بەرهەمهێنانی ژینگەیەکی پاک، بێ مرۆڤی پاک، ژینگەیەکی ئارام و خاوێن و جوان، بێ کرداری جوان و ڕەوشتی بەرزی مرۆیانە کارێکی قورس دەبێت. پێویستە پێش پاککردنەوەی تەنەکەی خاشاک، مرۆڤەکان لەدڕندەیی و پیسی و توندڕەویی و رقلێبوونەوە و کاری قێزەوەنی تۆڵەکردنەوە و مرۆکوژی . تاد پاک بکرێنەوە. ئەمە دەبێتە سەرەتایەکی پتەو بۆ بەدیهێنانی ژینگەیەکی پاک و ژیانێکی ئارام و کۆمەڵگایەکی بەخشندە و بەرهەمهێنی پڕ لەمرۆڤ و مرۆڤایەتی. هەر گاڤێک مرۆڤایەتی هەبوو ژینگەش جوان و باخەکانمان پڕ دەبێت لەگوڵی هەمەجۆر و هەمەڕەنگ، بێ ئەوەی کەس بێ هۆکار بیان قرتێنێت و بیانکوژێت. ژینگەی پاک بەمرۆڤی پاک بەدی دێت.

© 2017 Hawler