ئەیلول 21, 2019

ئاریان فەرەج

 

ململانێی ناتەندروستی سیاسی بە مانای سڕینەوەی یەكدی و جێی یەكدی گرتنەوە و یەكدی دەرپەڕاندن لە كایەی سیاسیی كوردستاندا، دوای چەندین ساڵ و دواجار بە سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڵام بێ سڕینەوەی ئەوانی دی، یەكلایی بۆوە. پارتی لە ئیمتیحانێكی گەورەدا سەركەوت و بەڵام ئەوەی شكستی خوارد ركابەرەكانی نەبوون، بەڵكو عەقڵیەتی یەكدی سڕینەوە بوو كە گەیشت بە بێ هودەیی و مایەپوچیی خۆی ئیعلان كرد.
ئەو سەركەوتنەی پارتی ئاسان نەبوو، بە پشتی كۆڵنەدانی جەماوەرەكەی و بە پشتیوانیی خەڵكی كوردستان و لە مواجەهەی شاڵاوێكی توندی شەڕ و پیلان و چەواشەكاری و ئیرهابی فكری و گەلەكۆمەكێی هەمەلایەنەی ناوخۆیی و دەرەكی تا بڵێی تاقەت پڕوكێندا، بەدیهات.
لە ئەمڕۆدا، ئەركی پارتییەكی سەركەوتوو زۆر سەختترە لە پارتییەكی بەر هەڕەشە و فشار. وەك خۆهێشتنەوە و لەقنەبوونی بڕوای جەماوەرەكەی و لەدەستنەدانی پشتیوانیی خەڵك لە رێی دوور كەوتنەوە لە پۆپۆلیزم و شەعبەویەتی متمانەكوژی ماڵوێرانكەر، سەرپێخستنی كوردستانێكی یەكگرتووی پێگەبەهێز و روو لە گەشە و پێشكەوتن، دەسپێكردنەوەی تەنمیە و گەشەپێدانی پێش قەیران لە سەر هەموو ئاستەكان، ئیدارەدانێكی حەكیمانەی كایەی سیاسی و زەمینەی فرەیی و موشارەكە و پێكەوەیی، حوكمڕانییەكی رەشید و بەرژەوەندپارێزی خەڵك، پاراستنی ئارامی و پێگەی كوردستان لەناوچەیەكی پڕ فەوزا و ئاریشەدا، گێڕانەوەی متمانە لە نێوان خەڵك و دامەزراوە گشتییەكاندا كە چەواشەكاری درزی گەورەی تێدا دروست كردبوو، زۆر و زۆر كاری دیكە بە پلەی یەك لە چاوەڕوانی پارتیدان وەك حزبی یەكەمی سەركەوتووی متمانەپێدراو.
پارتی لەبەردەم ئیمتیحانێكی لە جاران گەورەتردایە، دەبێ بیسەلمێنێ شایستەی ئەو سەركەوتنەبوو كە بەدەستیهێنا و شایانی ئەو متمانە میلییەی بوو كە پێی بەخشرا. دەبێ وەك بەڵگە نەویست بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان بسەلمێت كە یەكلابونەوەی ململانێی سیاسی بە ساڵحی پارتی، لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و حوكمڕانیی، خێر و قازانجی گشتی ووڵاتی تێدابوو نەك بە تەنیا پارتییەكان. ئەمەش عەقلانییەتی سیاسی و جوهد و كار و لەخۆبوردوویەكی لە رادەبەدەری دەوێت.
پیرۆز بێ ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان

© 2017 Hawler