تشرینی دووەم 22, 2019

غازی حەسەن

 

دەق ئەو بەرهەمە گوتاراو، یان نووسراوەیە لەلایەن نێرەری هەر گوتارێک بەدیهێنراوە، هیچ مەرج نییە دەق کتێبێک، یان گوتارێک و وتار و بڕگەیەک بێت، هەندێکجار تەنیا حوکم و بڕیار و بیروڕایەک بەیەک وشە و دەربڕین و هێما و شتێکی ئاماژە بۆکراویش بێت، دەقێکی بەرهەمهێناوە. دەق هەیە ڕای گشتی و کۆمەڵگە دەجووڵێنێت و کاریگەری لەسەر هەستونەستی وەرگرەکانی دروست دەکات. دەقیش هەیە دۆگما و توندوتیژی و دەمارگیری و فشارخستنە سەر دەروونی خەڵک دروست دەکات.
دەقی ئاینی بەهۆی وابەستەبوون و لایەنی مێژوویی و ئیمانەوە زۆرترین کاریگەری خێرا و قووڵ و لەهەنێک کاتیشدا بڤە و توندی لەسەر وەرگرەکانی پێکهێناوە. بەکارهێنەرانی هەر دەقێک دەتوانن گوتارێکی ئەرێنی، یان نەرێنی دروست بکەن. دەتوانن گوتارێک دروست بکەن لەگەڵ سەردەم و پێداویستییەکانی قۆناغی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و عەقڵی هاوچەرخ بگونجێت، یان گوتارێک بەرهەم بهێنن تەنیا پشت بەگواستنەوە (نقل)ی دەقەکە بێ گونجان و ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و عەقڵی و ڕۆشنبیری و مادییەکان ببەستێت.
لەڕۆژانی جەژندا لەیەکێک لەگوتارەکانی ڕۆژی هەینی لەسعودییە پێشنوێژێکی ئەو وڵاتە گوتارێکی توندی دژی (کارکردنی ئافرەت) پێشکەش کردووە، پێی وایە بەپێی گەڕانەوە بۆ دەقێکی ئاینی کارکردنی ئافرەت دەبێتە هۆکار بۆ (مانگ گیران و هەڵکشان و داکشان و گۆڕانکارییە سروشتییەکان). ئەمەش هەر وەکو ئەوە وایە، کە دەڵێت زەوی لەسەر پشتی گایە و گاش لەسەر.. تاد.
لەمبارەوە نووسەری بەنێوبانگی سعودیا (توفیق ئەلسەیف) لەوتارێکی ڕەخنەگرانە لەڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت نووسیویەتی: " هەندێک حوکم گشتییە و پەیوەست نییە بەکات، هەندێکیش تایبەتن و پەیوەستن کات و شوێن و پەیوەستن بەبەرژەوەندی گشتی و گۆڕانکارییەکانەوە، لەوانە دۆخی ئابووری و سیاسی. ئەو قسانەی گوتاربێژی هەینی گوتیەتی، لەم چوارچێوە تایبەتییە دەرناچێت، هەر حوکم و بیروڕایەک بەکەلك نایەت ئەگەر ئەم چوارچێوەیە تێنەپەڕێت. ئینجا دەڵێت: پێویستە ئەو شتانە لەیەک بکەینەوە، کە پەیوەندیان بەبیروڕای زانستی لەئاین و سەرچاوە بێژراوەکانییەوە هەیە.، ئەمەش دەقێک، یان حوکمێک لەبارەی هەر مەسەلەیەکەوە بێت. ئەم جۆرە بیروڕایانە، کە بۆ فلان کەس و فلان سەرچاوە دەگێڕنرێنەوە، تووشی بارێکی نەخوازراومان دەکەن، بەتایبەتی ئەگەر مەسەلەکە پەیوەست بوو بەبیروڕایەکی نامەعقوڵ، یان هەستی عاقڵەکانی بریندار کرد".
هەموو دەقێک ئەگەر لەدەرەوەی عەقڵ و تەنیا بەشێوەی گواستنەوە مامەڵەی لەگەڵ کرا، دوور نییە خەڵک تووشی شلەژان و لێکدانەوەی جوار و کاردانەوەی توندیش بکات. گەلێک جاران ئەوانەی خۆیان بەشیکردنەوەی دەقێک (ئاینی، سیاسی، ئابووری و فکری ..) خەریک دەکەن، ئەگەر لەکردەی گواستنەوە (نقل) واتە بەکارهێنانی دەقەکە وەکو خۆی و بێ گونجان و ڕەچاوکردنی گۆڕانکاریی لە(کات و شوێن) نەکەن، دووچاری تەنگەنەفەسی و جۆرێک لەتوندی لەبیرکردنەوە و دوورکەوتەنە لەلۆژیک دەبن، کە ئەمانەش پێچەوانەی عەقڵن.
گوتاری سەردەمیانە پشت بەعەقڵ دەبەستێت، گوتاری ئاینی میانڕەو، یان گوتاری سیاسی مۆدێرن و دیموکرسیانە هەردەم پشت بەکرانەوە و خۆ گونجاندن و گونجاندنی دەق لەگەڵ پێشکەوتن و گەشەکردن و گۆڕانکارییەکان لە(کات و شوێن) دەبەستێت. ئەم ڕووداوی بەکارهێنانی دەقێک گوایە کارکردنی ئافرەتان دەبێتە هۆکار بۆ ڕوودوە سروشتییەکان، ئەنجامی گوتارێکی ئاینی خۆ نەگونجێنە لەگەڵ سەردەمەکە و لەڕۆژی جەژنی قوربان لەئابی ٢٠١٩ گوتراوە، دەقێکی ئاینی بەپێی بۆچوونی کەسەکەوە لەبارەی کارکردنی ئافرەتانەوە پێشکەش کراوە، دەکرێت دەقێکی وەها، کە پەیوەندی بەیاسا و باری ئابووری و سیاسی و مافی هاووڵاتی بوونەوە هەبێت، وەکو دەقێکی گواستراوە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، دەبێت ڕەچاوی عەقڵ و پێویستی و خواستەکانی سەردەمەکە بەشێوەیەکی بکرێت، پێویستە ڕەچاوکردنی گۆڕانکاری لەکات و شوێن بکرێت. بیروڕا و حوکم و بڕیارەکان وەکو دەقێکی بێ دەستکاری و گونجاندنیان، دەقێک بێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی بەکارنەهێرێت، ئەگینا دەبێتە سەرچاوەی بریندارکردنی فکر و هەستونەستی کەسانێکی عاقڵمەند، ئەم لەئەنجامدا بیرکردنەوەی توند بەرهەم دەهێنێت.
پشت بەستن بەعەقڵ لەشیکردنەوەی دەق، جا ئەم دەقە هەر جۆر و بیروڕا و سەرچاوەیەک بێت، دوورمان دەخاتەوە لەدۆگمایی و گواستنەوەی ڕەق و ڕووتی بیروڕاکان بێ ڕەچاوکردنی گۆڕانکاری لە(کات و شوێن) و کاریگەرییەکانی لەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لەنێو کۆمەڵگادا.

© 2017 Hawler