ئەیلول 21, 2019

رێبوار حەمەلاو شوانی

 

بەدرێژایی ساڵانی دامەزراندنی پارتی وەك قوتابخانەی كوردایەتی لەلایەن نەیاران و دوژمنە دەرەكی و ناوخۆییەكانەوە بە شێوەیەكی چڕ و یەك لە دوای یەك ڕووبەڕووی دەیان پیلان بووەتەوە، كە تا ئێستاش بەردەوامیی ھەیە. سەرەتای ھەوڵەكان لە رێی چەندین لایەنی دروستكراو بە ناو و تامی كوردی هەوڵی دژایەتیی بزاڤی رزگاریخوازی و خەباتی گەلی كوردستان داوە و زیانی زۆریان بە دۆزی كورد گەیاندووە بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان كە زیاتر لە حەوت دەیەیە، گشت تواناكانی خستۆتە گەڕ لە پێناو بەدیهێنانی مافەكانی كورد و كوردستان. دوژمنان و ناحەزانی پارتی و بارزانیی هەر لە دامەزراندنی ئەو پارتە كە قوتابخانە و چەتری كۆكەرەوەی گشت كوردستانیان بووە، دەیان جار هەوڵی لێكترازان و تیرۆر و كۆسپ و تەگەرەیان داوە، له‌ 16 ی ئابی 1946 به‌ڕابه‌رایه‌تی باوکی ڕووحی نه‌ته‌وه‌یی کورد (بارزانی نه‌مر) پارتی دیموکراتی کوردستان دامه‌زراو و دووباره‌ خه‌بات و تێکۆشان و دڵنیایی بۆ کوردستان ده‌ستی پێکردووه‌و ئه‌و خه‌باته‌ تاوه‌کو ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت بۆ یه‌ك چرکه‌ چییه‌ نکۆلی نه‌کردووه‌و به‌رده‌وامه . دوای کۆتایی هاتنی جه‌نگی جیهانی دووه‌م سیسته‌م و شیرازه‌یه‌کی نوێ بۆ گه‌لان به‌رپابوو و له‌م نێوه‌نده‌دا پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌ك هێمایه‌ك هاته‌نێو گۆڕه‌پانی سیاسی و کۆمەلایەتی کوردستانی نه‌ك به‌ته‌نیا بۆ باشوور، به‌ڵکو بۆ ته‌واوی ناوچه‌ و به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کرد ئه‌و پارته‌ له‌کاتی دامه‌زراندنیه‌وه‌ و تاوه‌کو ئه‌مڕۆ ببێته‌ خاوه‌ن گه‌وره‌ترین لایه‌نی سیاسی کوردستانی و هه‌موو لایه‌ك به‌دۆست و دووژمنه‌وه ئاماژه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ ده‌که‌ن، چونکه‌ مێژوو هه‌رده‌م ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ بۆ کورد ئه‌گه‌ر پارتی بوونی هه‌بێت،ئه‌وه‌ کورد بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت. کورد مافی خۆیه‌تی شانازی به‌مێژووی خۆی بکات، که‌پارتی به‌رده‌وام ڕابه‌رایه‌تی ده‌کات، چونکه‌ ڕۆڵه‌کانی پارتی هه‌میشه‌ هه‌ڵقوڵاویی نێو خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر بوونه‌ و ڕۆژێك له‌ڕۆژانیش به‌درێژایی 73 ساڵی ڕابردوو پارتی خۆی به‌دوور له‌ خەڵك و جه‌ماوه‌ری کورد نه‌زانیوه‌، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ خۆشی و ناخۆشییه‌کانی جه‌ماوه‌ر له‌هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان خۆی دۆزیوه‌ته‌وه، بەڵام پارتی هێزێكی لە بن نەهاتوویی كورد و كوردستانە ووەك چییاییەك بەرامبەر ئەو پیلان و لوغمانە خۆراگربووە، لە دوای شۆرشی مەزنی ئەیلوول، گەورەترین پیلانگێری ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی بەرامبەر پارتی و بارزانیی جێبەجێكرا و هەروەها لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان جارێكی تر بەهەمان شێوە گەورەترین پیلان گێری ئەنجامدرا .ئەگەر تەنها هەڵوەستەیەك لە سەر حكومرانی 28 ساڵی رابردوو بكەین بە باشی ئەو راستیانەمان بۆ ئاشكرا دەبێ‌ كە چۆن داگیركەران و كۆیلەكانیان بەتامی كوردی نەخشە شوومەكانیان ئەنجامداوە، بۆیە، هەر لەگەڵ لەدایكبوونی كیانێك بە ناوی ھەرێمی كوردستان، شەڕێكی نەخوازراو بەسەر ئەم ھەرێمە ساوایەدا سەپێندرا، سەرباری كێشە ناوخۆیی و گەمارۆكانی سەر ھەرێم و كشانەوەی گشت دام و دەزگا میرییەكان و نەبوونی سەرچاوەی داھاتی پێویست بۆ حكوومەتی ھەرێم، ناچار كرا بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە، قوربانییەكی زۆری گیانی و ماددی بدات و لەبری ئەوەی سەرقاڵی بنیاتنانی ھەرێم و بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی بێت، ناچار كرا شەڕی براكانی بكات، كە لە ھەموو ئاستەكاندا زیانی زۆری بە كوردستان گەیاند. دواتر بینیمان كە چۆن لەلایەن سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق نووری مالیكی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنی دیجلە پێك ھات و ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر ھەرێم و گەڕانەوەی كوردی دەكرد بۆ ھێڵی ٣٦ و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بڕی بۆ ھاندانی فەرمانبەران دژی حكوومەت و گشت مافە دەستوورییەكانی كوردی رەت كردەوە، بەڵام لەكۆتاییدا ئیرادەی گەل سەركەوت و نووری مالیكیش بوو بە ڕابردوو.هێرشی داعش بۆ عێراق و خۆبەدەستەوەدانی سێ فیرقەی سەربازیی سوپای عێراق لە مووسڵ بە گشت پێداویستییە سەربازییەكانەوە، لەكاتێكدا بوو، كە پاشماوەی ئەم ھێزانە گشت سەنگەرەكانیان چۆڵ كرد، ئەوەی ڕوونە، دەكرێ ئەم ھەنگاوە بە ئامادەكارییەك ھەژمار بكرێت بۆ ھێرشكردنە سەر ھەرێم، بەو ھۆكارەی كوردستانیان كردە دراوسێی داعش بە ھێزێكی مەزن لە رووی ژمارە و بوونی چەكی پێشكەوتوو، بەڵام لەكۆتاییدا بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و قارەمانیەتیی برا پێشمەرگەكان و خۆڕاگریی ئەم میلـلەتە، نەك ئەم دەوڵەتە تێك شكێنرا، بەڵكوو لەوەش زیاتر توانیمان گشت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم كۆنترۆڵ بكەین و ڕیفراندۆم بۆ سەلماندنی كوردستانیبوونی ئەم ناوچانە بکەین. لەدوای ڕێككەوتننامەی جەزائیر و نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ١٦ی ئۆكتۆبەر بە گەورەترین گەلەكۆمەکیی ھەرێمی و ناوخۆیی دادەنرێت بۆ كۆتاییھێنان بە ھەژموونی حكومەتی ھەرێم، ھێزە عێراقییەكان بە ڕێككەوتن لەگەڵ چەند سەركردەیەكی سەربازی و سیاسی، ھێرشێكی بەربڵاویان كردە سەر ھێزەكانی پێشمەرگە لە كەركووك و مەخموور و شنگال، كە پاشان گەمارۆیەكی توندی ئابووری و سیاسی خرایە سەر ھەرێم، ئەمەش ھاوكات بوو لەگەڵ ھەوڵەكانی ھەندێ ھێزی سیاسیی كوردستانی، بۆ دروستكردنی حكوومەتی رزگاریی نیشتمانی و دابەشكردنەوەی ھەرێم لەسەر بنەمای فیدڕاڵیی پارێزگاكان، ئەمەش ڕێك بە مانای لەناوبردنی ھەرێمی كوردستان بوو، بەڵام ئەم هەوڵەش نەزۆك بوو و شكستی خوارد. بەدرێژایی پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت، ھەموو ھەوڵێك درا بۆ پەكخستنی ئەم پرۆسەیە.

© 2017 Hawler