ئەیلول 21, 2019

چاکسازی، هەنگاوێک بەرەو "تاک"سازی...

پاڤین ڕەمەزان

 

لە فەلسەفەی حوکمڕانی تۆکمە و دامەزراودا، سێکتەرەکانی دەوڵەت وەڵامیان بۆ کەم و کوڕی و گرفتەکانی کۆمەڵ و تاک پێیە، بە میکانیزمی جیاواز. ئەو گرفت و کەم و کوڕییانەی ڕووبەڕووی هەمووان دەبێتەوە، ڕەنگە بریتی نەبێت لە کەم و کوڕی و کێشەی ژیانی تاک، "گەندەڵی" بە نمونە، گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و ..هتد. یەکێکە لە کێشە کۆیەکان، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانەی هەموو کەسێکدا گەندەڵی بوونی نیە و هەشبێت هەست پێ نەکراوە، کەواتە ئەی چی پێشکەشی تاک بکرێت، لە پێناو دووبارە بنیاتنانەوەی؟ کورد وەک مرۆڤ پێویستی بەوەیە دووبارە لە ژێر بنەمای زانستی و فەلسەفی و دەرونناسی مۆدێرن کاری لەسەر بکرێتەوە و ساز بکرێتەوە، ئەم ساز کردنەوەیەش بریتی دەبێت لە تاکسازی، پێم وایە ئێمە لە ڕووبەڕوونەوەی سایکۆلۆژی و دەرونی، بەرامبەر داگیرکەرانی خاکمان شکستمان هێناوە، بەهۆی ئەوەی داگیرکاری کوردستان ئیتر مەودایەکی مێژویی دوور و درێژی وەرگرت و دەوڵەتانی داگیر کەر سوودیان لەو درێژ بوونەوەیە لە داگیرکاتی وەرگرتووە بەو ئامانجەی سایکۆلۆژییەت و دەرونی تاکی کورد وا لێبکات، مرۆڤێکە ناتوانێت دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، وای ڕاهێناوە لە ڕێگای جۆراوجۆر و بە سیاسەتی نەرم وای تێگەیاندووە ناتوانێت بەشداری لە پێشکەوتنەکان بکات، ناتوانێت دامودەزگای مۆدێرن و چاکسازی هەبێت و دەبێت چاولێکەر بێت نەک هەنگاونەر، هەر ئەم سیاستەی بەرامبەر تاکی کورد گیراوەتە بەر، تاکێکی وای لێ بەرهەمهێنراوە، پێی ئاساییە لە شەو و ڕۆژێکدا، سەرجەم نەتەوە بێ مافەکانی جیهان بە مافەکانیان شاد بن و ببنە خاوەنی سەروەری و دەوڵەت، بەڵام پێکەنینی بە مافەکانی خۆی، بە سەروەری خۆی دێت و هەست بە نا ئومێدی دەکات بەرامبەری، ئەمەش بە بیانوی گەندەڵی و خراپی حوکمڕانی!، کەواتە، دەکرێت ئێمە بەو شیوەیە لە چاکسازی بڕوانین، ئەگەر مۆرکێکی ئیداری و داراییشی لەگەڵدا نەبێت، دەتوانرێت چاکسازییەکی مەعنەوی دروست، لە هەمبەر دەرونی شکاوی مرۆڤی کورد ئەنجامبدرێت و چیتر ڕێگری لە پەرە سەندنی ئەو جۆرە بیر کردنەوە و ڕوانینە بهێنێت کە کورد نەتەوەی نەزانین و دواکەوتویی و گەندەڵییە، کە خۆی لە راستیدا زیندوو ترین نەتەوەی ناوچەکە و بزوێنەری گۆڕانکارییەکان لە ڕووداوەکانی دوایی کوردە، دووبارە تاکسازی لە چوارچێوەی چاکسازی گشتیدا، دەکرێت لە ڕێگای ڕوئیا و تێڕوانینی کۆمەڵناسان و دەرونناسان دەستەیەکی هاوشێوە لەو پسپۆڕییانە چاودێری ڕووداوە کۆمەڵایەتی و ئەو بابەتانەی لە سۆشیال میدیای تاکی کورددا دەبێتە تۆپ، هەڵبسەنگێنرێت و لەو ڕێگایەوە شیکردنەوە بۆ داخوازییەکانی تاکی کورد و کێشەکانی بکرێت و بە ڕێگای گونجاو ئیستجابە بۆ ئەو داخوازییانە لە لایەن ئەو پسپۆڕانەوە بخرێتە ڕوو، زۆرجار ئەو نوکتە و قسە نەستەقانەی دەچنە نێو خەڵک و دەوترێتەوە دەم بە دەم، دەشێت بەشێک بێت لە کێشە گەورەکانی کۆمەڵگا کە چارسەر نەکراوە و خەڵکیش دەیکات بە بابەتی پێکەنین، بۆیە دەشێت کەسانی پسپۆڕ بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانە بکرێت و چی بکرێت.

© 2017 Hawler