کانونی یەکەم 13, 2019

عومەری چنگیانی

 

ئاوڕێك لە خۆشەویستیی ئیسلام بۆ منداڵ و گرنگیی ڕۆژانی پێش جەژنی قوربان

 

ئەمڕۆ 6ـی ئابی 2019 بەرانبەرە بە 5‌ـی زولحیجەی 1440ـی كۆچی و، بە پێوەرە شەرعییەكەی ئیسلام، ئێستا ئێمە لەو دە ڕۆژە بە پیرۆزدانراوەی دوا مانگی ساڵی كۆچیداین كە تایبەتمەندیی خۆیی هەیە لای مسوڵمانان، هەربۆیە لە پەنجاودووهەمین گوتاری سەردوانگەی "مزگەوتی خەدیجە كوبرا" كە لە 1/12/1440 بەرانبەر بە 2/8/2019 هەفتەی ڕابردوو ئاراستەمان كرد، تیشكمان خستە سەر ئەو بابەتە و ئاوڕدانەوە لە "چەپكێ‌ لە گوڵزاری، منداڵخۆشەویستیی پێغەمبەر- دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – "1" و كردمانە توێشووی هەر دوو گوتارەكەمان، كە ئەمەیان خواستی ڕاگەیێنراوی ئەوقافی كوردستان بوو.
چەند نموونەیەك لە خۆشەویستیی پێغەمبەری ئیسلام – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – بۆ منداڵ:
1/ دایكی قەیسی كچی میحسەن كوڕێكی شیرەخۆرەی خۆی هێنا بۆلای پێغەمبەر - دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – و ئەویش داینا لەكۆشی خۆیدا، منداڵەكەیش میزی كرد بە كراسەكەی پێغەمبەردا؛ پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، داوای كەمێك ئاویكرد و پرژاندی بە كراسەكەیدا و نەیشۆرد. "2"
2/ ئەنەسی كوڕی مالیك – خوای لێ ڕازی بێت – لە پێغەمبەرەوە - دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – بۆمان دەگێڕێتەوە كە فەرموویەتی: "گەلێ‌ جاری وا دەبێت کە قامەت دادەبەستم بەو نیازەوەیە نوێژێکی درێژ بکەم و قورئانی زۆری تێدا بخوێنم، بەڵام كە گوێم لە گریانی منداڵێك دەبێت، ئیتر كورتی دەكەمەوە، چونكە دەزانم دڵی داكی چەندە پەیوەستە بەمنداڵەكەیەوە."3"
3/ جارێكیان پێغەمبەر - دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت - نوێژی دەكرد و لە نوێژەكەدا ئومامەی باوەش دەكرد، كە كیژۆڵەیەكی كچەزای بوو، لە هەندێ‌ سەرچاوەی تردا دەفەرمێت: لەكاتی ركوعدا دایدەنا و كە هەڵدەستایەوە دەیگرتە باوەشەوە "4".داخۆ ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ شتی وابكەین، خەڵكوخوا چمان پێ‌ بڵێن؟
4/ "ئافرەتێك، كە دوومنداڵی پێ بوو، هاتە لای عایشەی خێزانی پێغەمبەر - دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت - و عایشەیش – خوای لێ ڕازی بێت - سێ‌ دەنك خورمای دایە، ئەویش هەرمنداڵەی دانەیەكی دایە و دانەیەكی بۆخۆی دانا، منداڵەكان هەر زوو بەشەکەی خۆیان خوارد و دایكەكەیش دانەكەی خۆی كردە دووكوتەوە و هەریەكەیان لەتێكی دانێ‌! دوایی عایشە – خوای لێ ڕازی بێت - ئەم باسەی گێڕایەوە بۆ پێغەمبەر - دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت - ئەویش فەرمووی: جا كەی جێگەی سەرسوڕمانە مەگەرنازانی، كە خوای گەورە بەهۆی بەزەیی هاتنەوەی ئەوژنە بەدوومنداڵەكەیدا، لێی خۆشبوو؟!""5"
5/ كابرایەكی دەشتەكی هاتەلای پێغەمبەر - دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت - لێی پرسی: ئەرێ‌ ئێوە منداڵ ماچ دەكەن؟ ئەویش فەرمووی: جا من دەستەڵاتم چیە كە خوا بەزەیی لەدڵی ئێوەدا هەڵگرتوە!"6"
هەندێك لە ئادابی ڕۆژی عەرەفە و جەژن و قوربانی و كورتە باسێكی سێ جۆر خوا پەرستی:
یەكەم: ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە:
ئەمساڵ نۆمینەی حاجیان ــ ئەوڕۆژە كە نۆی زیلحیجەیە و حاجیانمان تیایدا تا دوای بانگی شێوان، لە عەرەفە دەبن ـ دەكەوێتە شەممە10ی ئابی2019 و لە و ڕۆژەدا بۆ ئەوانەی لە حەج نەبن، بە رۆژوو بوون زۆر خێرە و ئیمامی موسلیم – ڕەحمەتی خوای لێبێت - بۆمانی دەگێڕێتەوە لە پێغەمبەرەوە – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت - كە فەرموویەتی: "وا چاوەڕوان دەكەم، كە خوای گەورە ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە بە پاككەرەوەی گوناهی دووساڵ دابنێت، ساڵێكی ڕابردە و ساڵێكی نەهاتوو"، هاوكات زۆرگوتنەوەی "الله اكبر" و "لا اله الا الله" و "الحمد لله"، كە ئیمامی بوخاری – ڕەحمەتی خوای لێبێت - دەفەرمێت: "عەبدوڵای كوڕی عومەر و ئەبوهورەیرە – خوایان لێ ڕازی بێت - لەم چەند ڕۆژەدا، دەچوونە نێو بازاڕ، دەنگیان بڵند دەكردەوە بە گوتنی ئەڵلاهو ئەکبەر و كە خەڵك گوێیان لەوان دەبوو، ئەوانیش لەدوویان دەگوتنەوە."

دووەم: هەندێك ئادابی جەژنی قوربان:
پێویستە بڕوادار بایەخێكی زۆربدات، بە بەسەركردنەوەی فەقیر و هەژار و بەتایبەتی خزم و بن دەست و، نەهێشتنی نەنگییەكان بدات لەگەڵ هەركەس كە لێك تۆران و دەنگ دابڕینێكیان لەنێواندا هەبووبێت.
هەركەس بەپێی توانای، هەوڵ بدات جەژنی پێوە دیاربێت، یارانی پێغەمبەر- دروود و سڵاوی خوا لەسەرهەموویان بێت - فەرموویانە: " پێغەمبەر- دروود و سڵاوی خوای لێ بێت - فەرمانی ئەوەی پێداین، كە لە دووجەژنەی ڕەمەزان وقورباندا، جوانترین بەرگمان بكەینە بەرمان و بە باشترین بۆنێك، كە هەمان بێت، خۆمان بۆنخۆش بكەین.
هاوكات باشوایە هەركەس بەپێی توانای خۆی، دڵی ماڵ و منداڵی خۆشبكات، كە زانایان دەفەرموون: "خۆشگوزەرانكردنی ماڵ و منداڵ، لە ڕۆژانی جەژندا بۆئەوەی خۆشییان پێبگات و دەروونیان ئاسوودەببێت و ماندوویەتی ڕۆژانی، پەرستنیان بحەوێتەوە، كارێكی شەرعییە.
سێیەم: ئادابی قوربانیكردن: خوای گەورە، لە سیوشەشەمین ئایەتی سوورەتی"حەج"ـدا دەفەرمێت:
"سەربڕینی ئاژەڵەكانی قوربانیمان كردووە بۆ ئێوە بە نیشانەی بە گەورەگرتنی كارە بەهادارەكانی خوا، كە ئەوقوربانیكردنەیش، سوود و قازانجی خۆتانی تێدایە". لێرەوە دەزانین، پێویستە بڕوادار لەوە ئاگاداربێت، كە قوربانیكردن سوونەتێكی زۆر گەورەی پێغەمبەرە - دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – و، كەراهەتی هەیە بۆ كەسێك بتوانێ بیكا و كەمتەرخەمی بكات، قوربانیكردنیش دەبێ بە "وشتر و مانگا و گا و چێل و بزن ومەڕ"بكرێ و، هەر یەك لەوانە ئەگەر یەكچاو بێ و یەكچاوییەكەی زۆردیاربێ، یان نەخۆش بێ و نەخۆشییەكەی پێوە دیاربێ، یان شەل بێت و شەلیەكەی پێیەوە دیار بێ، یان لاواز بێ و كاری كردبێتە سەر گۆشتەكەی، بۆ قوربانی نابن، كاتی قوربانیكردنیش لە دوای نوێژی جەژنی قوربانەوەیە، چونكە پێغەمبەر- دروود و سڵاوی خوای لێ بێت - دەفەرمێت: "یەكەم كارێك كە لەمڕۆماندا دەستی پێدەكەین، نوێژی جەژن دەكەین و پاشان دەگەڕێینەوە، قوربانییەكانمان سەردەبڕین و گەركەسێك ئەوها بكات، ئەوە وەك سوننەتی ئێمەی كردووە، ئەگەر كەسێكیش بەرلە نوێژی جەژن سەری بڕی بێت، ئەوە گۆشتێكە پێشكەشی كردووە بە ماڵی خۆی و پەیوەندی بە قوربانییەوە نییە". دەبێ لەوەیش ئاگاداربین، كە سوننەتە ئەوكەسەی قوربانییەكە دەكات، ئەگەر بتوانێت بۆخۆی سەری ببڕێت و (بسم الله والله اكبر) بكات و بەدەم بڵێت: خوایە ئەمە لەباتی خۆم، یان لەباتی ئەوكەسەی، كە بۆی سەردەبڕێت، ئەگەر بۆ خەڵكی دەكرد.

دابەشكردنی گۆشتی قوربانی:
سوننەت وایە، ئەوكەسەی، كە قوربانی دەكات، بۆخۆی لە قوربانییەكەی بخوات و بە دیاری بۆ خزم و دراوسێكانیشی بنێرێت و لێیشی بكات بە خێر و بینێرێت بۆ هەژاران، چونكە خوای گەورە لە بیست و هەشت هەمین ئایەتی سوورەتی"ئەلحەج"دا دەفەرمێت:
"ئێوە لە قوربانییەكانتان بخۆن و بەشی هەژاران و بێدەرەتانەكانیشی لێبدەن". لە سیوشەشەمین ئایەتی هەمان سوورەتیشدا دەفەرمێت: "ئێوە لە قوربانیەكانتان بخۆن و بەشی ئەو هەژارانەیشی لێبدەن، كە داوای دەكەن و بەشی ئەوانەیش، كە خۆیانتان نیشان دەدەن و ڕوویان نییە داوابكەن" هەندێك لە یاران دەچوون قوربانییەكانیان دەكردە سێ بەشەوە و بەشێكیان بۆخۆیان دادەنا و بەشێكیشیان دەكرد بە دیاری بۆ زەنگینەكان و بەشی سێیەمیشیان دەدا بە هەژاران، بەهیچ شێوەیەك، نابێ لە بریتی ماندووبوون و هەقدەس، بەشی قەسابەكەی لێبدرێت. "7"

پەراوێز
"1"چەپكێ‌ لە گوڵزاری، منداڵویستیی پێغەمبەر- دروود و سڵاوی خوای لێ بێت –بۆبەردەم ویژدانی منداڵكوژە كان؛ ناونیشانی ئەو نووسینەمە كە لە ژمارە1592 و ژمارە 1620 لە 16/10/2004 و 13ی/11/2004دا لە ڕۆژنامەی "خەبات"دا بە دوو بەش بڵاوم كردووەتەوە.
"2" أخرجه البخاری، رقمه223".
"3" صحیح إبن ماجە/ج1/رقمه815
"4"أخرجه البخاری رقمه 516
"5"صحیح الادب المفرد/بخاری رقمه66
"6"صحیح الأدب المفرد/بخاری رقمه67
"7"ئەم بابەتە بیرهێنانەوەی زنجیرە نەوەدی گوڵخەرمانەكەمان بوو كە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2677 لاپەڕە 17 سێشەممە 29ـی ئابی 2017 بڵاومان كردووەتەوە.

© 2017 Hawler