شوبات 28, 2020

فەیسەڵ دەباغ

* بایەخی سوریا بەر لە شەڕی ناوخۆ لەوە دابوو كە ئەو وڵاتە ئەمنیەتی رۆژهەڵاتی ئیسرائیلی دەپاراست. بەڵام پاش ئەو شەڕە بایەخەكەی بوو بە دوو: ئەمنیەتی ئیسرائیل و دۆخی كورد .
یەكەمیان وادیارە ئەركێكی تەواوی ئەمریكا بێ و دووەمیشیان ئەركێكی هاوبەشی توركیاو عیراق و ئێران و سوریا .
ئەمریكا هەولأ دەدات سنووری سوریا لەگەلأ ئیسرائیل كۆنترۆل بكات و ئێستاش زۆربەی ناوچە نەوتییەكانی ئەو وڵاتە لە ژێر دەستدایە .
خەمی ئێران وەك پێشوو كۆنترۆڵكردنی ئەو شوێنانەیە كە دەیگەیەنێتە دەریای ناوەڕاست .كورد هیچی بەر ناكەوێ و روسیاش سوریا بە ناوچەیەكی پڕ بایەخی خۆی دەزانێ و خەمی توركیش ئەوەیە كورد بوونی لە رەققە و شوێنی دیكە نەبێ ..!!
* بەڵێنەكانی حكومەتی بەغدا بە دووركەوتنەوە لە تایفییەت و پاشكۆیەتی و هێنانەدی یەكسانییەتی تەواو لە نێو پێكهاتەكانی عیراقدا بەتایبەتی عەرەب و كورد هیچیان جێبەجێ نەكران.
بەغدا خەریكی پیلانێكە دژ بە هەرێمی كوردستان ئەویش بە هەماهەنگی لە گەلأ هەندێ لایەنی كوردی كە سەر بە ئێرانن بۆ ئەوەی درێژە بە ئابڵوقەدانی كوردستان بدرێ تا دوای هەڵبژاردنەكانی عیراق كە بڕیار وایە لە 12/5 ئەنجام بدرێ .
مەبەستی ئەو پیلانە زیادكردنی كورسییەكانی ئەو لایەنە كوردییانەیە لە رێی سوود وەرگرتن لە دۆخی خراپی ئابووری هەرێمی كوردستان و ئاتاجی فەرمانبەران ..!!
ئەو لایەنانە پارەیەكی باشیان لە عەبادی وەرگرتووە و رۆژانەش بۆ كڕینی دەنگ بە كاری دێنن ..!!
* حكومەتی داهاتووی عیراق حكومەتێكی زۆرینەی سیاسی دەبێ دوور لە تەوافوقی سیاسی .
ناكۆكییەكانی نێوان پێكهاتە شیعییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە حكومەتی داهاتوو لە لایەن هاوپەیمانییەكی براوەی شیعی و قەوارە براوەكانی سوننە و چەند لایەنێكی كوردی پێك دێت كە ئەمەش هەنگاوێكی ترسناكە بۆ سەر تەواوی پرۆسەی سیاسی .
عەبادی كاتێ پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت كۆتایی بەو تەوافوقە سیاسییە كرد كە پێشتر پیادە دەكراو وەك زۆرینەی سیاسی دەستی بە كار كرد .
پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە مەترسییەكی گەورەیە بۆ كورد و مەترسییەكانیشی لەو مەترسییانە گەورەترە كە پاش ریفراندۆم عەبادی لە بەردەم هەرێمدا دروستی كرد .
كاتێ ئەو حكومەتە پێك دێت و كوردیش بەو پەرتەوازەییەی ئێستا دەمینێتەوە زیانێكی زۆری پێدەگات، بەتایبەتی هەموو هەوڵەكانی عەبادی بۆ ئەوەیە هەرێمی كوردستان بسرێتەوە .
كە واتە لەو حالەتەدا كورد وەكو كەمینە دەبێ و ئەو كاتیش لە دوو بژاردە زیاتر هیچی دیكەی لە بەردەم نامینێ، یان ئەوەتا یەك دەگرن و ئۆپۆزسیۆنێكی بە هێز پێك دێنن، یانیش لە پرۆسە سیاسییەكە دەكشێتەوە .گرنگ ئەوەیە پێكەوە بڕیار بدات .
* خۆپیشاندانەكانی ئەمرۆی ئێران جیاوازی هەیە لەگەلأ خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2009، كە ئەمەش لە هەڵسوكەوتی دەسەڵاتی ئێراندا دیارە.
لە 2009 بە هێز رووبەرووی خۆپیشاندەران بۆوە و بە هۆی هێزی پاسدارانەوە سەركوت كران و سەركردەكانیشیان دەستبەسەركران وەك موسەوی و كەروبی و محەمەد خاتەمی، مورشیدی باڵاش خامەنەئی هیچ بایەخێكی بەو جولەیە نەدا .
بەڵام ئەمجارە دۆخەكە جیاوازە، هیچ لەهجەیەكی توند بە كار نەهات، بەتایبەتی لەهجەی مورشیدی باڵا، تەنیا دوژمنانی تۆمەتبار كرد كە دەستیان لە خۆپیشاندانەكاندا هەیە و گوایە چەند شتێكی پێیە كە لە دەرفەتێكی نزیكدا بڵاویان دەكاتەوە، وەك ئەوەی بڵێ ( لە دەممدا ئاو هەیە ) .
ئەوەی دەمەوێ بیڵێم : ئەوەی رووی دا، لە ناو باڵەكانی خودی دەسەڵات رووی دا، بێ لایەن كردنی پاسدارانیش جێی پرسیارە ..!!
* لە كۆنگرەی كوێتدا، توركیا (5) ملیار دۆلاری بە عیراق دا .
ئەم هەنگاوە لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە لە بەرژەوەندی توركیا دایە . ئەو وڵاتە سەرەرای گێرانەوەی ئەو (5) ملیارە (35) ملیاری تریش دەست دەكەوێ .
قەوارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عیراق و توركیا نزیكەی (12) ملیار دۆلارە، ئەمە لە كاتێكدا قەوارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عیراق و گشت وڵاتە عەرەبییەكاندا لە (2،5) ملیار دۆلار تێپەر ناكات.
توركیا گەورەترین هاوبەشە لە كۆمپانیاكانی ( عەمالە ) لە عیراقدا كە ژمارەیان دەگاتە ( 400 ) كۆمپانیای گەورە كە لە بواری نەوت و وزەدا كار دەكەن . بۆیە كاتێ توركیا پاڵپشتی كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عیراق دەكات بە (5) ملیار دۆلار، دەستكەوتەكەی لەماوەی ( 5 ) ساڵدا لە (40 ) ملیار دۆلار كەمتر نەبێ .
سەبارەت بە ئامانجی سیاسی توركیاش لە یارمەتیدانی عیراقدا، توركیا ئارەزوویەتی شكۆمەندی دەوڵەتی عوسمانی بگەرێنێتەوە، هەروا هەوڵدەدات فشار بخاتە سەر سعودیە و میسر و ئەمریكا لە رێی عیراقەوە .
توركیا پێی وایە مانەوەی ئەو حكومەتەی ئێستا لە بەرژەوەندی ئەو دایە، هەوڵیش دەدات لە میسر و سعودیە دووری بخاتەوە و خۆشحاڵیشە بە هەڵوێستی حكومەتی بەغدا لە دژایەتیكردنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و كۆتایی هێنان بە خەونی كورد ..!!
* بە هەڵە ناویان لێنا كۆماری ئیسلامی و بانگەشەی ئەوەیان كرد كە ئامانجیان پاراستنی ئیسلامە.
هەندێ خەڵكی سادە باوەڕیان پێكرد و سەلمان روشدیش ( ئایات شەیتانیە) ی نووسی و حوكمی لە سێدارەدانی بۆ دەركراو خوێنیشی حەلال كرد .
تا ئەمرۆ ئەو پیاوە لە ژیاندا ماوە و عەلی عەبدوڵلا ساڵحیش لە ماوەی (24) كاژێردا كوژرا چونكە لێی هەڵگەرا .
سەبارەت بە ئیسرائیلیش كە هەموو رۆژێ دەیانگوت ئەوەی خراپە پێی دەكەن وا دەرنەچوو.
پەندێكی عەرەبی هەیە دەڵێ : (( بەرامبەر من شێرە و لە شەڕیشدا وشتر مورخه )) .
ئەوەندە بە دۆستە موسڵمانەكانیان مژولن ئەوەندە بە ئیسرائیل مژول نین، ئیسرائیلیان بەجێهێشت و سوریا و عیراق و یەمەنیان داگیركرد و لە دوا هەوڵیشیاندا ویستیان كوردستانیش وەك ئەو وڵاتانە بخەنە ژێر ركێفی خۆیانەوە بەڵام توركیا ئیستیعابی ئەو جولانەی نەكرد ..!!
* بێدەنگی ئێران پاش خستنی فرۆكەیەكی ئیسرائیلی لە سوریا، بەڵگەی ئەوەمان دەداتێ كە پەیوەندییەكی ژێر بە ژێر لە نێوان یاریزانەكان ( روسیا و ئەمریكا و ئیسرائیل و ئێران ) هەیە بۆ داخستنی ئەو فایلە .
بە راستی موغامەرەیەكی منداڵانە بوو كە بووە هۆی گەیاندنی زەرەر و زیانێكی زۆر بە ئێران و ئامانجە سەرەكییەكانیشی تێكدران .
دوو بەتارییەی SA5 وSA17ی ئێرانی تێكشكێندران كە روسیا پێی دابوو .
بە كورتی : ئەمە پەیامێكی ئیسرائیلی بوو بۆ ئێرانییەكان كە گەمەكردن بەو شێوەیە نرخەكەی زۆر زۆرگران دەبێ ..!!
* روسەكان یەك عادەتیان هەیە كە ئەویش چارەسەركردنی ترسە بە ترساندن و تۆقاندن، بەتایبەتی بەرامبەر ئەو گەلانەی كە هیچ دەسەڵات و هێزێكیان نییە وەك ئەوەی لە سوریا و ئۆكرانیا و نیمچە دورگەی قەرم روودەدات .
ئەمەش بە پشت بەستن بەو قسەیەی كە دەڵێ : (( دەردەكە بە هەمان دەرد چارەسەر بكە )) .
ئەویش بە سوود وەرگرتن لە لاوازی ئیدارەی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا باراك ئۆباما و دوو دڵی ئیدارەی نوێی سەرۆكی ئێستا دۆنالد ترامپ ..!!
* وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ریكس تیلرسون داوای كرد ئێران لە عیراق و یەمەن و سوریا و لوبنان بكشێتەوە، چونكە پێی وایە دەستێوەردانی لەو وڵاتانە نابێتە هۆی سەقامگیرییان كە ئەمەش قسەیەكی زۆر راستە .
پرسیار ئەوەیە : باشە چی دەبێ ئەگەر ئێران بە هەموو جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێ : ناكشێمەوە و لێشیان دەرناچم و بوونیشم لەو وڵاتانە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆمە .
ئایا لەو بارەدا روو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەكرێ بۆ ئەوەی فشاری بخاتە سەر تا هێزو میلیشیاكانی لەو وڵاتانە بكشێنێتەوە و ماوەشی پێبدرێ بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە ؟
* لە كۆنگرەی كوێتدا، تەنها یەك وڵات بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی عیراق نەكرد كە ئەویش ئێران بوو، ئەو وڵاتەی كە بەرپرسی یەكەمە لە تێكدانی رەوشی عیراق و فەشەلهێنان بە دەسەڵاتەكەی .
تاران مەبەستی كۆنترۆڵكردنیان، هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتی عیراقی لە یەك هەڵوەشاندەوە . سوپایەكی هاوتەریبی دروستكرد كە پێی دەگوترێ (حەشدی شەعبی) بۆ ئەوەی بەهەمان ئەركی حزبوڵلای لوبنانی هەڵبستێ .
خامەنەئی پشتگیری لە گروپە تایفییەكانی شیعەی عیراقی دەكات لە سەر حیسابی دەوڵەتی مەدەنی و قاسم سولەیمانیشی داناوە بۆ ئەوەی سەركردەكانی ئەو گروپە تایفییانە فێر بكات چۆن دامەزراوە سەربازییەكانیان بەرێوە ببەن و خۆیشی سەركردایەتی شەڕەكانیان بكات وەك پردێكیش بەكاریان بێنێ بۆ گەیشتن بە سوریا و لوبنان .
پرسیار ئەوەیە : عیراقییەكان چۆن دەتوانن بونیادی وڵاتەكەیان بنێن لە كاتێكدا میلیشیا چەكدارەكان و پاسدارانی ئێران دەستیان بە سەردا گرتووە ؟
* مەلایەكی تورك لە وتاری رۆژی هەینی دا (16/2 ) رایگەیاند : (( ئەگەر زگت بە مار و دووپشك بسوتێ، نابێ زگت بە كورد بسوتێ، ئەمانە نەوەی (جنۆكە)ن و لە رووی شەرعییەوە ئەركێكی پیرۆزە لە ناویان ببەین ))..!!
ئەردۆگانیش هەر وەكو ئەو مەلایە دەیەوێ كورد لە ناو ببات و لەدوا لێدوانیدا سەبارەت بە رێككەوتنی یەپەگە و رژێمی سوریا لە مەر عەفرینەوە رایگەیاند : (( ئەگەر هاتنی سوپای سوریا بۆ عەفرین بۆ لە ناوبردنی یەپەگە بێ، باشە، ئەگینا ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر ئۆپراسیۆنەكەی خۆمان و سووریشین لە سەر قڕكردنی ئەو هێزە )).
كەواتە توركیا نایەوێ كورد بوونی هەبێ هەتا لەو وڵاتانەی كە كوردستانیشیان بە سەر دابەشكراوە، واتە وڵاتی خۆیان، بەراستی كابرایەكی ئەحمەقە، ئەگەر ئەحمەق نەبێ خۆ نزیكەی (20) ملیۆن كورد لەو بەشەی كورستاندان كە ئەمرۆ بەشێكە لە وڵاتەكەی ..!!
ئەمە دووەمین جارە زاراوەی شەقە عوسمانییەكە بەكاردێنێ، ئیتر نازانێ شەقی زەمانە لە شەقیەكەی ئەو كاریگەرترە، ئەو شەقە زەمانەش ئینشائەڵلا شەقە كوردییەكە دەبێ .
* ویلایەتی لە لێدوانێكیدا گوتی : (( رێگە بە لیبرالەكان و مەدەنییەكان نادەین حوكمی عیراق بكەن)).
رەحیم پوریش ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی رۆشنبیری لە ئێران لە لێدوانێكیدا گوتی : (( ئێران سەددام حوسێنی لە سێدارەدا نەك ئەمریكییەكان ))، هەروا رایگەیاند ((5تا6 وڵاتی ناوچەكە خەریكە بە تەواوی دەكەونە ژێر دەسەڵاتی مورشیدی باڵا عەلی خامەنەئی پاش ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی واشنتۆن دەرچوون )) و ئەوەشی راگەیاند : (( كاتی ئەوە هاتووە ئیمپراتۆریەتی فارس لە ناوچەكەدا رابگەیێنین )).
ئەم لێدوانانە دەستێوەردانێكی زەقە لە كاروباری عیراق و پێچەوانەی ئەو دەستوورەیە كە لە ساڵی 2005 دەنگی پێدراوە .
پرسیار ئەوەیە : ئایا هەق نەبوو شیعەی عیراق بەر لە هەموو پێكهاتەكانی دیكەی عیراق ئیدانەی ئەم لێدوانانە بكەن ؟
ئەمە چەندین جارە عەلی ئەكبەر ویلایەتی و رەحیم پور لێدوانی وا بدەن كە بە هۆیانەوە نەك هەر ئیحراجی ئێران دەكەن، بەڵكو هاوپەیمانانی وڵاتەكەشیان لە عیراقدا ..!!
بۆیە پێویستە حكومەتی عیراق بێتە دەنگ و چیتر خۆی بەرامبەر ئەو جۆرە لێدوانانە بێدەنگ نەكات، ئەگەر بێدەنگی هەڵبژارد كە واتە ئەوەی دەگوترێ راستە ..!!
* هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق سەبارەت بە كورد شتێكی بێ مانایە، بەتایبەتی پاش ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەنگدانی 92،7% بۆ سەربەخۆیی و ئەو دژە رەفتارانەی كە لەلایەن حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵەوە دژ بە گەلی كوردستان پیادە كرا، كە دەڵێم بێ مانایە چونكە دۆخێكی خراپی نەفسی لە سەر هاووڵاتی كوردستانی بەجێهێشتووە و ئێستاش هاووڵاتیەكی زۆر دەڵێن چۆن پاش ریفراندۆم و دەنگدانمان بە سەربەخۆیی بچین و دەنگ بە پەرلەمانێك بدەین كە لایەنێكی دژ بوو؟
هەموو لایەنەكانی كوردستان كۆمەڵێ پاڵێوراویان بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەستنیشانكردووە و ناویشیان بڵاوكراوەتەوە .
پرسیاری ئێمە ئەوەیە : دەبێ ئەو لایەنانە لە سەر چ پێوەرێك ئەو پاڵێوراوانەیان دانا بێ ؟
پاڵێوراو هەیە ناتوانێ بە رێكوپێكی یەك رستە بە زمانی عەرەبی بنووسێ، پاڵێوراویش هەیە ئەمە سێیەمین جارە ناوی بخرێتە ناو پاڵێوراوانەوە، جارێكیان لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا و جارێكیشیان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، كە چی لە هەردووكیاندا نەیتوانی دەنگی پێویست بێنێ ..!! ئێستاش بۆ ئەنجومەنی نوێنەران..!!
ئەوەی لە لای من لە هەموو شتێك گرنكترە دەبوایە هەر یەك لەو پاڵێوراوانە بەڵێننامەیەكەیان لێ وەربگیرێ كە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا هیچ یەكێكیان دەستكاری لێووكەپوو پرچی خۆیان نەكەن، چونكە لەو خولەی ئێستا پەرلەمانتار هەبووە ئەوەندە خەریكی پرچ چاندن و بچووككردنی لێووكەپوو شتی تر بووە، ئەوەندە خەریكی كارەكەی نەبوو ..!! ((ولله فی خلقه شۆون)) .
* هەر كەس و لایەنێك بیەوێ چاكسازی لە هەرێمدا بكات پێویستە بەر لە هەر هەنگاوێك لە سەر كورسیەكەی خۆی دانیشێ و دەفتەرێك نەك كاغەزێك لە سەر مێزەكەی خۆی دابنێ و هەموو ئەو شتانە بنووسێ كە لە ماوەی بەرپرسیارێتی خۆیدا كردویەتی ودواتر زیرۆی بكات .
بە واتایەكی دیكە یەكەم جار دەبێ چاكسازییەكە لە خۆیەوە دەست پێ بكات، ئینجا بێتە سەر كەس و لایەنەكانی دیكە ..!!
لە داهاتوودا قسەیەكی زۆرم دەبێت لەسەر ئەم بابەتە.

© 2017 Hawler