تەمموز 18, 2019

كه‌ریم كاوه‌ ڕایه‌تی

 

هاووڵاتیان به‌‌ ئاستێكی به‌رزه‌وه‌ چاوه‌ڕوانیان هه‌یه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سڕور بارزانی چاكسازییه‌كان ببینن، و ڕاده‌ی چاوه‌ڕوانیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ به‌رزه‌ وه‌كو بڵێی چاوه‌ڕوانی عه‌سای سحری ده‌كه‌ن، له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ هاووڵاتیان به‌ گشتی به‌ هه‌موو ڕه‌نگه‌كانه‌وه‌ به‌ ئومێد و هیواوه‌ له‌و سەرکردەیە ده‌ڕوانن بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی و ڕیفۆڕمی ئیداری و دارایی گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات كه‌ له‌ ئاست داواكاری خه‌ڵك بێت. ئه‌م ئومێد و هیوایه‌ له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌؟ ئه‌زموونی چه‌ندین ساڵه‌ی هێمنی و ئارامی كوردستان كه‌ مەسرور بارزانی وه‌كو راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان لێی به‌رپرسیار بووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتووانه‌ توانیویانه‌ له‌ نێو ئاگری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و دۆزه‌خی عێراقدا ئارامی و ئاسایشێكی سه‌قامگیر دابین بكه‌ن بۆ هه‌رێمی كوردستان، و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر گوێبیستی كه‌سایه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ بوونه‌ كه‌ كه‌سێكی دادپه‌روه‌ر و دژه‌ گه‌نده‌ڵییه‌ و كاره‌كانی به‌ شێوه‌یه‌كی سیستماتیكی رێكوپێكن و كه‌سێكی خاوه‌ن بڕیاره‌ و له‌ بڕیارداندا حه‌كیمانه بڕیارده‌رده‌كات، ئه‌مانه‌ و چه‌ندانی تر هۆكاری هیوای خه‌ڵكن. بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ چاكسازی و ڕۆفۆڕمێكی ڕیشه‌یی ده‌ست پێ بكرێت كه‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كانی نێو حكومه‌ت بگرێته‌وه‌ له‌ بچوكترین تا گه‌وره‌ترین شت، چونكه‌ شته‌ بچوكه‌كانن كه‌ گه‌وره‌ ده‌بن و دواتر چاره‌سه‌ریان ئه‌سته‌م ده‌بێت. له‌ ئێستادا به‌ ئه‌ندازه‌ی مووچه‌ و بارودۆخی دارایی گرنگه‌ كه‌ چاكسازی له‌ كاروباری فه‌رمانگه‌كان و رۆتینیاتی بێ مانا و زۆردا بكرێت كه‌ خه‌ڵكی هه‌راسان كردووه‌، ئه‌و كاره‌ی كه‌ به‌ یه‌ك کاتژمێر ده‌توانرێت ئه‌نجام بدرێت چه‌ند رۆژ ده‌خایه‌نێت و ئه‌وه‌ی ڕۆژێكی پێویسته‌ به‌ هه‌فته‌ ناگاته‌ ئه‌نجام، و له‌ لایه‌كی تر هه‌ڵسوكه‌وتی به‌رپرسانی ئیداری له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا و به‌ به‌شێكی فه‌رمانبه‌رانیشه‌وه‌ بێزاركه‌ره‌ بۆ هاووڵاتیان له‌به‌ر شێوازی وه‌ڵامدانه‌وه‌ و رایی كردنی كاروباره‌كان. ده‌توانرێت بۆ چاره‌سه‌ری‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی گله‌یی و گازنده‌ی خه‌ڵك فه‌رمانگه‌یه‌كی چاودێری كارا راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ سه‌رۆك وه‌زیران دابمه‌زرێنرێت بۆ چاودێری كردنی فه‌رمانگه‌كانی میری به‌ گشتی، و دامه‌زراندنی سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی له‌ نێو فه‌رمانگه‌كان و نێوان فه‌رمانگه‌كاندا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتینیات و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تێكی باشتر به‌ هاووڵاتیانمان كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌ ماییه‌ی دڵخۆشیان. و پێویسته‌ هه‌نگاوه‌كان به‌ ئاراسته‌ی بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی بۆ هاووڵاتیان دیار و هه‌ست پێكراو بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وا ئه‌و ئومێد و هیوایه‌ی كه‌ هه‌یه‌ جێگه‌ی خۆی بگرێت و ئه‌و متمانه‌یه‌ پته‌وتر بێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م زۆرینه‌ی ئه‌و شتانه‌ی ئاماژه‌م پێ كردوون و زۆریتریش له‌ گشت سێكته‌ره‌كاندا له‌ خۆ ده‌گرێت و ئه‌و كارنامه‌یه‌ ته‌واوی ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه‌ی هاووڵاتیان له‌ خۆ ده‌گرێت بۆ هه‌بوونی ژیانێكی شایسته‌ و به‌ كوالێتیه‌كی به‌رزی خزمه‌تگوزاری و دادگه‌ری و شه‌فافیه‌ت و له‌ ناو بردنی گه‌نده‌ڵی، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وا هه‌موو چاوه‌ڕوانیه‌كانمان بێته‌دی و كاروباره‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی باش بڕۆنه ‌ڕێوه‌ ئه‌وا ده‌ێت هه‌موو هاووڵاتیان هاوكاری حكومه‌ت بن و خۆمان به‌ خاوه‌نی بزانین و هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی بكه‌ین، چونكه‌ زۆر جار ده‌بینین كه‌ خودی هاووڵاتی سه‌رپێچی و كاری نا ئاسایی و نا یاسایی ئه‌نجام ده‌دات كه‌ له‌ كاتێكدا خۆی له‌ پێشتردا به‌ ده‌نگی به‌رزه‌وه‌ ره‌خنه‌ و تێبینی هه‌بووه‌ له‌ سه‌ر هه‌مان شت كه‌ به‌رپرسێك یا كه‌سێكی تر كردویه‌تی، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ خۆمان سه‌ره‌تا له‌ خۆمانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین و ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕیمان هه‌یه‌ و وه‌كو هاووڵاتیه‌كی سوودبه‌خش بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان چاكسازی له‌ ره‌فتاره‌ نابه‌رپرسانه‌كانماندا‌ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری حكومه‌ت بین كه‌ ئه‌ویش به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ڵبستێت به‌ ته‌واوی، هه‌موومان چاوه‌ڕوانی سه‌ركه‌وتنه‌كانین.

© 2017 Hawler