ئەیلول 18, 2019

دوای متمانەدان بەحكوومەت، لەھەمووی گرنگتر ...

جەمال عەبدوڵا

 

• وا بڕیارە ئەمڕۆ چوار شەممە متمانە بەكابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بدرێت . دوای متمانەدان بەحكوومەت لەھەمووی گرنگتر چیە ؟ پێش ئەوەی باسی ھەر شتێك بكرێت كە دەبێت دوای متمانەدان ئەم حكوومەتە بیكات یان نەیكات، بەلای منەوە دوای متمانەدان بەحكوومەت و پێش ئەوەی حكوومەت دەست بۆ یەك ئیش ببات : -
• لەھەمووی گرنگتر ئەوەیە ھەموو ئەوانەی كە لەناو ئەم حكوومەتەدا پۆست و بەرپرسیارێتیان ھەیە ئەوە بزانن كە ھەموویان بەیەكەوە یەك تیمن و بەگیانی یەك تیم كار بكەن . لە تیمی یاریی تۆپی پێدا ئەگەر ھێرشبەر ھێرش نەبات، بەرگریكار بەرگری نەكات، گۆڵچی تۆپ نەگرێت، یاریكەری ناوەڕاست لەشوێنی خۆیدا نەبێت، ئینجا ھەموویان بەیەكەوە پابەند نەبن بە بنەماو یاساكانی یاری و ڕێنماییەكانی ڕاھێنەر و پابەندبوون بە فیكەی حەكەم، ھەمووگیانی تیمەكە دەبێت بە فاوڵ و پەناڵتی و پێدانی كارتی زەردوسوورو لە ئەنجامدا تیمەكە دەدۆڕێت نەك یەكێك یان چەند یاریكەرێك لە یاریكەرەكانی تیم، یەك میوزیكژەن لە تیمێكی میوزیكدا نەشاز بكات ھەموو تیمی میوزیك تووشی عەیبەو فەشەل دەكات لەپێش ھەموو تیمەكەوە خۆی ! حكوومەت تیمە و بەتیم دەڕوات بەڕێوە، كەتیمیش بوو دەبێت بەگیانی تیم كار بكرێت .
• دیسان لەناو ھەموو گرنگەكاندا، لەھەمووی گرنگتر ئەوەیە، ئەوانەی لەناو ئەم حكوومەتدا پۆست و بەرپرسیارێتیان ھەیە ئەوە بزانن، كە ئەوە ڕاستە حزبەكان ئەم حكوومەتەیان پێكھێناوە بەڵام حكوومەت لق و مەڵبەندو مەكۆ نیە . لق ھی پارتیە، مەڵبەند ھی یەكێتیە، مەكۆ ھی گۆڕانە بەڵام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھی ھەموو خەڵكی كوردستانە بە خەڵكانی ئەندام و دۆستانی ئەو حزبانەشەوە كە لەحكوومەتدا نین و ئۆپۆزسیۆنیشن یان ئەسڵەن سەربەخۆن و سەر بەھیچ حزبێكیش نین و نەفرەت لەسیاسەت و كاری حزبایەتییش دەكەن، حكوومەت ھی ئەمانیشە . بۆ نموونە وەزارەتی پەروەردە كە بەر پارتی كەوتووە وەزارەتی ھەموو قوتابخانەو ھەندێك لە پەیمانگەكانی ھەرێمی كوردستانە بێئەوەی گوێ بەوەبدرێت قوتابخانە یان پەیمانگەكە لەھەولێرە یان لەسلێمانی، یان مامۆستاكانی ناو قوتابخانەكان پارتین یان گۆڕان یان یەكگرتوو، وەزارەتی دارایی كە بەرگۆران كەوتووە ئەوە وەزارەتی دارایی ھەموو ھەرێمی كوردستانە بێئەوەی گوێ بەوە بدرێت ئەو بانكە یان ئەو بەڕێوەبەرایەتیەی گومرگ لە باشماخە یان پەروێزخان یان ئیبراھیم خەلیل یان حاجی ئۆمەران یان ئەو بازرگانانەی كە لەمەرزەكانەوە دێن و دەچن پارتین یان گۆڕان یان یەكێتی یان حسك یان سەربە ھیچ حزب و لایەنێكی سیاسییش نین . وەزارەتی خوێندنی باڵا كە بەر یەكێتی كەوتووە ئەوە وەزارەتی قوتابیانی ھەموو زانكۆو بەشێكی گرنگی پەیمانگەكانی ھەرێمی كوردستانە بێئەوەی گوێ بەوە بدرێت سەرۆكی زانكۆی سلێمانی یان دھۆك یان مامۆستاكان یان قوتابیانی ناویان سەر بە كام لایەنن و چ مەیلێكی سیاسیان ھەیە یان ئەسڵەن ھیچ مەیلێكی سیاسیان نیەو ڕەنگە تەنھا مەیلی ڕاپ و پۆپیان ھەبێت . ئەوەی لەناو حكوومەت كار بكات و لەھەر پلەو پۆستێكدا بێت، دەبێت ھەر ڕۆژێكی دەوام و پێش ئەوەی پێی بگاتە ناو سنووری شوێنی كارەكەی، ھەموو بیروبۆچوونێكی حزبیانەی حزبەكەی خۆی لە مێشكی دەربھێنێت و وەك پیاوی دەوڵەت ڕەفتار بكات . ئیتر ئەو بەرپرسە كەیفی خۆیەتی دوای دەوامی ڕەسمیی خۆی لە حكوومەت، دەچێت لە لق دەخەوێت یان مەڵبەند یان مەكۆ !

© 2017 Hawler