تەمموز 16, 2019

ئاریان فەرەج

 

هەفتەی رابردوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و دواتریش چووە توركیا و سەرۆك ئۆردوگانی بینی، دوو رۆژ دوای ئەو سەردانە، سوونە لە ناوخۆ و ئەوانی دیكەش لەسەر كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكانی حكومەتی فیدراڵ رێكەوتن وهەر دوێنێ سێ لەو كاندیدانە متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان وەرگرت. بەوەش حكومەتەكەی عەبدولمەهدی نزیك بۆوە لە تەواوكاری و پڕكردنەوەی وەزارەتە بێ وەزیرەكانی.
پێش سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەرەی دژایەتی و سەركۆنەی عەبدولمەهدی لە بەغدا لەفراوانبووندا بوو. یەك لەوهەنجەتانەی بە سەرۆك وەزیرانی میانڕەو دەگیرا، ناتەواوی حكومەتەكەی و بەتاڵیی چوار لە وەزارەتەكانی بوو، گەرچی رێكنەكەوتنی ئەحزابی سوننە لە نێوخۆیاندا و یەكلانەبونەوەی كورد لەسەر كاندیدی وەزارەتی داد، هۆكاری تا ئێستا بە بەتاڵی مانەوەی زۆرێكی ئەو پۆستانە بوون، كەچی ئەمە وەك لاوازی و كەمدەسەڵاتی دكتۆر عەبدولمەهدی لە لایەن ناحەزەكانیەوە وێنا دەكرا.
كوردستان جیا لەوەی لە دەسپێكەوە بەڵێنی پشتگیری بە عەبدولمەهدی دابوو و لەگەڵ بەڵێنەكەی خۆیشی وەفادارە، بەرژەوەندی و خێری گەلەكەشی لە بەردەوامی و سەركەوتنی ئەو سەرۆك وەزیرانە میانڕەو و نیشتمانی و دۆستە سەر راستەی خۆیدایە، دۆستێك كە تا ئەندازەیەكی زۆر لەسەر كورد شەڕی پێدەفرۆشرێ و شەڕانگێزەكانیش زۆربەیان ئەوانەن كە نان و قوتی خەڵكی كوردستانیان بڕی و لەشكریان ناردە سەر كوردستان. ئەوانەن كە ئێستاش باوەڕیان وایە عێراق بەوعەقڵیەتە شۆڤێنییە بەرێوەدەچێت نەك بە دانوستان و لێكگەیشتن و میانڕەوی. ئەوانەن كە بە شەڕ جگە لە مایەپوچبوونی خۆیان هیچیان شین نەكرد و كەچی ئێستاش میانڕەوی سیاسەتكارێكی ژیر و دنیادیدەی وەك دكتۆر عەبدولمەهدی بە لاوازی و لەرزۆكی دەزانن.
كورد گەر پشتیوانێكی (بە ژمارە زۆر) ی عەبدولمەهدی نەبێت، بەڵام بە كار و كاریگەری و پشتگیریی جددی و سەر راستانە، پشتیوانێكی گرنگ و جێمتمانە و گەورەیە. سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا و توركیا و ئەو هەنگاوانەی بەدوایدا لە چوارچێوەی بەهێزكردنی حكومەتەكەی دكتۆر عەبولمەهدی لە بەغدا هاتنەئاراوە، ئاماژەی ئەو راستییەن.
لە هەمان كاتیشدا رێكەوتنی لایەنە كوردیەكانیش لەسەر كاندیدی وەزارەتی داد كە یەكێك بوو لەو وەزیرانەی دوێنێ متمانەی وەرگرت، پێشهاتێكی دیكەی ئیجابییە و هەڵبەت كاریگەریی ئەرێنیشی دەبێت لەسەر رەوتی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان لە وادەی خۆیدا.

© 2017 Hawler