تشرینی یەکەم 18, 2019

د.سالار عوسمان

 

گرفت و چارەسەر

بەشی شەشەم و کۆتایی

وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگانە، یا باشتر بڵێین، ھەڵوەستەکردن سەبارەت حزب و ڕۆشنبیری، حزب و پێگەیاندنی کادیر، کادیر و خوێندنەوە، بابەتگەلی ھێندە ھەستیار و گرنگن، ناکرێ ڕاگوزەر بەسەریاندا تێپەڕین، بۆیە لە دەرفەت و دەلیڤەیەکیتردا باسی دەکەین.

میکانیزمە ڕاستەکە چییە؟..
ئێستا کاتی وەڵامی ئەم پرسیارەیە: (میکانیزمە ڕاستەکە چییە؟..).
بەکورتی:
- میکانیزمە ڕاستەکە ئەوەیە : حزب واز لە حکومەت بێنێت، حزب ئیکتیفا بەو تیمەی خۆی بکات، کە لە نێو حکومەتن و بۆ خۆی ھەڵیبژاردوون، بۆ نموونە لە سەرەکوەزیرانەوە تا بەڕێوەبەر، دەبێ حزب ئازادیان بکات و دەست نەخاتە نێو کارەکانیانەوە.
- بۆ مەسەلەی پشتگیرییش، پێویستە حزب پشتگیریی حکومەت بکات، پئویستە بۆ ھەر سێکتەرێک لیژنەیەکی پشتگیریی ھەبێت، بۆ نموونە سێکتەری تەندروستی، دەبێ لە ڕێگەی لیژنەی پشتگیریی سێکتەری تەندروستییەوە، پشتگیریی لە بەرنامە و ڕوانگا و تیمی بەرپرس بکات، دیارە لە ھەندێ شوێن ناویان لەو لیژنەی پشتگیرییە ناوە: سێبەر، یان پاڵپشت، کەواتە مەسەکە لە بنەڕەتدا پشتگیرییە لە تیمی حکومەت بە مەبەستی سەرکەوتن.
- سەبارەت بە چاودێرییش، ھەر حزبێک بۆ چاودێری و ھەڵسەنگاندن میکانیزمی تایبەت بە خۆی ھەیە، کە ئارمانج تیایدا ڕێگرتنە لە ھەر لادانێک، کە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا نەگونجێت.
- پێویستە تیمی ھەر حزبێک لە حکومەت، مانگانە کۆببنەوە، ئەم تیمە ناو و سەرۆک و بەرنامە و ئامانجی ھەبێت، بە نموونە دەکرێ ناوی تیمەکە ھەمان دروشمی ھەڵبژاردن بێت، وەک: تیمی کوردستانێکی بەھێز، یان گەر دروشمی حزبێک ئاوەدانکردنەوە بوو، تیمی ئاوەدانکردنەوە، سەبارەت سەرۆک، واباشە بەرزترین پلەی حزبی نێو تیمەکە سەرۆکی تیمەکە بێت و بۆ بەرنامە و ئارمانجیش دەکرێ بەرنامەکەیان ھەمان بەرنامەی کۆکراوەی حکومەت بێت و ئامانجیش لەو تیمە، بێگومان کارکردنی بەیەکەوەیی و بەدواداچوون و گەنگەشە و ھەڵسەنگاندن و ڕەخنە و باری سەرنج و ھەماھەنگیکردنە لەگەڵ حزب، کەواتە نزیک بووینەوە لە چارەسەر، ئەو چارەسەرەی، کە دەبێ لەو ڕێگەیەوە، یا باشتر بڵێین، بەم میکانیزمەوە حزب و حکومەت ھەماھەنگ بن، بە واتایەکیتر ئەمەیە میکانیزمە دروستەکە، میکانیزمێک، کە حزب و حکومەت لەسەریەک مێز کۆدەکاتەوە بە بێ دەستتێوەردان، واتە ھەم کار بەیەکەوە دەکەن و ھەمیش ڕێگە لە دەستتێوەردان دەگرن!..
- پێویستە سێ مانگ جارێک تیمی حزب لە حکومەت ڕاپۆرتی وەرزیی پێشکەشی سەرۆک و سەرکردایەتیی حزبەکەی بکات و وەڵامیش وەربگرێتەوە.

دوماھی، تێگەیشتنەکە بەمجۆرەیە:
- ھەموو دەستێوەردانێکی حزبی خراپە، تەنانەت دەستتێوەردانی بابەتییش، بۆیە پێویستە ڕێک بخرێت.
- نابێ حزب دەست بخاتە نێو کاروباری حکومەتەوە.
- تیمی حزب لە حکومەت، ڕوانگا و بەرنامەی ھاوبەش جیبەجێ دەکەن .
- تیمی نێو حکومەت ھەماھەنگی لەگەل لیژنە و میکانیزم و ڕێکارەکان دەکات.
- لیژنەی پشتگیریی و لیژنەی چاودێری و تیمی حکومەت، ھەمووی لە دەور یەک ئارمانجدان، کە ئەویش ئارمانجی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و خزمەتکردنە بە ھاوڵاتییان.

© 2017 Hawler