تەمموز 16, 2019

غازی حەسەن

ڕاگەیاندن و گوتار و زمان هاوبەش و پێکهێنەری خودی یەکترن، مرۆڤ بێ زمان ناتوانێت بیر بکاتەوە، هەروەها ناتوانێت بێ بیرکرنەوەش زمان بەکاربهێنێت، واتە کردەی پەیوەندیکردن لەنێوان مرۆڤەکاندا پێویستی بە(بیرکردنەوە و زمانە). لەکاتێکدا ڕاگەیاندنەکان، یان لەگوتاردا هەندێک بێ بیرکردنەوە زمان بەکاردەهێنن و خۆیان دووچاری ڕێگەیەکی داخراوی تەنگەبەری ئەوتۆ دەکەن تێیدا گیرببن و نەتوانن لێی دەرباز بن، کورد گوتەنی لەملەوە پێوە دەبن.
ئەو کەسانەی لەهەڵچوون و کاردانەوەدا قسە دەکەن قەت وەکو ئەو کەسانە نائاخڤن و زمان بەکارناهێنن، کە ئارامن و بەهێمنی بیرکردنەوە و قسەدەکەن، کەسێکی تاداری نەخۆش هوڕێنەکانی وەکو کەسێکی تەندروست نییە، سیاسییەکی چواردەوەر گیراوی تێکشکاو وەکو سیاسییەکی سەرکەوتوو نائاخڤێت و زاری ناگەڕێت. لایەنێکی سیاسی پڕ لەکێشە زمان و بیرکردنەوەی ئاڵۆز و لەت لەت و دابەشبووە بەراورد بەلایەنێکی براوەی یەکگرتوو. کەسێکی گەندەڵ وەکو کەسێکی دەستپاک قسە ناکات. دزێک وەکو کەسێکی خاوێن و سەرڕاست دەرناکەوێت.
شێوازی ئاخاوتن و دەربڕین و هەڵبژاردنی وشە و زاراوەکان لای هەر کەسێک پەیوەستە بەئاستی بیرکردنەوە و کەسایەتی کەسەکە و ئەو دەوروبەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەی تێیدا دەژیت. هیچ زمانێک بێ پێناسەی فکری ئاخێوەرەکەی بەرجەستەی هەقیقی کۆمەڵایەتی کەسەکە ناکات، بۆیە پێش ئەوەی باسی پێگە و شێواز و جۆری بەکارهێنانی هەر زمان و کەسایەتی خاوەنی زمانەکە بکەین، پێویستە شیکاری (فکر و کەسایەتی و دۆخی دەروونی و نیاز و مەبەستە شاراوەکانی) قسەکەرە بکەین. زمان و بەکارهێنانی پەیوەستە بەفکر و کەسایەتی قسەکەرەکەوە. زمان نیشاندەری کەسایەتی و فکری ئاخێوەرەکەیە، وەکو چۆن فکری کەسە هێز و شێواز و توانای بەکارهێنانی زمانەکە لای ئاخێوەکە دەردەخات.
گەندەڵکار چ جۆرە زمانێک بەرانبەر خەڵک و یاسا بەکاردەهێنێت؟ کەسێکی نەخۆشی گومانلێکراوی و یاخیبوو لەیاسا و ئەخلاق چ چەشنە زمانێکی دەبێت؟ دادوەرێک بەچ زمانێک دەئاخڤێت و حوکم دەدات؟ سیاسییەکی فاشیل، چەتەیەکی سیاسی، قونکە هێزدارێکی گوماناوی بەچ شێوازێک دەئاخڤێت؟ ئامانجی ئاخاوتن و بەکارهێنانی زمان لای شەڕفرۆشێک، هەمان کاریگەریی و ئامانج نییە، کە لاشەڕێکی ئاشتیخواز هەیەتی.
لایەنێک دەڵێت ئێمە بەرپرسن نین لەفلانە دۆخ، یان لەفلانە لێدوان و قسەی بەرپرسێک، بەر لەهەر شتێک واتە (فکر)ی جیاوازییان هەیە، جیاوازی فکریش نیشاندەری (کەسایەتی و بیرکردنەوە و بەرژەوەندی و هێز و دابەشبوون و گوتاری) جیاوازە. دادوەرێک ناتوانێت لەبەردەم تاوانبارێک دەستەواژەیەک دەربڕێت، حوکمی تێدا بێت، نەبادە شیکردنەوەی هەڵەی بۆ بکرێت. پیاوێک ناتوانێک لەبەردەم ژنەکەی وشەی تەلاق بەکاربهێنێت، نەبادە قسەکەی بەحوکمی تەلاق لێک بدرێتەوە. واتە قسەکردن و بەکارهێنانی زمان، حوکم و بڕیار و فکرە.
گوتار و ڕاگەیاندنیش، لێدوان و هەڕەشە بەزمان و سوکایەتی و خراپ قسەکردن پەیوەستە بەفکرەوە. فکرێکی بۆگەن زمانێکی هەنگوین ئاسای نابێت، شەڕفرۆشێک زمانی ئاشتەوایی ڕاستەقینەی پێ بەرهەم نایەت. درۆزنێک ناتوانیت ڕاستییەکان بشارێتەوە، ڕقهەڵگرێک ناتوانێت زمانی خۆشەویستی بەرهەم بهێنێت. کەسایەتییەکی نەخۆش ناتوانێت بەزمانێکی تەندروست بئاخڤێت.
واتە زمان و فکر، یان فکر و زمان دوو پێکهاتەی سەرەکی و بنەڕەتین لەبەدیهێنانی قسەکردن و ئاخاوتن، ڕەنگدانەوەی کەسایەتی و شێواز و جۆری هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی قسەکەرەکەن. پێش ئەوەی قسە لەزارت دەرچێت بیربکەوە، پێش ئەوەی هێز و ئاوازەی وشەکانت بەکاربهێنێت، بیر بکەوە، بۆ ئەوەی زمانێکی شیاو بەرهەم بهێنیت، بۆ ئەوەی کەسێکی گونجاوی سەرکەوتووی دەروون ساخ بێت. لەبیری مەکە بەکارهێنانی زمان، واتە بەکارهێنانی فکر و ئایدیۆلۆجیا و دەرکەوتنی کەسایەتیت. پیاوی نەخۆش و گرگن بێ بیرکردنەوە دەئاخڤێت و دونیایەک لەبۆگەنی دروست دەکات، چونکە هەر زمانێک سەرچاوەکەی هزر و هێزی بیرکرنەوەی تێدا نەبێت، وەکو زمانی ڤایرۆس و نەخۆشی دەردەکەوێت.

© 2017 Hawler