تشرینی یەکەم 18, 2019

ئەوە بڕیاری خوایە كە لە دەرەنجامدا دەبێ میراتبەری زەوی كەسە چاكەكان بن!

عومەری چنگیانی

 

هەینی ڕابردوو 11 ی شەوالی 1440ی كۆچیی كە بەرانبەر بوو بە 14ی حوزەیرانی 2019 وامان پێ باش بوو لە گوتاری هەینیماندا لەسەر دوانگەی "مزگەوتی خەدیجەكوبرا" كە چل و پێنج هەمین گوتارمان بوو"1" باس لە بنەما و پایە گرنگەكانی هەرە چڵەپۆپەی هەرەمی دەسەڵات بكەین لە ڕوانگە و لە ژێر ڕۆشنایی چەند ئایەتێكی قورئانی پڕ لە بەخششدا كە بە ئەركی دەزانم هەمان گوتار بكەمە زمانی نووسین و توێشووی گوڵخەرمانی ئەمڕۆمان. ئەوەی ئێمە لێی تێگەیشتووین لە قورئان بە پێوەرە قورئانییەكە لە بایەخدان بە نوێژ و پەیوەندیەكانی تاك بە خوا و بایەخدان بە ئابووری و فەرماندان بە چاكە كردن و ڕێگەگرتن لە خراپە و پارێزگاری كردن لە ژیان و سامان و گیان و نامووس و خاكی خەڵكی و دەست و دڵ و دامێن و ڕابردووپاكیی و شارەزایی لەوكارانەدا كە بە هەر كەسێك دەسپێردرێت.
گرنگی ئەمانەت پارێزی:
لە حەفتا و دووەمین ئایەتی سورەتی "ئەحزاب"دا دەفەرمێت:
"ئێمە پارێزگاریكردن لە ئەمانەتمان خستە بەردەم ئاسمانەكان و زەوی و چیاكان، كەچی هەرهەموویان خۆبەدوور گرتنی خۆیان ڕاگەیاندن كە ناتوانن وەریبگرن و لێیشی ترسان! وەلێ مرۆڤ ئامادەباشی دەربڕی و چووە ژێرباری، كە بەڕاستی ستەمی لەخۆی كرد و خۆنەناس بوو" .
لێرەوە دەبینین چەندین دەقی پیرۆزی ترمان هەیە لەسەر ئەوە، وەك ئەوەی كە ئیمامی موسلیم بۆمان دەگێڕێتەوە لە جوندوبی كوڕی جونادە "ئەبوزەری غیفاری"یەوە - خوای لێ ڕازی بێت – كە دەڵێ بە پێغەمبەرم گوت – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت - :
"بمكەرە بەرپرسیاری ئیشێك. ئەویش كێشای بەشانمدا و فەرمووی: ئەبوزەر تۆ لاوازی ئەوەیش ئەمانەتە ئەو ئەمانەتەیش لەڕۆژی دواییدا سەرشۆڕی و پەژیوانییە مەگەر بۆ كەسێك كە بە هەقی خۆی وەریبگرێت و ئەوەی لەسەریەتی جێبەجێی بكات "2".
ئەركی گەورە كاربەدەست:
لە چلو یەكهەمین ئایەتی سورەتی"ئەلحەج"دا دەفەرمێت:
"ئەوكەسانەی گەر دەسەڵاتم پێ بەخشین و پێگام دانێ و كردمنە خاوەنی توانا لەسەر زەوی نوێژەكانیان برد بەڕێوە و زەكاتیان دا و فەرمانیان كرد بە چاكە و ڕێگرییان كرد لە خراپە، ئەوانەی دەمێنێتەوە خوا خۆی جێبەجێیان دەكات" .
لەم ئایەتەدا تێدەگەین بە پێی پێوەری قورئان ئەركی هەرە لە پێشی دەسەڵات لەسەرزەوی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی تاك و خوایە و پاشان بایەخدان بە ئابووری خەڵك و سەندنی مافی هەژاران لە زەنگینەكان و ڕێنمایی بۆ چاكسازی و ڕێگریكردن لەگەندەڵی و خراپكارییە.
هێز و دەستپاكی بۆ دەسەڵات وەك یەك گرنگن:
لە ئایەتەكانی سورەتی "نەمل"دا كە خوای گەورە باسی ڕووداوی نێوان سلێمان و خانمە خۆرپەرستەكە دەكات و سلێمان ڕێگە بەخۆی نادا ئەو هەبێ و دەسەلاتێكیش هەبێت كڕنوش بۆ بەدەر لە خوا ببرێت لەژێرسایەیدا و مرۆڤ هێند بچوكبكرێتەوە كە دیاردەیەكی گەردوون بپەرستێت، وەك سی و هەشت هەمین و سی و نۆهەمین ئایەتی سورەتەكە باسی لێدەكات ڕووی دەمی دەكاتە ئەنجوومەنی ڕاوێژكارییەكەی بەردەستی و پێیان دەڵێ:
"ئەی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری و نزیكەكانی من، كێتان دەتوانێ كۆشك و تەلارو تەخت و تاراجی ئەو ژنەم بۆبێنێ بەرلەوەی بە مسوڵمانەتی بێتە بەردەستم؟
لەوكاتەدا كەڵە خاوەن هێزێكی جیهانی دووەم جنۆكە – كە ملكەچی فەرمانەكانی بوون – دەڵێ من بۆتی دەهێنم بەرلەوەی لە شوێنی كۆبوونەكەت هەستیت و من بۆ ئەم كارە بەهێز و دەستپاكم" .
تێبینی دەكەین تەنها بایەخ بە بوونی هێزە كەم نموونەكە نییە، بەڵكو هێز و پارێزگاریی ئەمانەت و دەستپاكی.
وڵات پارێزەری شارەزای دەوێ!
سورەتی "یوسف" كە سەرتا سەری پڕیەتی لە وانەی تەژی لە ڕێنمایی گرنگ، لە ئایەتەكانی 54-55دا باس لەوە دەكات كە پاشا دوای دیتنی خەوە ئاڵۆزكەی پەنا دەباتە بەر یوسف و دوای ئەوەی لەگەڵی دەدوێت پێی دەڵێ:
"لەم ڕۆوە خاوەنی دەسەڵات و جێگا متمانەی ئێمەیت و ئەویش ناڵێ نا، بەڵكو دەڵێ بمكەرە بەرپرسیاری دارایی و كۆگای دانەوێڵە و خوراكی وڵاتەكەت، چونكە من هەم پارێزەر و هەم شارەزام".
كەوابوو تەنها هێز بەس نییە و پێویستە لەگەڵ هێزدا شارەزاییش هەبێت، لێرەوە هەردەسەڵاتێك بیەوێ سەركەوتوو بێت، دەبێ بەرپرسیارێتی لە هەر بوارێكدا بسپێرێت بە بلیمەتی بوارەكە و بەس.
دەرەنجام هەر بۆ چاكەكانە:
لە ئایەتەكانی 105 – 107ی سورەتی ئەنبیادا دەفەرمێت:
"بەڕاستی لە "زەبوور"دا ئەوەمان باس كردووە و بڕیاری ئەوەمان داوە لەدوای باسی خوا و یادی خوا كە زەوی كەسە باشەكان دەبنە میراتبەری و ئەمە ئاگادار كردنەوەیە بۆ لەخواترسەكان و بەڕاستی ئەی محەممەد تۆمان بۆ ئەوە ناردووە میهرەبانییەكەت گشتگیر بێت" .
ئەركە ئەوەی خوا دەسەڵاتی پێدەبەخشی لەبیری تەسك بەدوور بێ و مرۆڤدۆستی لای، پێش هەرشتێك بێت.

پەڕاوێز:

"1"بۆ مێژوو دەبێ ئەوە ڕوون بكەمەوە كە 8ی حوزەیرانی 2018 ڕۆژی دەسبەكاربوونم بەشێوەیەكی خۆبەخش وەك پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی خەدیجەتولكوبرا لە شاری هەولێر تا 14ی حوزەیرانی 2019 پەنجا و پێنج هەینی تێدەكەوێت وەلێ چوار هەفتە لەبەر نۆژەنكردنەوەی ژووری مزگەوت نوێژی هەینیمان تێدانەكردووە و شەش هەفتەیش جارێك چوار و جارێكیش دوو لەبەر چوونم بۆ چارەسەری نەخۆشی من لە مزگەوت نەبووم و گەنجێك بەنێوی بەختیار تاوەگۆزی وتاری داوە ".
"2"سەیری وێبسایتی "اسلام ویب" بكە1825 عن أبي ذر قال قلت يا رسول الله ألا تستعملني قال فضرب بيده على منكبي ثم قال يا أبا ذر إنك ضعيف وإنها أمانة وإنها يوم القيامة خزي وندامة إلا من أخذها بحقها وأدى الذي عليه فيها"

© 2017 Hawler