تەمموز 16, 2019

قوتابخانە و بنیاتنانی مرۆڤــ

بەكر كەریم حەسەن*

 

زانا و فەیلەسوفی ئەمریكی جۆن دیوی دەلێ" قوتابخانە دەتوانێ گۆڕانكاری گەورە لە رژێمی كۆمەڵگە بكات، كە هیچ دام و دەزگاكانی تری كۆمەڵایەتی ناتوانن ئەنجامی بدەن".
واتە قوتابخانە ئەو دەزگا فەرمییەیە كە دەتوانێ گۆڕانكاری گەورە لە كۆمەڵگە ئەنجام بدات، ئەویش لە ئەنجامی پێگەیاندن و تێگەیاندنی رۆڵەكانمان و كاركردن لە سەر بەرزكردنەوەی توانا و كارامەیی و ئاستیان لە زۆربەی بوارەكان لە هەمان كاتدا رۆلی قوتابخانە بەرچاو و كاریگەرە لە پەروەردە كردنی منداڵ و بنیاتنانی كەسایەتی بۆ قوتابی و كاریگەری گۆڕینی رەفتار و كرداری قوتابی بە شێوەیەكی تەندروست و ئەرێنی و پەروەردەكردن و ئاراستەكردنی قوتابی بەرەو كارو كرداری باش و بە سوود بۆ كۆمەڵگە لە داهاتوودا، هەروەكو دەلێن "فێركردن لە منداڵی وەكو نەخشاندن وایە لە سەر بەرد" واتە بزر نابێت، بێگومان قوتابیش ئەوەی لە قوتابخانە پەروەردە دەكرێ و فێر دەبێ لە بیری ناكات و لەگەڵی گەورە دەبێت. بۆیە قوتابخانە رۆلی سەرەكی و دیاری هەیە لە بنیاتنانی مرۆڤـــ هەر لە قۆناخی سەرەتایی و بنەڕەتی و ناوەندی و ئامادەیی لە سەرجەم قۆناخەكان قوتابخانە رۆلی خۆی وون ناكات، بەڵكو وەكو تیشك و بریسكە وایە رێگای داهاتووی قوتابی روناك دەكاتەوە لە سەر بەها كۆمەڵایەتییەكان و كارامەییەكان و زانستەكان پەروەردەی دەكات دەبێتە ئەندامێكی كارا و قازانج بەخش بۆ كۆمەڵگە و لەگەڵی ئاوێتە دەبێت.
بۆیە هەردەم قوتابخانە ئەو دڵە گەورە و فراوانەیە كە سەرجەم رۆلەكانی لە باوەش دەگرێت و چاودێریان دەكات، وەك چۆن دایك چاودێری كۆرپەكەی دەكات، ئەلێرەوە جەخت لە سەر ئەوە دەكەمەوە كە قوتابخانە نابێت رێچكەی پەیڕەو كراو و بەرپرسیاریەتی خۆی وون بكات، بەڵكو بەردەوام قوتابخانە رۆلی سەرەكی و چەقی سەرهەڵدانی بنیاتنانی مرۆڤ بێت هەردەم لە داهێنان و تەكاندان و برەودان بەردەوام بێت و نوێگەری بهێنێتەكایەوە لە پەروەردە كردن و بنیاتنان و متمانەی كۆمەڵگە بەردەوام بێت لە باوەش گرتن و ئاگا لێ بوونی رۆلەكانی كە قوتابییە خۆشەویستەكانمانن لەبەرامبەردا قوتابیانیش هەست بە ئارامی و دڵنیایی و ئاسودەیی دەكەن لە قوتابخانە دا .
گرنگە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخ بە كارتی قوتابخانە (البطاقة المدرسية) بدات وەكو ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكان، بەڵكو چڕتر و ووردتر لە جاران سەرجەم زانیارییەكانی پەیوەست بە قوتابی لە خۆ بگرێت لە ناو پۆل و لە دەرەوەی پۆل، زانیاری كەسی قوتابی ساڵ بە ساڵ قۆناخ بە قۆناخ بە ووردی لەلایەن مامۆستا و رابەری پۆل پڕ بكرێتەوە ئاماژە بە هەموو لایەنێكی قوتابی بدرێت واتە گشتگیر بێت ئەویش لە پێناو چاودێری كردن و پێگەیاندن و بنیاتنانی قوتابی بێت تا لە داهاتوودا سوودی هەبێت بۆ خودی خۆی و خێزان و كۆمەڵگە، چونكە قوتابی ئەمانەت و پارێزراوی كۆمەڵگەیە لەلای قوتابخانە و دەستەی كارگێڕی و مامۆستایان.
*بەرێوەبەری گشتی چالاكی وەرزش و هونەر
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

© 2017 Hawler