ئاب 22, 2019

كاروانەكە دەڕوات و ..... پن!

جەمال عەبدوڵا

 

• ھیچ كەس و لایەك و ھیچ حزبێك نەیخاتە سەرخۆی، بەدیاریكراوی مەبەستم ھیچ كەس و ھیچ لایەك و ھیچ حزبێك نیە، بەڵام ئەگەر ھەر كەسێك یان لایەنێك خۆی بۆ خۆی دەیخاتە سەرخۆی و بەخۆی تێدەگات و خۆی تیا دەدۆزێتەوە ئەوە ئیتر كەیفی خۆیەتی و دەسەڵاتی منی تێدا نیە .
• ھەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوەو و ئینجا سوێندخواردنە یاساییەكەی و دواتر تەسمیە واتە ناولێنانی مەسروور بارزانی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە وەك كاندید بۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بڕیاریشە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی مەسروور بارزانی ڕابسپێرێت بۆ ئەوەی لەماوەی یاسایی خۆیدا كابینەكەی پێكبھێنێت و ئینجا ئەو كابینەیە ببرێتە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی متمانەی پەرلەمان وەربگرێت . من بەم زنجیرە ڕێوشوێنە یاساییە دەڵێم ڕۆییشتنی كاروانەكە . ئینجا : -
• لەگەڵ سەرەتای بەڕێكەوتن یان دەرچوونی كاروانەكەوە واتە لەو ڕۆژەوەی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن پەرلەمانەوە وەك سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھەڵبژێررا و ھەتا تەسمیە، واتە ناولێنانی مەسروور بارزانی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە وەك كاندیدی سەرۆكی حكوومەت،، ھێرش و پەلامارێكی زۆر سەیر دەكرێتە سەر بەڕێكەوتنی ئەم كاروانە، ھێرش و پەلامارێكی زۆر سەیر دەكرێتە سەر ھەموو ئەوانەشی كە دەنگیان دا بە نێچیرڤان بارزانی و ناولێنانی مەسروور بارزانی، یان تەنانەت ئەوانەشی پیرۆزباییانلێكردن، ئەم ھێرش و پەلامارەش ناو دەنێم حەپەی سەگ . كەواتە ئێستا ھەمووی بەسەر یەكەوە ئائەوەھای لێدێت : -
• كاروانی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە شێوە یاساییەكەی خۆی، بۆ پێكھێنانی كوردستانێكی بەھێز دەستیپێكردووەو ھەنگاوە سەرەكیەكانی خۆی بریوە، ئەم كاروانەش ھەر بەڕێوە دەبێت ھەتا دەگاتە دوا مەنزڵی خۆی كە بە بڕوای من كوردستانی بەھێز دوامەنزڵیشی نیە ! چونكە كە بەھێز بوویت دەبێت دیسان ھەوڵی زیاتر خۆ بەھێزكردن بدەیت كە بەھێز بوویت و وەستایت واتە ئیتر لاوازیت، كاتی وەستانت ئەگەر زۆر بەھێزیش بیت سەرەتای دەستپێكردنی لاوازی و گلۆربوونەوەیە ! بەڵام لەناو بەڕێكەوتنی ئەم كاروانەدا، ئەوانەی كەلەبەرامبەر كەسانی بەھێزو سەركەوتوو لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی خۆیان و ئەركەكانی سەرشانی خۆیان دڵ پڕ لەقین و دڵ پڕ لە بوغزن و ئەوانەی كە ھیچ پێشبڕكێیەكیان لەگەڵ كەسانی بەھێزو سەركەوتوو پێناكرێت و تەنھا لە ڕق و حەسوودیەوە خەریكی ھێرش و پەلامارن بۆ سەر كەسانی بەھێزو سەركەوتوو خاوەن تواناو لێوەشاوە و دەركەوتوو، ئەم ھێرشبەرانەش ئەو سەگانەن كە دێنە سەرڕێگەی كاروانەكەو سەرقافڵەكانی كاروانەكەو پێیاندەحەپن و ھەموو ئیشێكیان بووە بە حەپە حەپ . بەڵام باشیی ئەوانەی كە سەرقافڵەی كاروانەكەن ئەوەیە كە نە بەرد دەگرنە سەگەكان و نە تەنانەت چغەیەكیشیان لێدەكەن بەڵكو بە ئەعسابێكی ساردەوە لەسەر ڕۆییشتنی كاروانەكەی خۆیان بەردەوامن . ئینجا ئەوە بۆیە دەڵێم كاروانەكە دەڕوات و سەگەكانیش دەحەپن .

© 2017 Hawler