ئاب 22, 2019

له‌ باره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌. پێشنیازێك بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم

هیمان ڕەمزی

 

دوای ئەوەی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بوونه‌ خاوه‌نی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای خۆیان و كۆتایی به‌و ململانێیه‌ هات كه‌ له‌ نیسانی 2014ه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی پارێزگاكان هاتبووه‌ ئاراوه‌. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئێستا هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ فه‌رمی پێنجه‌م پارێزگای كوردستان و 19ه‌هه‌مینی عێراقه‌، به‌ڵام له‌ناو نه‌خشه‌ی عێراق و كوردستان به‌ گشتی و لۆگۆی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان هیچ ئاماژه‌یه‌كی بۆ دانه‌نراوه‌.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، دامه‌زراوه‌یه‌كی سیاسی و سیادی و ئیداری و به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌ له‌ كوردستاندا و نوێنه‌رایه‌تی شه‌رعی و قانوونی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، گرنگه‌ له‌ لۆگۆكه‌یدا ئایكۆنێكی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستنیشان بكات. ئه‌گه‌ر سه‌یری دروشم و لۆگۆی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، ده‌بینین هه‌موو پێكهاته‌ و پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان تێیدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هێماشی تێدایه‌ بۆ زمانه‌ فه‌رمییه‌كان.
با به‌ وردی سه‌رنجی لۆگۆی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بده‌ین و كۆی هێما و ئه‌و ئایكۆنانه‌ی تێیدا به‌كار هاتوون، بیانناسێنین، ئه‌و كات ده‌زانین کە بۆشایی هه‌ڵه‌بجه‌ی تێدایه‌.
دروشمی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بریتییه‌ له‌ هه‌ڵۆیه‌كی باڵكراوه‌ له‌ناو بازنه‌یه‌كدا كه‌ رووه‌كه‌ی به‌ ئاڵای كوردستان نه‌خشێندراوه‌.
1- هه‌ڵۆكه‌ به‌ گشتی نیشانه‌ی هێز و سه‌ربه‌رزی و ئازادپه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ی كورد و مێژووه‌ دێرینه‌كه‌یه‌تی.
2- ره‌نگه‌ زێڕینه‌كه‌ نیشانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردستانه‌ به‌ سه‌روه‌ت و سامانی سرووشتی.
3- چوار به‌شه‌كانی هه‌ر باڵێكی هه‌ڵۆكه‌ نیشانه‌ی چوار پارێزگاكانی كوردستانن.
4- هه‌تاوه‌كه‌ نیشانه‌ی هه‌ڵهاتنه‌وه‌ی شارستانییه‌تی دێرینی كوردستانه‌ و بیست و یه‌ك تیشكه‌كانیشی ئاماژه‌ن بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز كه‌ سه‌ری ساڵی تازه‌ی كوردییه‌ له‌ 21 ئازارو چوار تیشكه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیش نیشانه‌ی هه‌رچوار پێكهاته‌كانی كوردستانن – كورد و توركمان و كلدان و ئاشوور.
5- دوو ئه‌ستێره‌كانی سه‌ر بازنه‌كه‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌لای راستی هه‌لۆكه‌ و، ئه‌وه‌ی دیكه‌یان له‌ لای چه‌پییه‌وه‌، چه‌سپێندراون، ئاماژه‌ن بۆ كورد و عه‌ره‌ب وه‌ك دوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی عێراق.
6- له‌ سه‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه‌ به‌ زمانی كوردی نووسراوه‌ (سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ) و له‌ خواره‌وه‌شی به‌زمانی عه‌ره‌بی ( رئاسه‌ اقلیم كوردستان). کە ئێستا زمانی ئینگلیزیشی بۆ زیادکراوە.
كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ هه‌بێت ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ بۆ بوونی پێنجه‌م پارێزگای كوردستان و له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئایكۆنێك بۆ سه‌ر لۆگۆكه‌. كه‌ بێگومان دانانی ئه‌و ئایكۆنه‌ له‌سه‌ر لۆگۆكه‌ گرنگی خۆی ده‌بێت له‌ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی هه‌رێمی كوردستان و له‌به‌ر چاوگرتنی پێگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ نه‌خشه‌ی كوردستاندا.
لێیره‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم ئه‌م پێشنیازه‌ بخه‌مه‌ به‌رچاوی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و هه‌قیش وایه‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و خودی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ نووسراوی فه‌رمی داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بكه‌ن، ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر بكات. به‌هیوای ئه‌وه‌ی هه‌موو زمان و پێكهاته‌ و ئایین و پارێزگاكانی كوردستان له‌ لۆگۆ و دروشمه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ره‌چاوی ماف و ئیراده‌یان بكرێت و هه‌مووان خۆیان له‌و لۆگۆ و دروشماندا ببیننه‌وه‌ به‌تایبه‌تی لۆگۆی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی سیادییه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی هه‌موومانه‌وه‌.

© 2017 Hawler