ئاب 22, 2019

بڵند نەورەس

 

مەراسیمی سوێندخواردنی ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی) وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جگە لە لایەنە یاساییەکەی، بۆنەیەکی مەزن و چەتری کۆکردنەوەی سیاسی و دیبلۆماتکارەکان بوو.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د.ڤالا فەرید بەوپەڕی ویقارەوە دانیشتنەکەی دەستپێکردوو لەسەر ھەمان تۆن بەردەوامی پێدا تا کۆتایی، نمونەی لێھاتویی ئافرەتی کوردستانی بەرجەستەکرد.
ووتاری بەرێز سەرۆک (مەسعود بارزانی) ووتارێکی پەیام ئامێزی کورت و پوختی کاریگەربوو، پەیامی دەربڕینی پشتگیری بەرێزیان بوو بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان. ئەم پەیامە ئاماژەیە بۆ بەھێزی پێگەی سەرۆکی ھەرێم لە داھاتوودا، بەرەو چەسپاندنی کوردستانێکی بەھێز کە دروشمی پارتی بوو بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان.
پەیامی دووەم پەیامی ئاگادارکردنەوەو پابەندبوونی عێراق بوو بە دەستوورەوە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکان لە نێوان ھەولێر و بەغدا، تایبەت ناوچە دابڕێنراوەکان چەقی پەیامەکەی بوو.
پەیامێک بوو کە ھەموو ووشەیەک ئاماژ بوو بۆ بابەتێک، ئاراستەکە ڕوون بوو.
پاشان ووتاری د.بەرھەم ساڵح، ووتارێکی پەسەند و پارسەنگ بوو، باسکردنی لە ڕۆڵ و پێگەی (سەرۆک بارزانی)، ئاماژەبوو بۆ پێگەی بەھێزی سەرۆک وەک ڕابەری نەتەوەیی گەلی کوردستان و سەلماندنی ئەو ڕاستییەبوو کە سەرۆک بارزانی لەکوێ بێت بڕیاری کوردستان لەوێیە.
ووتاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ووتارێکی گشتگیری ھەمەلایەن بوو، بە ڕوونی ئاماژەیدا بە مەرجەعییەتی سەرۆک (مەسعود بارزانی) بۆ خەڵکی کوردستان.
ئاراستەیەکی زاڵی ووتارەکەی خستنەڕووی ئەرکی سەرۆکی ھەرێم بوو کە سەرۆکی ھەموو کوردستانە و بە یەک مەودا لەگەڵ ھەموو لایەنەکاندا دەوەستێت و مامەڵە دەکات، لە ھەمان کاتدا پەیامی ڕوونی تێدابوو بۆ سێکتەرەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابووری ھەرێمی کوردستان، بەڕوونیش باسی لە گرنگی ھەماھەنگی نێوان ھەولێر و بەغدا کرد تایبەت لە پرسی ئاسایش و ئابووری.
ئەوەی جێگای تێڕامان بوو شێوازی پڕۆتۆکۆڵ و ڕێکخستنی مەراسیمەکەبوو کە بە بەرنامە و ھەماھەنگییەکی دروست ڕێکخرابوو، بەشێوەیەک بوو کە لە ھیچ بۆنەیەکی سیاسی تر نەدەچوو، بەڵکو لە مەراسیمێکی ھوونەری جیھانی دەچوو، ئامادەبووان و بینەرانیش لە میدیاکانەوە ھەستێکی ئارام و مژدەبەخشیان لێبەدیدەکرا.
لە ڕووی پۆڵێنکردنی میوانەکان و شوێنی دانیشتنەوە باش ڕێکخرابوو.
پێشوازی و ماڵئاوایی میوانەکان زۆر شیاو بوو، ھیچ پەلەپەل و ڕاکە ڕاکەیەک بەدی نەدەکرا.
ئەم بۆنەو مەراسیمەی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕەوینەوەی ھەندێک گرژی سیاسی و لێکنزیککردنەوەی سیاسی و ئاشتکردنەوەی سیاسی بە ڕوونی تیایدا بەدی دەکرا.
دەکرێت ئەم بۆنەیە بکرێت بە ھەوێنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ لە نێوان سەرجەم پارت و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی کوردستانێکی بەھێز بنیاد بنێین.

 

© 2017 Hawler