کانونی یەکەم 13, 2019

سوتانی دەغڵ و دانی کورد، هۆکار و ڕێگا چارەسەرییەکان

هیوا ئەحمەد مستەفا

 

سەرتاسەری مێژووی مرۆڤایەتیم نەخوێندۆتەوە، هەروەک کەسیش ئەوەی پێناکرێ، بەڵام یەکێکم لە ئاشقانی خوێندنەوەی کتێب بەگشتی و مێژووی مرۆڤایەتی بەتایبەتی.
دوای سوتانی دەغڵ و دانی کوردانی ناوچە کوردستانیەکانی دەروەی هەرێم، بیرم کردەوە لە مێژووی کام میللەت، لەڕابردووی دوور، نزیک، کام گەل و نەتەوە خەڵکەکەی بەدەستی خۆی بەر و بوومی وڵاتی خۆی سوتاندووە، هەرچەند بیرم کردەوە هیچم بیر نەکەوتەوە، بەتەلەفۆن لەچەند کەسێکی مێژووزان و خوێنەرم پرسی هیچ شوێنێکیان نەکەوتبوە بەر یاد.
ڕاستە لە مێژوودا لەکاتی شەڕی وڵاتاندا دووژمنەکان بەرامبەر یەکتر ئەوەیان کردووە، ئەویش ئەگەر لەوە دڵنیا بووبن دەتوانن وڵاتەکە داگیر بکەن و دەبنە خاوەنی داهاتووی بەروبوومەکە ئەو کارەیان نەک هەر نەکردووە بەڵکوو پاراستوویانە و بۆ سوپای خۆیان وەک ئازووقە بەکاریان هێناوە.
بەلام هیچ میللەتیک بەرامبەر ناو وڵاتی خۆی ئەوەی ئەنجام نەداوە کە ئیستا لە عێراقدا گوزەر دەکات.
تەنانەت لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە گەرمەی بەهێزبوونی سوپای لەشکری کوردستان(س.ل.ک) بارزانی نەمر لەکاتی ڕەنێوهاتن و پێگەیشتنی دەغڵ و دان و بەروبوومە کشتوکاڵیەکاندا پەنای بۆ گفتوگۆ بردووە، بۆ ئەوەی جوتیارانی کوردستان و تەنانەت جووتیاری عەرەبیش بەروبوومەکانی ساڵ بچننەوە دوایی شەڕ دەست پێبکاتەوە، یان لانی کەم لە وەرزی هاویندا دەستی خۆیان لەشەڕکردن سووک کردووە بۆ ئەوەی بەروبوومی ساڵ نەبێتە سوتەمەنی شەڕ و سیاسەت.
لەکاتێکدا کە ئێستا شەڕ نیە، من هەست و زانیاریەکانم پێم دەڵێن ئەو دەستە دەستی داعش و ماعش نیە کە ئەو کارە نامرۆڤانە و چەپەڵە ئەنجام دەدات.
ئەوە کلتوری سەقەت و دوور لەعەقڵ و دوور لە خوا و دژی ژینگە و مرۆڤ و هەموو بوونەوەرانە کە بەکاری سوتاندنی دەغڵ و دان فەرمان دەدەن و جێبەجێی دەکەن، دەکرێ بڵێین ئەوانە دژی ژیانن، ئاشقی برسێتی کردن و دەست پانکردنەوە و برسی کووژ کردنی خەڵکن.
هەر ڕێک ئەو کلتوورەیە کە قووتی خەڵکی کودستانی بڕی و بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانیان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە ئیمزایەکی خوار و خێچ، هەر بۆ سەیر و سەفا قرتاند.
زۆر جار فیلمەکان دەبینین گروپێکی دەگمەن دروست دەبن لەزەت و خۆشی لە کوشتنی خەڵک لە ئەشکەنجەدانی خەڵک دەبینن، ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات هەمان شتە.
ئاخر لە هیچ شوێنێکی سەر ئەو تۆپی زەمینەدا نەبووە خەڵکەکان بەدەستی خۆیان نانی خۆیان و ڕۆڵەکانی خۆیان و دۆست و خزم و کەس و کاری خۆیان بسوتێنن، ئەوە بەس (عێراق)ی کانگای قووڵایی شارەستانیەتەکانی بابلی ئەکەدی و سۆمەری و ئاشوری و میزۆپۆتامیایە.
کە ئێستا بەوڕۆژەی ئیستا گەیشتووە!
ئەو سوتاندنەی ئێستا هەر گەنم نیە کە بۆ بەشی زۆری بۆ مرۆڤەکانە، هەزاران بوونەوەری تر دەسوتێن، خەڵک سارد دەکاتەوە لە ئایندەدا پەنا بۆ داچاندنی دەغڵ و دان بەرێ.
مەبەستی ئەو کارانە چییە؟
1 ـ ئامانج و مەبە ستیانە عیراق و کوردستان لەدەرەوە گەنم و ئارد بکڕن، بۆ ئەوەی فەسادی ئیداری و دزی گەورەی تێدا ئەنجام بدەن.
2 ـ دەیانەوێ جوتیاران و خاوەن زەویەکان مڵکەکانی خۆیان هەرزان فرۆشبکەن و چەند گروپێکی مافیایی کە خوادەزانێ سەرچاوەی داراییەکەیان لەکوێیە؟؟ زەویاکانیان بەهەرزان لێبکڕن.
3 ـ کاریگەری سوتاندنەکە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر لاواز بوونی کەرتی بەخێو کردنی مەڕ و ماڵات و پەڕەور و دانەوێڵە بەگشتی، چونکە ئەوەی لە گوند ژیابێ دەزانێ پاشماوەی ئەو گەنم و دانەوێڵەیە کە دەرێتە مەڕ و ماڵات و پەڕەورەکان، ئەوە جگە لە سوتانی (جۆ) کە ڕاستەخۆ ئەو کاریگەریەی لەسەر ئەو کەرتە هەیە.
ئەو سوتانە بۆ؟؟
پێیان وایە بەو سوتاندنە کورد لە زۆر ئەو ناوچانە لەناخەوە دڵیان لەسەر زەویی و خاکەکە هەڵدەکەنرێ و ئیتر هۆکارێک نایان بەستێتەوە بەو ناوچانەی کە پێیان دەگوترێ خاکی کوردستان و ناوچەی کێشەلەسەر!.
ئەوبابەتە چەندە نامرۆڤانەیە سەد ئەوەندە سیاسییە و ستراتیجیشە!
هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی گەلی کوردستان.
ڕگای چارەسەر:
دوور لە حزب حزبێنە ژوورێکی کاری هاوبەش(غرفە العملیات المشتركە) لە نێوان حزبە سیاسیەکان دروست ببێت تایبەت لەسەر ئەو ڕوداوانە، ڕای خۆیان بدەنە فراکسیۆنە کوردستانیەکانی پەڕلەمانی عێراق و حکومەتی کابینەی داهاتووی هەرێمی کوردستان، حکومەتی داهاتووی هەرێم بەناوی گەلی کوردستانەوە، بەناوی هەموو حزبەکانەوە، ئەو بابەتە مەترسیدارە لەگەڵ عێراق و یوئێن و تەواوی سەفارەت و کونسوڵیەتەکان باس بکات و سنوورێک دابنرێ بۆ ڕێگری کردن لەو کارە دزێوە.
بۆئەوەش دەبێت بە داتاو بە مێژووی ڕوداوەکان و ڕێژەی زەرەدەکان و ژمارە و ناوی شوێنە سوتاوەکان و قەبارەی زیانەکان قسەبکرێ و داواش بکرێ قەرەبووی خاوەنەکانیان بکرێتەوە.
باشترین چارەسەریش گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ ئەو ناوچانەی دوای ڕوداوەکانی 1٦ ی ئۆکتۆبەر تاک لایەنە لەلایەن سوپا و حەشدی شەعبیەوە بەڕێوە دەبرێن.
پەڕلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، هاوشانی حزب و لایەنە سیاسیەکان گوشار بکەن و ئەگەر پێویستی کرد شەقامێش بجوڵێنرێ دژی ئەو پەتا و سیاسەتە چەپڵە کە هەڕەشەیە بۆ ئایندەی ناو هەرێمی کوردستانیش.

 

© 2017 Hawler