حوزەیران 17, 2019

مرۆڤی بێ زمان، وەکو هاووڵاتی بێ دەوڵەتە!

غازی حەسەن

 

پەیوەندی نێوان زمان و مێشک کردەیەکی بەهێزی بوونی مرۆڤە، ئامرازێکیشە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەگیانەوەرەکانی دیکە جیابکرێتەوە. هەموو مرۆڤەکان زمانیان هەیە، شێواز و جۆر و ناسنامەی زمانەکە بۆتە هێما بۆ دیاریکردنی نەتەوە و کەلتور و ناسنامەی گروپە مرۆییەکان. کورد پێش ئەوەی شانازی بەخەبات و قوربانییەکانی و کەلتور و شارستانیەکەی بکات، خۆی بەزمانەکەی هەڵدەکێشێت. هەم زمانەکەی کردۆتە سەنگەرێکی پتەوی مانەوەی، هەم زمانەکەی بۆ مانەوە و پێناسە و بوون و دەربڕینی توانست و هێزی خودی خۆی بەکاردەهێنێت.
کوردستان بۆ ئەوەی دەوڵەت بێت پێویستە، زمانی یەکگرتووی هەبێت، کورد بۆ ئەوەی خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێز و کەسایەتییەکی متمانەبەخۆ بێت، پێویستە لەهەموو شوێنێک بەزمانی دایک قسە بکات. بەپێچەوانەی ئەو ئاراستەیەی دەیەوێت بەبڕیار و خواستی خۆمانە زمانی کوردی بکاتەوە زمانی پەراوێز و بایەخ بەزمانەکانی دیکە بدات. ناکرێت کەسانێکی ئەکادیمی زمانی کوردی نەزانن، بەڵام شانازی بەبەکارهێنانی دەستەواژە و زاراوەی بیانی بکەن. بەدەیان ناوی بیانی لەشوێنە گشتییەکان لەجیاتی ناوی کوردی بەکار دەهێنرێت، کوردی بەتامی عەرەبی و فارسی و تورکی و ئینگلیزی و ئەلمانی و فەرەنسی دەنووسرێت.
خووڕەوشتی بەکارهێنانی زمان کێشەیەکی ئاڵۆزە، زمان کەرەستەی بیرکردنەوەیە لای مرۆڤ، گەشەکردنی بیرکردنەوە پەیوەندی بەئاستی پێشکەوتنی زمانەکەوە هەیە. لەهەمان گاڤیشدا زمان وەکو کۆگایەکی بێ کۆتاییە، لەهەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی و ئاستی ڕۆشنبیری و تەمەن و زانستێکدا دەتوانێت گوزارشت لەخواست و ویستەکانی مرۆڤ بکات. زمان هاوبەشی عەقڵە، وەکو چۆن دەوڵەت هاوبەشی ئایدیۆلۆجیای زانستی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە، دەتوانێت لەهەموو ئاستەکاندا گوزاراشت لەخواست و ئیرادەی هاووڵاتییەکانی بکات. زمان و فکر دووانەیەکی بەیەکەوەبەستراون، دەوڵەت و زمانیش بەهەمان شێوەیە دوو هێزی هێزداری تەواوکاری یەکترن.
زمان دەربڕی فکرە، دەوڵەت دەربڕی پێویستییەکانی مرۆڤە و خواست و مەبەستەکانی مرۆڤ دەگەینن، دەوڵەتیش بەشێوە و شێوازێک دەئاخڤێت، ئیرادە و خواستی مرۆڤەکان بەرجەستە دەکات. بۆیە نە مرۆڤ دەتوانێت بێ زمان گوزارشتێکی تەواو لەمرۆبوونی خۆی بکات، نە دەوڵەتیش دەتوانێت بێ زمان توانا و بەرنامە و بەهاکانی خۆی بسەپێنێت. ئەمانەش پەیوەستن بەمێشک/ عەقڵەوە. هێز و کاریگەری زمان و دەوڵەتیش پەیوەستن بەسەرچاوەی بیکردنەوەی مرۆڤەوە.
مەبەستمان ئەوەیە کوردستان، کە دەوڵەت نییە، گرفتێکی گەورەی سەرچاوەی بیرکردنەوەی لەخۆگرتووە، هەر سەرچاوەیەکی بیرکردنەوەش پەیوەندی بەمێشکەوە هەیە، مێشک ناتوانێت هیچ ئاماژە و گوزاراشت و خواستێک بێ زمان بەشێوەیەکی تەواو و سەرکەوتوو بگەیەنێت، واتە دەوڵەت و زمان سەرچاوەی خواستی بەهێزی مرۆڤن. هاووڵاتی کورد، کوردستانییەکان هەر بەتەنیا کێشەی بەکارهێنانی زمانیان نییە، بەلکو کێشەی دەوڵەتیان هەیە. بیرکردنەوە لەدەوڵەت هێشتا لای هەندێک گروپ و کەس گرفت و ترسێکی ترسناکە، بەبڤەی دەزانن، ئەم دۆخە پەیوەستە بەبەکارهێنانی زمان، زمانیش پەیوەستە بەمێشک و جۆری بیکردنەوەی ئەو گروپ و کەسانەوە.
فەلسەفەی زمان پەیوەستە بەلێکۆڵینەوە لەچۆنیەتی بیرکردنەوەی مرۆڤ، فەلسەفەی دەوڵەتیش پەیوەستە بەلێکۆڵینەوە لەخوڕەوشتی مرۆڤ. زمان ئامراز و لەهەمان گاڤیشدا فکرە. زمان دابونەریت و کەلتور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە، باری دەروونی مرۆڤەکانە، دەوڵەتیش هەمان شتە. بۆیە مرۆڤی بێ دەوڵەت وەکو مرۆڤی بێ زمان وایە، لەهەمان کاتیشدا مرۆڤی بێ زمان وەکو مرۆڤی بێ دەوڵەت و بێ فکر و ستراتیج وایە.

© 2017 Hawler