حوزەیران 25, 2019

شۆڕش کتێبە قەدەغەکراوەکانی سودان، ئازاد دەکات

غازی حەسەن

 

 

دیکتاتۆرەکان بەردەوام لەکتێب و هێزی نووسین و کاریگەری ڕۆژنامە و چاپکراوەکان ترساون، بەسەرهاتی دادگا و سانسۆر و سزادانی نووسەران و سوتاندنی کتێب و کتێبخانەکان مێژووێکی تاڵ و پڕئازارە.
خۆپیشاندانی خەڵک و دەستبەسەرکردنی عومەر بەشیر لەلایەن سوپای سودانەوە، مێخەکی مەزن بوو لەتابوتی ئیخوان موسلیمن درا، دەرفەتێکی نوێی لەبەردەم خەڵک و ئیرادەی گشتی کردەوە، گۆڕانکارییەکانیش کۆمەڵێک نهێنی و شتی شاراوە ئاشکرا دەکەن، خەڵک بەهەوەستی خۆی لەشەقامدا خواست و ئیرادەی دەردەخات.
ڕۆژنامەی لۆفیگارۆی فەرەنسی لەڕاپۆتێکدا باسی ئازادبوون و خوێندنەوەی ژمارەیەک کتێب و بەئاشکرا فرۆشتنیان لەسەر شۆستەی شەقامەکانی سودان دەکات. بەپێی ڕاپۆرتەکە لەشەقامی (القیادە)، کە مەڵبەندی سەرەکی خۆپیشاندانەکانەی خەرتوومە، خۆپیشاندەران بەسەدان ناونیشانی قەدەغەکراویان لەو کتێبانە داناوە، کە دەسەڵاتی بەشیر قەدەغەی کردبوون. خەڵک بەدەوری کتێبە دانراوەکانی سەر شەقام گردەبنەوە و کتێبەکان هەڵگێڕو وەرگێڕ دەکەن و لەبابەتی نوێ دەپرسن. کتێب فرۆشەکە گوتیەتی کتێبی کفاحی هیتلەر و کتبەکەی جۆرج ئۆرێل و چەمکی ئازادی لای عەبدوڵڵا ئەلعوری بازاڕیان گەرمە، هەروەها خەڵک بایەخی زۆر بەکتێبەکانی کانت و کارل مارکس و دۆستۆفسکی دەدات. هەر کتێبێک باسی شۆڕش و سیاسەت و ئازادی بکات، خواستی خوێندەنەوەی لەسەرە. سەرباری ئەو بابەتانەی لەبارەی دارفۆرە نووسراون، پێشتر لەم وڵاتە بڤەبوون، ئێستا بەئاشکرا دەفرۆشرێن.
هەندێک دەیانەوێت لەڕێگەی سیاسەت و شۆڕشەوە گۆڕانکاری لەوڵاتدا بکەن، هەندێکی دیکەش دەیانەوێت لەڕێگەی مەعریفە و کتێبەوە ئەم کارە بکەن، هەر دەرفەتێکی ئازاد بۆ ئازادانە بڵاوکردنەوە و فرۆشتن و خوێندنەوەی کتێب و چاپکراوەکان دەقۆزنەوە. خاوەنی ئەم بیرۆکە تازەیەی شەقامی ئازاد، کتێبی ئازاد لە سودان خاوەنی کتێبخانەی کابۆی نوێیە، کە بە معلم نێوبانگی دەرکردووە. ئامانجی ئەوەیە خەڵکی خەرتووم سود لەو گۆشە ئازادە(سەر شۆستەکان)، کە کتێبەکانی لێ دەفرۆشێت وەرگرێت و خەڵک دەستی بەسەرچاوە ئەدەبی و مێژووییە ورژێنەرەکان ڕابگات، خوێنەر و وەرگری مەعریفە تاکو هەنووکەش لەبەشێکی ئەو سەرچاوانە بێبەش کراون. خوێنەر لەم کەتوارە تازەیەدا، کتێب دەکڕێت، ئەگەر گیرفانیشی فەتەڕۆی بوو، بۆ چەند ڕۆژێک کتێب بەکرێ وەردەگرێت.
شۆڕش، ئەگەر دەسەڵاتی عومەر بەشیری کۆتایی پێ هێنابێت، هاووڵاتییە تووڕە و ناڕازییەکان پێداگری لەسەر پێکهێنانی حکوومەت و دەسەڵاتێکی مەدەنی بەبەشداری نوێنەری خەڵک بکەن، خوێنەرانی کتێب و کتێب فرۆشەکانیش بچوکترین گۆشەی ئازادی شەقامێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و بەها و کاریگەری کتێبە ئازادکراوەکان لەپێناو بڵاوکردنەوەی مەعریفەی ئازاد و بەردەوامی ئامانجە مەدەنییەکانی شۆڕش و سیاسەت دەقۆزنەوە.
هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت بەهای ئازادییەکانی بکاتە بەهایەکی مادی، ئەگەر ئازادی چاپ و بڵاوکردنەوە و کتێبی تێدا باڵادەست نەبێت. ترس لەکتێب، ترسە لەهێزی وشە و گەشەکردنی عەقڵی مرۆڤەکان. مرۆڤ، کە تامەزرۆی ئازادی دەبێت، پێش هەر شتێک دەیەوێت کتێب و وشە لەزیندانی سانسۆر و قەدەغەکردن و سوتاندن ئازاد بکات. جەزیرە (https://www.aljazeera.net/news/cultureandart/2019/5/10/ ) بەبایەخەوە باسی بابەتەکەی ڕۆژنامەی لۆفیگارۆی فەرەنسی کردووە. ئەمەش ئاماژەیەکی گرنگە، کە مرۆڤ لەیەکەم دەرفەتی ئازادی سیاسی، بەدوای سەرچاوە و مەعریفەی ئازادبووندا دەگەڕێت. ئازادی عەقڵ و کۆمەڵگا لەئازادبوونی کتێب بەدی دێت، نەک تەنیا گۆڕینی کەسەکان و ڕووخاندنی زیندانەکان، کۆمەڵگەی ئازاد پێویستی بەشکاندنی زیندانی عەقڵ و کۆت و سانسۆری دژ بەکتێب و پەیڤ و چاپکراوەکانە.

© 2017 Hawler