حوزەیران 17, 2019

غازی حەسەن

 

نازانم کێ ئەم قسەیەی کردووە، بەڵام ئەم وتەیە بەردەوام لەسەر زاری ئاخێوەری کوردە. مرۆڤ دڕندەترین گیانەوەرە، تەنیا لەخۆشەویستیشدا سەرشێتانەیە، مرۆڤ بەهەموو ستێک دەچیت، تەنیا مرۆڤ نەبێت. شت ڕەنگە کەلوپەلێکی بەرجەستەی دیاربێت، ڕەنگە بیروبۆچوون و مەبەست و لێکدانەوەیەکی هزری بێت، بەڵام لەکۆتایدا ئەوانە شتن.
(ئەشواق شتیوی) لەڕۆژنامەی عەکازدا دەڵێت "مرۆڤ شتێکە لەنێوان شتەکاندا"، واتە مرۆڤ کەلوپەل و فکر و بۆچوون و هەستونەستێکە لەنێو شتەکاندا. قسەکەی لە(فیشەر) خواستووە، کە دەڵێت "لەجیهانی لێ دابڕێنراودا، مرۆڤ هیچ بەهایەکی نییە، تەنیا شتەکان نەبێت". (ئێرم فرۆم)یش پێی وایە هەر گاڤێک مرۆڤ بووە کەلوپەل، بەرەو مردن دەچێت. هەرچەندە لەڕووی فیزیۆلۆجییەوە زیندووش بێت، ئەگەر مرۆڤ لەڕووی دەروونییەوە مرد، با بەلاشەش زیندوو بێت، بەرەو کەوتن دەچێت. مرۆڤی کەوتوو کەسێکی مەترسیدارە لەدژی خۆی و دژی خەڵکی دیکە. لەبەر ئەوەی مرۆڤی کوردی هەمیشە کەوتێنراو بووە، بۆیە مرۆڤی بەشتی پیس ناوبردووە.
قسە کوردییەکە زۆر ڕاشکاوانە پێناسەی مرۆڤی کەوتووی کردووە، مرۆڤێکی مردوو لەڕووی دەروونییەوە. ئەو کاتانەی مرۆڤ بەها و ڕەوشت و کەسایەتی و پێگەی دەروونی خۆی لەدەست دەدات واتە لەڕووی دەروونییەوە دەمرێت، لێکدانەوە بۆ هیچ شتێک ناکات، بۆچوون و قسەی هیچ کەسێکی لاگرینگ نییە، ڕابردوو بەهیچ نازانێت، تەنیا بەدیهێنانی خواستی شیتانە و ئارەزووی سەرکێشانە نەبێت.
دەڵێن مرۆڤ شتێکی پیسە، لەنێو دەوروبەری کۆمەڵایەتیدا بۆتە کەلوپەل و شت. واتا شتانێک هەن پاکن، یان هێندەی ئەخلاق و بڕیار و کەسایەتی مرۆڤ پیس نین. مرۆڤێک کاتێک نیشتیمانەکەی دەفرۆشێت (سەگێکی ئەنفالکراو لەسەر شتی خاوەنەکەی دەجەنگا)، کەسێک، کە درۆ بەدرۆ دەبەستێتەوە (باهەر ئیسلامی سیاسی بێت باکی بەسزای خودا نییە)، مرۆڤێک ساختەکاری لەساختەکردندا بەسەرکەوتن و لێزانی و گەورەیی بزانێت (چاکسازی و دیموکراسی بەقوربانی مەرحەبایەکی دوژمن دەکات)، کەسێکی کەتوو (مانەوەی خۆی لەداژیەتی ناوەخۆیی و وابەستەبوون بەدوژمنەکەی دەبینێتەوە)، لەنێو شتەکاندا مرۆڤ مردووترین شتە، تەنیا بەلاشە و جووڵە زیندووە.
خۆپەرستی و پایە و دەروون نەخۆشی یەکێکە لەو شتانەی مرۆڤیان بەپیسترین شت چوواندووە، هەستی خۆبەکەم زانین، بچووکبوونەوە لەبەردەم دوژمن و خۆفشکردنەوە و هەڕەشە و گوڕەشەش لەدژی هاوخوێنەکەی خۆی، پیسترین دۆخی دەروونی و کەسێتی مرۆیە.
مرۆڤ لەنێو شتەکاندا کردەیەکی بەکارهێنراوی مەترسیدارە. شتەکان ئەگەر دوور لەخواستی خۆیان بۆ بەدیهێنانی مەبەست و بوارێک بەکاربهێنرێن، ئەوە مرۆڤ بەخواستی خۆی، بۆ تێرکردنی مەبەستەکانی پەلەیەتی. بۆ نموونە هەنگووین وەکو شت ئەگەر لەشێوەی ژەهریش بۆ کوشتنی ئیرادەی خەڵکی دیکە بەکاربهێنرێت، پێدانی ئیرادەیە بەشت (هەنگوینەکە)، بەڵام گاڤێک مرۆڤ و ئیرادەکەی لەشەڕانگێزی وەکو (ژەهر/ شت)، بەتامی هەنگوین بەخەڵکی دیکە دەدرێت ئەوە خودی مرۆڤ دەبێتە(شتێکی ئیرادە مردوو).
مرۆڤ شتێکە بۆ بەدیهێنانی شتە مادییەکان بەکاردەهێنرێت، لەزۆر بوردا لەژێر هەژموونی ئاین و ئایدیۆلۆجیا و ڕەگەزپەرستی و دەمارگیری و توندەڕویدا هەڵ دەسوڕێنرێت. واتە مرۆڤ دەبێتە بەشێکی لاوازی بێ ئیرادەی نێوان شتەکان.
مرۆڤ بەنرخترین سەرمایە (مارکس). ئەم قسەیە دەمێکە گوتراوە، بۆ ئەمڕۆش گونجاوە، کاتێک مرۆڤ بەهای دەروونی و کەسێتی لێ زەوت دەکرێت، وەکو کەلوپەلێکی داهێزراوی ژەنگاوی بەکاردەهێنرێت. مرۆڤ دەبێتە شتێکی ترسناک لەنێوان شتە تۆقێنەرەکان. لای گروپە توندەڕەوە ئاینییەکان مرۆڤ وەکو کەلوپەل و پارچە ئاسنێک دەڕوتێنرێتەوە، لەخۆتەقاندنەوە بەکار دەهێنرێت. لەململانێی ئایدیۆلۆجیدا (درۆزانی و خۆفرۆشتن و ساختەکاری و کوشتنی بەرانبەرکە و بەکارهێنانی شت و ڕێگای جیاواز بۆ سەرکوتی ڕکابەرەکەی. تاد) بەشتێکی ڕەوا دەزانێت، ئەمە مردنە. بەڵێ کوشتنی مرۆڤ لەڕووی دەروونی و سوکایەتی کردن بەبەها و کەسایەتی مرۆڤەکان مەترسیدارترە لەتەقاندنەوەیەکی تیرۆریستی.
مرۆڤ ترسناکترین شتە، بۆ؟ ئەوە نییە لەنێوان دوو ڕستەی هەر ڕۆژنامەیەکدا بۆمبێک دەچێنێت، لەنێوان هەردوو پەیڤینێک تەپکەیەکی درۆ دادەنێتەوە، لەنێوان هەر وشەیەکدا ئاوازەیەکی ورژاندن لەپێناو شکاندنی کەسایەتی خەڵکی دیکە بەکاردەهێنێت. لەنێو شتەکاندا تەنیا مرۆڤە گومان لەئارامی و پێکەوەژیان و متمانە و ئازادی تاک و سەروەری تاک و یەکسانی ڕەگەزەکان دەکات. مرۆڤ شتێکە بەهیچ شتێکی دیکە ناچێت، دەیەوێت خراپی بەخراپەکاری بسڕێتەوە، شەڕ بەشەڕ کۆتایی بهینێت و شەیتان بەشەیتانی خۆی دەمکوت بکات. هێز بەهێز دەشکێنێت و چاکەکاری بەخراپەکاری یەکسان دەکات. مرۆڤ دەتوانێت گورگ و مەڕ لەیەک هەوێزدا مۆر بکات، هەر مرۆڤیشە مریشک و هێلەکەشی دەخوات و کوڵکەکەی دەکاتە سەرین و جەنگ لەپێناو ئاشتی هەڵدەگیرسێنێت و هەموو بەهاو شتە مرۆییەکانی مرۆڤی لەخودی مرۆڤدا کوشتووە. لەمە پیستر هەیە؟!

© 2017 Hawler