ئایار 25, 2019

ئاریان فەرەج

 

ئەمریكا و ئێران دەمێكە دردۆنگن، بەڵام هاوسەنگەریی و دوژمنی هاوبەشیشیان هەبووە (تاڵیبان و بەعس و داعش بە نموونە). ئامانجی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی گۆڕینی سیاسەتی دەرەكیی ئێران ومەترسییەكانیەتی لەسەر بەرژەوەندی و هەژمونی ئەوان لە ناوچەكەدا، نەك گۆڕینی دەسەڵاتی جمهوریی ئیسلامی.
سزاكان ئێرانیان پەرێشان و قەیرانباركردووە و شەڕ ئەو ووڵاتە نابوتتر دەكات، ناوچەكەش كە لەدەست شەڕە یەك لەدوا یەكەكان، ماندووبووە، هاندەری هەڵایسانی شەڕێكی دیكە نییە و نیگەرانی ئەو بارگرژیەیە. گەر ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیشی بە جەنگێكی دیكەی بە مەسرەف بەرژەوەندییەكانیان بپارێزن، گران لەسەر خۆیان و لەسەر ئابوری و ئارامیی كۆی جیهانیش تەواو دەبێ.
دەروجیرانی ئێران و ووڵاتانی ناوچەكە، لەم كێشمەكێشەدا بە ئەندازەی جیاجیا لەبەردەم مامەڵەیەكی سەختدان، عێراق كە زیاد لە رایەڵەیەك بە ئێرانیەوە دەبەستێ، وەزعی لە هەموان حەریجترە و تا بارگرژییەكە سەختتر بێت، راگرتنی باڵانس یان خۆساغكردنەوەی لەو ململانێیەدا قورستر دەبێت.
كوردستان لەو نێوەندەدا بێ ئەوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆبێت و چاوەڕوانیی بڕیاری سەربەخۆی لێبكرێت، بە قەبارەی خۆی كاریگەریی هەر پێشهاتێكی خراپی بەردەكەوێت كە لەسەرینی پەرەسەندنی ئەو ململانێیەوە بێتەئاراوە. گەر رەوشەكە خراپتر بێت و رارەوەكانی رۆیشتنی نەوت لە كەنداو ئاستەنگیان بۆ دروست بێ و نەوتی عێراقیش وەك ئەوانی دیكە رابگیرێ، كوردستانیش قەیرانبار دەبێ، بۆیە تاكە پرنسیپێك كە كوردستان پشتگیریی بكات ئەوەیە كە لەگەڵ بارگرژی زیاتر و جەنگ نییە و خوازیارە ئەم كێشەیە بە لێكگەیشتنێكی نێودەوڵەتی یەكلابێتەوە.
كوردستان وەك بەشێك لە دەوڵەتی عێراق، لەم بابەتەدا هەر دەبێ پەیڕەوی بڕیار و هەڵوێستەكانی بەغدا بكات، بەغداش لە نێو بگرە و بەردەیەكی سەختدایە و بە ئاسانی خۆی پێ ساغ ناكرێتەوە.
لەم كەین و بەینەدا چاوی ناوچەكە لەسەر عاقڵمەندانی نێو كێشمەكێشەكەیە بە تاران و واشنتۆنیشەوە، ئەو عاقڵمەندە میانرەوانەی هەستیاریی هەلو مەرجی ناوچەكە و جیهان دەخوێننەوە و دەشزانن شەڕ و بارگرژی جیا لە زیان و ماڵوێرانی، مەرجیش نییە سەقامگیری و رەوشێكی باشتر بەدیبێنێ بەڵكو كۆی ناوچەكە دەخاتە نێو فەوزایەكی بێ سەرو بنەوە.

© 2017 Hawler