ئاب 23, 2019

ڕۆژگارێك دەبێ وەك سەروەری مێژوو بۆ نەوەكانی خۆمانی بگێڕینەوە

عەبدولقەهار هەولێری_ هۆلەندا

 

لە دوای ڕاپەرینی شكۆداری 1991 ەوە گەلی كورد بەچەندین وێستگەی پر لە زەحمەت گوزەری كردو قۆناغەكانی مێژوویی حوكمرانیەتی ێری زۆر وانەی لۆژیكی كردن و ئێستاش لەسەر ئاستی نێودەولەتی وەكو نمونەیەكی ئەزموندار سەیری دەسەڵاتداریەتی كوردی دەكرێ، بۆیە پێویستە هەموو تاكێكی كورد بەشانازیەوە مێژووی خۆی بۆ نەوەكانی داهاتوو بنوسێتەوە.
هاوڵاتیانی كوردستانی عێراق لە هەلوومەرجێكی دیموكراتیانەو ئازادانەدا یەكەمین پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و گشتییان بەئەنجام گەیاند، لە مێژووی هاوچەرخی هەرێمی كوردستان ئەوە یەكەمین جار بوو تەواوی دانیشتوانی شاروو لادێ‌ وئاواییەكانی كوردستان ئازادانە دوور لە هەر گووشاروو پاڵەپەستۆیەك بچنە بەردەمی سەندوقەكانی دەنگدان و نوێنەرانی خۆیان بۆ یەكەمین پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێرن، دەنگدانی جەماوەری كوردستان لە ڕۆژێكی پیرۆزی ئەو ساڵی 1992دا نەتەنیا ئەزمونێكی دیموكراتیانەی ئازادانە بوو، بەڵكو كەرنەڤاڵێكی میللیش بوو. خەڵكی كوردستان بە جیاوازی ئاین ونەتەوەو نەژادەوە تەڤلی بوون، پرۆسەكە بۆ هەڵبژاردنی 105 نوێنەر بوو، هەڵبژاردنەكە و جیاكردنەوەی دەنگەكان لەسەر سیستمی نۆێنەرایەتی ڕێژەی بەڕێوە چوو. بەجۆرێك هەر پارتێكی بەشدار بوو بۆ ئەوەی تەڤلی پەرلەمان بێت دەبوایە لەسەدا حەوتی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، هەڵبژاردنەكە بەسەرپەرشتی چاودێرانی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، دوو ڕۆژ پاشتر دەرەنجامە رەسمی و كۆتاییەكانی لە 22ی ئایاردا بۆ هەموو لایەكیان دەرخست، كە پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنی كەسك زۆربەی هەرە زۆری دەنگەكانیان بەدەست هێناو بەمەش كورسییەكانی پەرلەمان لەنێوان هەردوو لادا دابەش كران، بەرەی كوردستانی بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بڕیاری دا پێنج كورسی بۆ برا مەسیحییەكانی كوردستان بەبێ‌ هەڵبژاردن دەست نیشان بكات ئەوەش نەبادا مەسیحییەكانی كوردستان نەتوانن لەسەدا حەوتی دەنگەكان مسۆگەر بكەن، سەرەرای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كابینەی حكومەتێك دروست كرا، هەردوو پارتییەكە تییایدا نیوە بە نیوە بوو، پەرلەمانی كوردستان یان ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردستانی عێراق بووە مینبەرێك بۆ تەواوی گەلی كوردستانی عێراق بەهەموو نەتەوەو ئاینە جوداكانەوە، دەبێت بوترێت ناوەرۆكی سیاسیانەی گوتاری بزافی رزگاریخوازی كوردستان هەر لەسەرەتاوە، دیموكراسیخوازی بووە،هەر بۆیە لەئاداری 1991دا سەرۆك بارزانی لەشاری كۆیە،گفتی بەجەماوەری كوردستاندا،كە بەرەی كوردستانی بۆ ئەوە نەهاتووە هیچ شێوازێك بەسەر گەلدا بسەپێنێت، بەڵكوو لەهەوڵی دروست كردن دەوڵەتی قانوون دادەبێت ودەبێت خەڵك لەهەڵبژاردنی ئازاددا،دەسەڵاتی خۆی هەڵبژێرێت،هەر بۆیە لە 19ی ئایاردا هەڵبژاردنی گشتی ئازادانە لەكوردستان ئەنجام دراو چەندین پرۆسەی هەڵبژاردنی دیكەی بەدواوە هات تادەگات بە رۆژگاری ئەمرۆمان، كە دوای گەڕێكی سەركەوتووی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان بوو، ئێستا كابینەی نوێ حكومەتی كوردستان لەسەروبەندی ڕاگەیاندنیەتی.

© 2017 Hawler