ئاب 23, 2019

ئەمەریکا و شەڕی گرووپە توندڕۆ ئیسلامییەکان

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

 

ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهان، بە تایبەتی لە عێراق، سووریا و ئەفغانستان، هێندەی لەڕووی چەکداری و بەگەڕخستنی تانک و بۆردوومانی بنکە و بارەگەکانی چەکدارانی تیرۆریست و توندڕۆکان، کاری کرد و ئێساش دەیکات، بە پێچەوانەوە لەڕووی فیکری و وشککردنی سەرچاوە و هۆکاری سەرهەڵدان و گەشەسەندنی داعش و گرووپەکانی تر، کاری نەکردووە، ئەمە جگە لەوەی هەم عێراق و هەمیش ئەفغانستان خۆیان هیچ هەوڵێک نادەن بۆ ئەوەی مەترسی تیرۆر لە خۆیان دوور بخەنەوە، بە پێچەوانەوە خۆیان زۆربەی کاتەکان دەبنە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو گرووپانە، بۆ نموونە گوایە شەڕی داعش دەکات، عێراق دێت حەشد دروست دەکات، ئەگەر داعش گرووپێکی توندڕۆی سوننە بوون، ئەوا حەشدی شەعبی پەرچەکرداری شیعەکانە لە دژی چەکدارە سوننەکانی ناو داعش و لە ئایندەشدا حەشد هەمان ڕۆڵی داعش دەگێڕێت، بەڵام لە بەرگێکی تردا کە کەم کەس دەرکی پێ دەکات، بە تایبەتی ئەوەی حەشد وەک هێزێکی ترسناک و وەک فۆبیایەک دەخزێتە ناو ناخی هەر تاکێکی عێراقی، بەتایبەتی ئەو ترسە شاراوەیە بۆ سوننە و کورد زیاتریش دەبێت، چونکە حەشد لە خۆیەوە دروست نەکراوە، بەڵکوو پڕۆژەی سیاسی و مەزهەبییە کە شیعەکانی عێراق و ئێران لە دژی سوننە و بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن دروستیان کرد، ئەگەر کارێکی خراپیش بکەن، کەمتر ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە، واتە ئەوەی سوپا پێی ناکرێت یان نابێت بیکات، حەشد دەتوانێت بیکات، بەهۆی ئەوەی هێزێکی میلیشیاییە و تەنیا بۆ پارە لە پەرلەمان بەرگی یاسایی بە بەردا کراوە.
ئەوەی دڵی بە ڕۆیشتنی داعش خۆشە، واتە لەڕووی سەربازییەوە، ئەوا دووبارە پێویستی بە وردبوونەوە لە دۆخی ئامادەی عێراق و ناوچەکە هەیە، بەوەی هەمیشە دەکرێت گرووپگەلی توندڕۆ بەڵام لەژێر تایتڵی جیاواز و بۆ یەک ئامانج سەرهەڵبدەن، ئەو هەڕەشانەی ناوە ناوەش لە ناوچەکانی ماددەی سەدوچل و شارەکانی دیکەی عێراق، لەلایەن داعشەوە دەکرێن، دەکرێ سەرەتای سەرهەڵدانی گرووپگەلی توندڕۆ بێت، مەرج نییە ئەو هەڕەشانە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە داعشەوە هەبێت، ڕەنگە گرووپی دیکە بن و لەژێر ناوی داعشدا چالاکی تیرۆریستی دەکەن، هەتا ئەوکاتەی بەهێز دەبن، ئینجا خۆیان ڕادەگەیەنن، واتە دەکرێ تایتڵی داعش بڕوات، بەڵام ژینگەی فیکری و جوگرافی و ئابووری و کۆمەڵایەتی عێراق و ناوچەکە زۆر لەبارە بۆ دروستبوونی گرووپگەلی تیرۆریستی دیکە، داعش نا، هی دیکە دێت کە دواجار هەموویان دەچنەوە ناو یەک بازنەی هەڕەشە لەسەر کۆمەڵگە.
فیکری توندڕۆیی ئیسلامی، وەک ڕژاندنی پەرداخێک ڕەنگە لەناو مەنجەڵێک ئاوی پاکدا کە بەخێرایی ڕەنگی ئاوەکە دەگۆڕێت، ئینجا ژینگەی عێراقیش وەک مەنجەڵەکەیە و فیکری توندڕۆیی تێیدا بەردەوام لە گەشەکردندایە، بۆیە گرنگ ئەوەیە کورد ئەو مەترسییە بە هەند وەربگرێت، ئەگەر ئەمڕۆ لە قەرەچووغ چەکدارانی تیرۆریست هەڕەشە دەکەن و دەسووڕێنەوە، دەکرێت سبەی لە شوێنێکی تر بن، ئینجا کوردستان دەبێت بە جدی ئیش بۆ وشککردنی سەرچاوەی فیکرەکە بکات بۆ ئەوەی توندڕۆیی لە خۆمان دوور بخەینەوە، چونکە ئەوان سەرەتا وەک رەخساندنی زەمینە کار دەکەن و دواتر کردەی چەکداری ئەنجام دەدەن، هەر کە تەواو گەشەش دەکەن و لەڕووی فیکرییەوە دەچنە ناو ناخی خەڵکانێکەوە، ئیدی زەحمەتە بتوانین شەڕی ئەو فیکرە توندڕۆییە بکەین لە نموونەی میسر لەوەتای ئیخوانی تێدا سەریهەڵداوە، بەردەوام و لە هەموو قۆناغەکانی ئەو وڵاتە ئاڵۆزی و مەترسی تێیدا خۆی نوێکردووەتەوە و لە بەرگ و بە هۆکاری جیاوازەوە هەڕەشەن بۆ سەر کۆمەڵگەکە، کە زۆربەی هۆکارەکانیشی فیکری توندڕۆیی ئیسلامییە کە سەرچاوەکەی خۆی لە ڕەتکردنەوەی بەرانبەر دەبینێت.

© 2017 Hawler