ئەم پەڕەیە چاپ بکە

سەركۆمار و كورد

ئاریان فەرەج

بە میكانیزمێك كە پۆستی سەكۆماریی لە بەها و ئەرزشیی نەتەوەیی ئەو پۆستە بۆ كورد بەتاڵكردەوە، بە میكانزمێك كە تێیدا دانانی بەربژێر لە دەستی كورد دەرهێنرا و كەوتە دەستی غەیرە كورد، بە سەفقە و فرت و فێڵ و لە رەوشێكی ناجۆردا، بە بەجێهێشتنی حزبێك و دروستكردنی حزبێكی دیكە و بە پێشێلكردنی پرنسیپە سەرەتاییەكانی حزبایەتی و خەباتی سیاسیی و هاوبیری، بەرهەم ساڵح پۆستی سەركۆماریی بۆ خۆی بچڕی.
ئەمانە بە جێی خۆی، بەڵام حەقیقەتی تاڵتر ئەوەیە، لەو كاتەوە بۆتە سەركۆمار، نە خۆی لە یەك كێشەی كوردستان و یەك مافی خەڵكی كوردستان بەخاوەن كردووە و نە هەنگاوێكی ناوە بۆ چارەسەری هیچ یەك لەو كێشە و گرفتانە.
لەو كاتەوە پۆستەكەی پچڕاندووە، نە لەسەر رەوشی نائاسایی كەركوك قسەیەكی هەبووە، نە لەسەر شنگال بەجواب هاتووە، نە رێی بەخۆی داوە هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی ماددەی سەدوچل و گرفتی ناوچە كوردستانییە كێشەلەسەرەكان بنێ. نە قوت و موچە و میزانیەی خەڵكی كوردستانی بە لاوە بابەت بووە و نە هیچ پەیوەندیەكی پێوە هەبووە. تەنانەت بە ئەركی خۆی نەزانیوە لەئاست ئەو غەدرەی لە جوتیارانی كوردستان دەكرێ و پارەی حەڵاڵی گەنمەكەیان لە ناهی ناهەق زەوت دەكرێ، نققەیەك بكات.
ئەمەی روودەدات چاوەڕوانكراو بوو، ئاخر سەركۆمارێك بە دەنگی و پشتگیریی كورد هەڵنەبژێردرابێ و هاودەنگیی كوردی لەسەر نەبووبێ و لە نێو ماڵی كوردییەوە پەسەندی ئەو پۆستە نەكرابێ، سەركۆمارێك عەرەب پۆستەكەیان بۆ یەكلاكردبێتەوە، بێگومان خێری بۆ كورد نابێ و جورئەتی ئەوەشی نابێت لەسەر كورد و بەرژەوەندییەكانی كورد بێتەجواب و بەرامبەر ئەو دەنگانە بوەستێتەوە كە كردیان بە سەركۆمار.
پشكی كورد لە پۆستە سیادییەكانی عێراق، پۆستی سەركۆمارییە، ئەو پۆستە كاتێ بۆ كورد بە دەسكەوت دەژمێردرێ كە خێری بۆ كورد هەبێت و ئەو كەسەی پڕیكردۆتەوە نوێنەرو پارێزەر و مودافیعی داوا رەواكانی كورد بێت، بە تایبەت كە كۆی ئەو داوایانە داوای مەشروع و دەستوری بن و ئەركی سەرەكیی سەركۆماریش پاراستنی دەستور بێت. بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی بەرامبەر ماف و بەرژەوەندییەكانی كورد، بە هەموو پێوانەیەك دژایەتی و لێدانی ئەو ماف و بەرژەوەندییانەیە.