تەمموز 19, 2019

بە 4 دەستیپێكرد، ئەی بەچەند كۆتایی دێت؟

جەمال عەبدوڵا

 

• چوارشەممەی پێشوو لەسەر جوڵاندنی كەشتیی فڕۆكەھەڵگری ئەبراھام لینكۆڵن نووسیم و وتم لەجیاتی ئەوەی كورد خەریكی ئەوە بێت كە ئایا جێگرەكانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان چیان بەدەستبێت، لەجیاتی ئەوە باشترە جوڵەی ئەو كەشتیە جەنگیە كورد ڕابچڵەكێنێ و بەیەكەوە خۆیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ھەموو ئەگەرەكان ئامادە بكەن چونكە جوڵاندنی ئەو كەشتیە جەنگیە ئاماژەی شەڕەو ئەو كەشتیە لەھەموو كاتێكدا ناجوڵێنرێت، 4 ڕۆژ دوای ئەو نووسینە 4 كەشتیی بازرگانی لە كەناراوەكانی ئیماراتی عەرەبی پەلامار دران كە دوانیان سعودی و یەكێكیان ئیماراتی و ئەوی تریان نەرویجی بوو . ئێستاش دەڵێم واباشترە ھەموو كورد خەریكی ئەوە نەبن كە كوڕی كێ یان ژنبرای كێ یان ئامۆزای كێ یان خاڵۆزاو پورزای كێ دەبێتە وەزیرو سەرۆكی دەستە . واباشترە ئەم بابەتە بۆ كاندید بۆ سەرۆكی حكوومەتی نوێ بەجێبھێڵن، چونكە ئەوەندەی من بزانم كاندید بۆ سەرۆكی كابینەی نوێی حكوومەت زۆرباش جۆری مەعدەنەكان دەناسێت و زۆرباش دەزانێت ئەڵماس و مرواری و زێڕو مس و تەنەكە لەیەكتر جیا بكاتەوە . ئەو حزبەی وابزانێت كاندیدی باش و شیاو لە كاندیدی خراپ و نەشیاو بۆ كاندید بۆ سەرۆكی حكوومەتی نوێ جیا دەكاتەوەو دەڵێت ئەم كاندیدە بۆ ئەو پۆست و بۆ ئەو كارە باشەو ئەمەیان باش نیە، وەك ئەوە وایە باسی جۆرەكانی خورما بۆ خەڵكی بەسرا، یان باسی سێو بۆ خەڵكی بەرواری باڵا یان باسی قەزوان و گوێز بۆ خەڵكی ھەورامان یان باسی جۆرەكانی پەنیر بۆ ھۆڵەندی و فرەنسیەكان بكات! بۆیە ئیتر پێویستە لەناو ئاماژەكانی گۆڕانكاریی چاوەڕوانكراوی ناوچەكە بەشێكی زۆری سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بابەتی گۆڕانكاریی چاوەڕوانكراوی ناوچەكە لەناو ململانێی نێوان ئەمەریكاو ئێران بە جدی وەربگرن و سیاسەت و پلانی تایبەت بەخۆیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ھەموو ئەگەرەكان دابڕێژن و پاڵی لێنەدەنەوە و نەڵێن عێراق چیی كردو چ سیاسەتێكی پێڕەوكرد ئێمەش ئەوە دەكەین، چونكە ئەوەتا عێراق جارێ خەریكی تەعریبكردنەوەی گوندی پەڵكانەی كەركووكە و ھەردەڵێیت نەبایان دیوەو نەباران!
• ئەگەر زۆر درێژەی نەدەمێ ئەمەڕای تایبەتیی خۆمە، كە : - ئێران بە گفتوگۆ و ڕێگەچارەی سیاسی بێت یان سەربازی نابێت بەم جۆری سیستەمەی ئێستاوە بمێنێت، چونكە: -
1 : - ئەوەی لەم ناوچەیەدا ھەڕەشە لە نەوت و ئیسرائیل بكات سەری خۆی دەخوات و نابێت بمێنێت، ئەمە بەشێكە لە سەوابیتەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا. سەدام حسێن پێش ئەوەی كوەیت داگیربكات و ئینجا ھەڕەشە بۆ سەر سعودیە واتە ھەرەشە بۆ سەر نەوت درووستبكات ھەڕەشەی لە ئیسرائیل كردو وتی ئێمە كیمیایی مزدەوەجمان ھەیەو نیوەی ئیسرائیل دەسووتێنین، ئەو ئەحمەقە ئەوەی بیرچووبوەوە كە پێشئەوەی ئەو چەكی كیمیایی ھەبێت ئیسرائیل چەكی ئەتۆمیی ھەبووەو لەساڵی 1981یشدا ئەو كاتەی كە لەكورە ئەتۆمیەكانی عێراقی دا دوای لێدانەكە ئیسرائیل خۆی وتی ئەوە من بووم كوتامی، ئەگینا عێراق ھەر نەیشیدەزانی ئەوە كێ بووە بۆردومانی كورە ئەتۆمیەكانی كردووە! ئینجا ئێستاش ئیسرائیل، ئێران بەھەڕەشەی ژمارە یەك بۆسەر خۆی دەزانێت و برادەرەكانیشی لەغەزەوە ناوە ناوە مووشەكی ئێرانی دەگرنە ئیسرائیل! و ھەندێك لەبرادەرەكانی تریشی لە یەمەنەوە مووشەك دەگرنە سعودیە!
2 : - مامەڵەی سەتە ( صفقە القرن ) كە پلانێكی داڕێژراوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوەو تایبەتە بە چارەسەركردنی ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكان و بەرقەراركردنی ئاشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و داڕشتنی ئەم پلانەش یەك ساڵ و نیوی خایاندووە و ئامادەشە بۆ ئەوەی وردەكاریەكەی ڕابگەیەنرێت. ئینجا بۆ سەرخستنی ئەم مامەڵەو پلانەی ترمپ و چەسپاندنی ئەم پلانی ئاشتیە لە ناوچەكەدا نابێت ئەوانە بمێنن كە ھەرەشەی جدی لەم مامەڵە و پلانە دەكەن، ئەم پلانەی ترەمپ سەرناكەوێت و ناچەسپێت ئەگەر حەماس و جیھادی فەلەستینی و حزبوڵای لوبنان بمێنن، خۆ ھەتا ئێرانیش بەم جۆری سیستەمەی ئێستاوە بمێنێت، حەماس و جیھادی فەلەستینی و حزبوڵای لوبنان دەمێنن، ئینجا بۆ ئەوەی حەماس و جیھادی ئیسلامی و حزبوڵای لوبنان نەمێنن دەبێت سەرچاوەی پارەو چەك و ڕاھێنانیان نەھێڵرێت . سەرچاوەی پارەو چەك و ڕاھێنانی ئەو سێ لایەنەش ئێرانە بەم سیستەمەی ئێستاوە . وابزانم ئێستا تۆزێك ڕوونبوەوە كە ئەگەر بەزمەكە بە لێدانی 4 كەشتیی بازرگانی دەستیپێكرد بەچەند كۆتایی دێت!

© 2017 Hawler