ئایار 25, 2019

حكومه‌تی داهاتوو بۆ به‌ هێز ده‌بێت؟

کەریم کاوە رایەتی

 

پارتی دێموكراتی كوردستان له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن دا دروشمی (به‌ره‌و كوردستانێكی به‌هێز)ی هه‌ڵگرتبوو، و له‌ سه‌ر هه‌مان بنه‌ما دوو به‌هێزترین كاندیدی خۆی بۆ هه‌ردوو پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان كرد، و به‌ ئاستێكی باڵا چوونه‌ ناو قۆناغی دانوستاندن كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بۆ كارا كردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و پێكهێنانی حكومه‌ت، و یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ترسی لایه‌نه‌كان له‌ سه‌ر كاندیده‌كانی پارتی بۆ ئه‌م خوله‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی هه‌رێم و حكومه‌ت، هه‌ر بۆیه‌ لایه‌نه‌كان زۆر پێداگیریان كرد له‌ سه‌ر به‌ ده‌ست هێنانی پشكی زیاتر له‌ ئیستحقاقی خۆیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناو حكومه‌تدا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نفوزی زیاتریان هه‌بێت و به‌ هێزتر ده‌ربكه‌ون له‌ به‌رامبه‌ر پارتی، و دوو به‌ڵگه‌ی به‌هێز بۆ ئه‌مه‌ یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌تا پارتی له‌ مافی خۆی خۆش نه‌بوو و پشكی زیاتری پێنه‌دان رازی نه‌بوون له‌ سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت و رێكه‌وتننامه‌یان ئه‌و كاته‌ واژۆ كرد كه‌ چه‌ندین پۆستی تریان ده‌سته‌به‌ر كرد له‌ نێو كابینه‌ی نوێ، دوه‌مین به‌ڵگه‌ بریتیه‌ له‌ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌وڵدان كه‌ كاندیدی به‌هێز پێشنیار بكه‌ن بۆ پۆسته‌كانیان كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ میدیاكان باس ده‌كرێت یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌یه‌وێت زۆرینه‌ی وه‌زیره‌كانی له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی دابنێت و به‌ هه‌مان شێوه‌ گۆڕانیش زیاتر مه‌یلی دانانی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌یه‌ كه‌ خاوه‌ن پێگه‌ن له‌ نێو حزبه‌كه‌یان دا، ئه‌مه‌ش ته‌نها مه‌به‌ستیان لێی راگرتنی پارسه‌نگی هێزه‌ له‌ نێو كابینه‌ی حكومه‌تدا له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ كه‌سێكی به‌هێز و خاوه‌ن ئه‌جیندایه‌كی تایبه‌ته‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كابینه‌ی نوێدا و پشتگیرییه‌كی گه‌وره‌ی بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی ده‌كات له‌ گشت سێكته‌ره‌كاندا و پێداچوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات له‌ هه‌موو كایه‌كانی حكومه‌ت. و له‌به‌رامبه‌ردا هه‌رچی پارتی دێموكراتی كوردستانه‌ له‌باره‌ی دیاری كردنی وزیر و بڕیكاری وه‌زاره‌ت و به‌رێوه‌به‌ره‌كان له‌ پشكی خۆی له‌ حكومه‌تدا زیاتر پشتی به‌ وه‌رگرتنی سی ڤی به‌ستووه‌ له‌ كادیره‌كانی له‌ گشت ئاسته‌كانی پله‌ی حزبیدا، چونكه‌ ده‌یه‌وێت كه‌سانی نوێ و شاره‌زا و خاوه‌ن پسپۆڕی و شاره‌زایی ده‌ستنیشان بكات بۆ پۆسته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خزمه‌ت بكه‌ن به‌ هاوڵاتیان و كوردستان و دروشمی به‌ره‌و كوردستانێكی به‌هێز به‌ كردار به‌جێبگه‌ینن.

© 2017 Hawler