ئەم پەڕەیە چاپ بکە

پیرۆزبێ لێت ئیدریس بارزانی.. پیرۆزبێ لێت سەرۆک بارزانی..

 

شێرزاد عەبدولڕەحمان

 

• لەبیرمە لەسەروبەندی متمانەدان بە بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) وەک سەرۆکی حکوومەت لە کاتی خۆی، مامۆستای گەورەم ڕەوان شاد (فەلەکەدین کاکەیی)، نووسینێکی لە گۆڤاری ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە بە ناونیشانی (پیرۆزبێ لێت ئیدریس بارزانی!)، منیش ئەوسا کە سەرنووسەری گۆڤارەکە بووم پێم گوت، بۆچی ئەو پیرۆزباییە لە خودی کاک نێچیرڤان بارزانی نەبێت و ئاراستەی کاک (ئیدریس) بکرێت؟، لە وەڵامدا فەرمووی من دەبێ پیرۆزبایی لە خودی (ئیدریس)ـی جوانەمەرگ بکەم، چونکە بەدرێژایی تەمەنی خەونی بەوەوە دەبینی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان نێچیرڤان جێگەی بگرێتەوە و ئەو خەونانەی کە ئەو بەھۆی کورتی تەمەنی نەیتوانی بەجێی بگەیەنێت، لە سەر دەستی (نێچیرڤان بارزانی) ئەو خەونانە بێنە دی، لەبیرمە زیاتر گوتی: ئاگاداربە من ھەموو تەمەنم لەگەڵ کاک (ئیدریس)ـی جوانەمەرگ بەسەربردووە، قەناعەتم وابوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان (نێچیرڤان) دەتوانێ ئەو خەونەی تەواو بکات، چونکە لە منداڵیەوە زانیم ئەو خەسڵەتانەی تێدایە کە ببێتە فاکتەرێک بۆ وڵات پارێزی و ڕۆحی بەرخۆدان و ئاوەدانی و مرۆڤدۆستی کە ئەوە ھەمیشە دروشمی ژیانی بووە ھەر بۆیەش دەڵێم پیرۆزە لە (ئیدریس)ـی جوانەمەرگ کە خەونەکەی ھاتە دی نەک بە مانای کورسی، بەڵکو بە مانای ئازار و شەونخوونی کە نەیەڵێت خەونەکەی (ئیدریس)ـی جوانەمەرگ بە نیوەچڵی بمێنێتەوە.
• ئەمڕۆش بەدڵنیاییەوە، کە ھەمان عەقڵ کراوەیی و ویژدانی زیندووی (ئیدریس بارزانی) کار دەکات و لەسەر نەخشە ڕێگای ئەو پیاوە مەزنە ساڵانی کارکردنی بریتی دەبێت لە بەرنامەی بنیادنان و متمانەدان بە مرۆڤی کورد کە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ئەزموونێکی نوێ لە حوکمڕانی دروست بکات کە کوردستان بەرەو ئەو ئاقارە ببات، کە ئاقاری سەقامگیری و دڵنیاییە.
• بەڵام جارێکی تر لە ھەمان سۆنگەوە، دەبێ پیرۆزبایی لە سەرۆک (مەسعود بارزانی) بکەین، کە ئۆخەی، توانی (مەسرور بارزانی) دروست بکات، ئەو پیاوە ژیرە، ھەموو خەسڵەتێکی تێدایە کە بتوانێت بە دنیابینی خۆی، دەست بکات بە کارکردن لە پێناو حکوومەتێکی پڕ عەدالەتی کۆمەڵایەتی، کە جێگەی گەندەڵی تێدانەبێتەوە، ھەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن (مەسرور بارزانی) لە سایەی پەروەردەی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی دەتوانێت ببێت بە ئەندازیاری ڕاستەقینە بۆ بنبڕکردنی دیاردە دزێوەکان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕەنجی شەھیدان بەفیڕۆ نه‌ڕوات، ئەو پیاوە کەسێکی ئاسایی نیە لە بیرکردنەوە و ستراتیژ، پیاوێکی بوێرە لە بڕیاردان، بۆیە ئاسۆیەکی ڕوون لە حوکمڕانی (مەسرور بارزانی) دەبینرێت، کە کوردستان دەکاتە نموونە بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.