ئایار 25, 2019

دەستتێوردانی حزبی گرفت و چارەسەر

بەشی یەکەم
دەستپێک
لە دوای ڕاپەڕینی بەھاری 1991ـەوە، ئەم چەمکە: (دەستتێوەردانی حزبی) بۆتە یەکێ لەو چەمکە زۆر دووبارەبوەوانەی نێو میدیای کوردی و تەنانەت جڤاکی کوردستانیش، کە ھەر کەس و لایەنێکی سیاسی و بگرە ئاراستەی میدیایش بە نیازمەندییەوە پێناسەی دەکەن و ھەندێ کەڕەت جۆرێک لە لێکدانەوەی شاشیشی دەگەڵ خۆیدا ھێناوەتە نێو تێفکرینی کۆمەڵگەی کوردستانی و پێموایە، بە ئاراستەی باشتر شیتەڵ و شرۆڤەکردنی چەمکەکە و زەڵاڵکردنی نیازمەندیی جۆری بەکارھێنانەکان، ھەڵوەستەکردنێکی لۆژیکیانەی گەرەکە.

پێناسەی دەستتێوەردانی حزبی
دەستتێوەردانی حزبی بریتیە لە کۆی ئەو ھەوڵ و دەستتێوەردانە حزبیانەی، کە حزب لە کایە ناحزبییەکانەوە دەیکات و ئامانج تیایدا زاڵبوونی حزب و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیەتی لەو کایە جۆراوجۆرانەدا .

کایە ناحزبییەکان کامانەن؟
جگە لە حزب، ھەموو کایە و ئۆرگانەکانیتری کۆمەڵگە ناحزبین، گرنگترینیان :
١- حکومەت
٢- زانکۆ
٣- کۆمپانیاکان
٤- ڕێکخراوە ناسیاسییەکان
٥- بازاڕ

دەستتێوەردانی حزبی، چەمکێکی تەماوی
بەھۆی ئەو نیازمەندییەی لە جۆری بەکارھێناندا ھەن، ئەم چەمکە: (دەستتێوەردانی حزبی) زەڵاڵ و ڕوون نییە و وەک چەمکێکی تەماوی خۆی دەنوێنێت و ئەگەر بەنموونە ڕوو لە ئەکادیمیستێک، سیاسییەک، بازرگانێک و ڕۆژنامەنووسێک بکەین، لەوانەیە ھەریەکەیان پێناسەیەکی جودا، نیازمەندییەکی جودا و پاساوێکی جودای پێ بێت،کەواتە ئێمە لە بەردەم چەمکێکی تەماویین و پێویستە بە ئاراستەی زەڵاڵکردنی کار بکەین.
ھەر لێرەدا دەرفەتە باس لە ڕاستییەکی تاڵ بکەین، ڕاستییە تاڵەکەیش ئەمەیە، کە زۆر چەمک و تێرم و تێگە لە کوردستاندا ساغنەکراونەتەوە و ھۆکارەکەیشی بۆ جۆر و جیاوازی تێگەیشتنەکان، جا ئەو جیاوازییە ئایینی بێت، یان کلتووری و سیاسی، گرنگ ساغنەکراونەتەوە و ھەر ساغنەبوەوەیەکیش جۆرێک لە پەرتبوون و ناکۆکی دەگەڵ خۆیدا دێنێ و ئەگەر ژیان و ژینگەی نیقاشی سیاسیش ئارام نەبێت، زۆربەی جار ئەو ناکۆکییانە بەریەک دەکەون و لەگەڵ خۆیاندا گرژی و دڕدۆنگی کۆمەڵایەتی بەرھەم دێنن و ئاکام کۆمەڵگەیەکی نائارام، تووڕە و ھەمیشە ئامادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نێوخۆیی لێ دروست دەبێت.
کۆمەڵگەی کوردی یەک لەو کۆمەڵگایانەیە، کە چەمکەکان تیایدا تەماویین، ژینگەی نیقاشی سیاسی لەو کۆمەڵگەیەدا تا ئاستی جنێو و ناوزڕاندن ئازادە، کەواتە گرفتدارە، خەڵک و تەنانەت سیاسییەکانیش ناتوانن تەواو ڕاشکاو بن لە دەربڕین و خستنەڕووی بۆچوونەکانیان، چونکە دەکەونە بەر پەلامار و جنێو و ئەو بێئەدەبییەی، کە بەرھەمی پۆپۆلیستییە، ئەو پۆپۆلیستییەی کە ئۆپۆزیسیۆن پێیوابوو حزبە دەسەڵاتدارەکانی پێ دەرووخێنێت، کەچی لە ناوقەدەوە خۆی بوو بە نیوە و شکا!..
دوور نەکەوتوینەتەوە لە بابەت و مەبەستی سەرەکی، چونکە ئەگەر چەمک و تێرم و تێگەکان ساغبکرێنەوە، ئەگەر لانی کەم پێناسەی بەشێک لە چەمکە سیاسی و یاسایی و نەتەوەییەکانمان ساغکردەوە و کۆدەنگییەکمان لەسەر چێ کرد، ئەو کاتە ڕاستەڕێیەک دروست دەبێت بۆ ھەمووان، کەواتە دەبێ ئێمە کار بکەین بۆ کۆکردنەوەی ھەمووان، لانی کەم لەسەر ڕاستەڕێیەک!..

جۆری تێگەیشتنەکان و پاساوەکانییان
١- تێگەیشتنی سەراپایی
٢- تێگەیشتنی ھەندەکی

١- تێگەیشتنی سەراپایی
سەبارەت بە چەمکی دەستتێوەردانی حزبی، تێگەیشتنێک ھەیە، کە پێیوایە حزب سەرچاوەیە بۆ ھەموو کایەکانیتر، چونکە ئەوە تێکۆشەرەکانن ولات بەڕێوە دەبەن و شەرعیەت دەبەخشنەوە، بۆیە سەرجەم کایەکانیتر دەکەونە بن ھەژموونی حزب و بە کورتی حزب باوک و ئەوانیتر کوڕن، دەبێ ھەموو کوڕەکانیش، بە نموونە حکومەت و کۆمپانیا و...ھتد بە قسەی باوک: (حزب)بکەن و ئەوە باوکە ئامیر و ناھیی و، بە کورتی سەراپا ژیان وا لە ژێر کۆنتڕۆڵی باوکدایە .
ئەم تێگەیشتنە سەراپاییە، نەک پێی ئاساییە حزب دەستتێوەردان بکات، بەڵکو دەستتێوەردان وەک ئەرکێک دەبینێ و پێیوایە دەبێ حزب بە ئامانجی گەورەبوون، تەدەخول لە بچووکترین شت بکات!..
ئەم تێگەیشتنە، ژیان تەنیا لە حزبدا دەبینێتەوە، تەنانەت پێناسەکانیش، تەنانەت ھەموو ووردەکارییەکانیش، بۆیە گەنگەشەیەکی قورسمان پێویستە، کە ئایا چۆن لەگەڵ ئەم تێگەیشنە بەرخورد بکەین و ھەروەھا چۆن چەمکەکان پۆلین بکەین؟!..
دەبێ ئارام دەست بە گفتوگۆکە بکەین و بەم پرسیارەیش دەست پێ بکەین (نیشتیمان، یان حزب؟)، کەواتە دەبێ بەش بەش گفتوگۆی ئەو سەراپاییە بکەین و پێشمانوابێ سەراپایی لە کۆمەڵێک بەش پێک دێت، بەڵام چۆنییەتی بەیەکەوەگرێدانەکە گرنگە، بەیەکەوەگرێدانی بەشەکان، ھەر لێرەدا دەرفەتە بپرسین: ئایا بینینی دیموکراسییانە بۆ بەش و سەراپایی لە کوردستاندا چۆنە و گرفتەکانی چیین؟!..

 

© 2017 Hawler