حوزەیران 24, 2019

ئاریان فەرەج

 

سیاسەت بەڕێوەبردنی ووڵات و رێكخستنی ژیانی هاووڵاتیانە، كەواتە گرنگترین كایەی ژیارییە و پیرۆزترین ئەرك و بەرپرسیاریی لەئەستۆیە، بەرنامەی حزبەكان دەبێ نەهج و نەخشەڕێی حوكمڕانیی ووڵات بن، ناكۆكی نێوان حزبەكان دەبێ لە سەر دیدگای جیاوازی ووڵاتبەرێوەبردن بێت نەك هەڵەداوان و كێشمەكێش لەسەر پۆست و پلە و كورسی.
خەڵكی كوردستان بۆ ئەوەی ئومێدیان لەق نەبێ، دەبوا شاهیدی گفتوگۆی توندی حزبەكان بن لەسەر باشترین شێوازی ئیدارەی ووڵات نەك فڕكە فڕك و قۆڵبادانی یەكدی لەسەر پچڕینی زۆرترین پۆست و كورسی.
ئەو دەمەی دامەزراندنی حكومەت لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان پەكدەخرێ و دەنگ و ئیرادەی خەڵك دوای ئەو ماوە زۆرە هێشتا بە كەمترین ئاستیشەوە پیادە ناكرێ، كاتێ حزبگەلێك جگە لە پچڕینی بەركەوت و بەشی ناڕەوا بۆ خۆی، هیچی دیكە لێكناداتەوە، ئیدی ناهەقی خەڵك نییە هەست بكەن حزبەكان لە ئاستی ئەو ئەركە گرنگ و ژیارییەدا نین كە سیاسەت و ووڵاتبەرێوەبردن لێیان دەخوازێ و ناتوانن بۆ ئاستی بەرژەوەندی ووڵات و هاووڵاتیان بەرز ببنەوە، كاتێ پێداگیری هەرچی دێ و زیاتر پێدادەكوتێ و حاڵەتی رێكنەكەوتن نزیك دەبێتەوە لە قەیران، دەبێ چاوەڕوان بین نائومێدی لەنێو خەڵكدا تەشەنە بكات، ئەو نائومێدییەی سەردەكێشی بۆ ساردبوونەوەی هاوڵاتییان لە موشارەكەی سیاسی و بابەخدان بە سیاسەت و لە كۆی پرۆسەی سیاسەتكردن.
ئەو لایەنەی لەم وەزعە ناجۆرە بەرپرسیارە و كێشەكانی نێوخۆی بەسەر كوردستاندا دەگشتێنێ و پێداگیرییەكانی تا كێڕانەوەی پرۆسەی درێژخایەنی دانوستان بۆ چوار گۆشەی یەكەم درێژەپێدەدات، جیا لە ئاستەنگ كردنی پێكهێنانی حكومەت و ئەو زەرەر و زیانانەی لەسەرینی ئەوەوە بە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی دەگەیەنێ، بەرپرسیاریشە لە دروستبوونی هەستی نائومێدی و بێ جەدوایی كە مەترسیدارترین كۆهەستە دووچاری میللەتێك بێتەوە كە بە ئومێد دەژی و بە بێ ئومێد ناتوانێ بەرگەی سەختی و نارەحەتییەكان بگرێ.
لە كۆمەڵگەی روو لە دیموكراسیدا، پرۆسەی سیاسی بە بەشداری و بەپیرەوەهاتن و بایەخپێدانی خەڵك گەشە دەكات، ئەو لایەنەی خەڵك لە حەماس وبەشداری سارد دەكاتەوە، پێ بزانێ یان نا، دەیەوێت كۆی پرۆسەی سیاسیی ووڵاتەكە بەرەو بنبەست و ئیفلیجی ببات.

© 2017 Hawler