تەمموز 19, 2019

سەربەخۆیی سیاسی بەبێ شۆڕشێکی گەورەی فەرهەنگی مەحاڵه

ئەمیر مەحمود

 

دیارە لەم جەنجاڵییەی ئەم ڕۆژگارەی ئێمە و لە سەردەمی پەرەسەندنی تەکنۆلۆجیا و بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خوێنەری ئاسایی بەدوای زانیاری سەرپێیی و خێرادا دەگەڕێت و هەر چی شتێکی مەبەست بێت، هەوڵ دەدات لە ڕێی کلیکێکی گووگل زانیاری لەبارەیەوە وەدەست بهێنێت، بەڵام ئەمە بۆ کۆمەڵگەی کوردی وا بە ئاسانی مەیسەر نابێت. ئەمڕۆ نەوەیەک لە کوڕ و کچی گەنجی کورد لە هەرێمی کوردستان پێگەیشتوون کە وەکو نەوەی پێش خۆیان زمانی فارسی یان عەرەبی یاخود ئینگلیزی نازانن و سەرچاوەی کوردیش ئەوەندە بەردەست نییە کە بتوانێت وەڵامی پرسیار و داخوازییەکانی ئەوان بداتەوە و تێنوێتی زانستی ئەوان بشکێنێت. ئەوەتا بەشێکی گەورەی مناڵان و گەنجان توانای دارایی خوێندنیان لە قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکاندا نییە کە سیستەمی خوێندن لەو شوێنانە بە زمانی ئینگلیزییە.
ڕاستە زۆر کەس لە زۆر بواردا هەوڵی داوە کتێب و سەرچاوە لە بواری جیاجیا وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی، بەڵام هێشتا لەو بوارەدا کاری زۆر ماوە بکرێت. هێشتا تاکی ئێمە ئامادە نییە پاره لە کڕینی کتێب سەرف بکات، هێشتا سەرمایەداری کورد ئامادە نییە پشتگیری پڕۆژەیەکی لەچاپدان یان وەرگێڕانی کتێب یان هەر بابەتێکی تری پەروەردەیی بکات، هێشتا دەزگایەکی ڕاگەیاندن ئامادە نییە پێشبڕکێیەک بۆ خوێندنەوەی کتێب یان سەرچاوەیەکی زانستی ڕێک بخات. ڕاسته تەکنۆلوجیا و مۆبایل و فەیسبووک و ...هتد خەڵکی تەمبەڵ کردووە و خەڵکی زیاتر بە شتی سەتحی و سەرپێییەوە مەشغووڵ کردووە، بەڵام بیرمان نەچێت هەر لەم چرکەساتەدا کە ئێمەی تێدا دەژین لەو سەری دنیا لە ئەمەریکا کە لە ڕووی پێشکەوتنی تەکنۆڵۆجیاوە لەگەڵ هیچ شوێنێکی دیکەدا بەراورد ناکرێت، کتێب هەیە 3 ملێۆن ژمارەی لێ فرۆشراوە، واتە لەو سەردەمەشدا کار و پڕۆژەی جیددی و کاری ڕووکەشیانە لێک جیا دەکرێنەوە. هیچی تێ ناچێت ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە بەر لە ئەنجامدانی هەر کارێکی گرینگ هەوڵ بدەین پێشتر کەمێک لەسەر ئەو بابەتە بخوێنینەوه تاوەکو زانیارییەکی گشتیمان لەبارەی بابەتەکەوە هەبێت ئینجا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی کارەکە بدەین. هەر لە سیاسەتەوە بگرە تا دەگاتە ئابووری، تەندروستی، خۆراک، بازرگانی، سەفەر و گەشتکردن بۆ وڵاتەکان، جوگرافیا، کشتوکاڵ و بواری سەربازی و هونەری و تەکنیکی ....هتد. کەمترین سوودی ئەم کارە ئەوەیە کە چاوکراوانەتر بڕیار دەدەین.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن تاکی کۆمەڵگە لەگەڵ کتێبدا ئاشت بکرێتەوە؟ بە بۆچوونی خۆم هەر یەکێک لە ئێمە دەبێ بەپێی ئەزموونی خۆی لەو بوارەدا کە دەخوێنێتەوە یان کار دەکات، هەوڵ بدات هەندێک زانیاری گشتی بڵاو بکاتەوە تاوەکو هەم هزر و بیری دۆستان و هاوڕێیانی خۆی بەو گفتوگۆ و ئالوگۆڕە فیکرییانەی کە لە بواری ئەزموون یان پسپۆڕی ئەودا دەگوزەرێت ئاشنا بکات، هەمیش لەو ڕێیەوە زیاتر و زیاتر وشه و دەستەواژەی کوردی بەکار بهێنرێت و کتێبخانەی کوردی پێ دەوڵەمەند بکرێت و پاشخانێکی گەورەی کولتووری بۆ هەموومان بێتە کایەوە.
تەنانەت ئەگەر دەتانەوێ ڕووبەڕووی گەندەڵیش ببنەوه دەبێ بخوێننەوە، ئەگەر دەتانەوێ موحاسەبەی حکومەت، پەرلەمان، سیاسەتمەدار و کێ و کێ و کێ بکەن دەبێ بخوێننەوە تاوەکو بە ڕێگە ئوسوولی و زانستییەکەیەوە ڕەخنەیان لێ بگرن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەن. ئێمە بە گشتی کەم دەخوێنینەوە یان هەر ناخوێنینەوە، هەر بۆیەشه زۆربەی هەرە زۆرمان (بە خۆشمەوە) کە باس لە دیاردەیەک دەکەین به ڕەش و سپی و بە موتلەقی (ڕەها) باسی دەکەین، چونکە زانیاری تەواومان نییە و هیچمان لەبارەیەوە نەخوێندووەتەوه و دەمانەوێت بە جارێک بیبڕێنینەوە، کە ڕەخنەیەکیش لەکەسێک دەگرین یان ئەوەتا کەسەکە لە لامان ئیبلیسه یان ئەوەتا فریشتەیە.
به جیدی کاتێک باس لە سیستەمی سانتلیگۆ لە پەڕلەمان دەکرێت، مەبەست چییە؟. گەرەکمە بزانم سیستەمی ئابووری وڵاتەکەم بەپێی چ فەلسەفەیەکی ئابووری داڕێژراوە؟، حەز دەکەم بزانم کامە خۆراک تەندروستە و کامە ناتەندروستە؟، مەبەستمە بزانم کۆمەڵگەی کوردی لە ڕووی سۆسیۆڵۆجییەوە لە چ بارێک دایە؟، پێم خۆشە هەموو یاساکانی وڵاتەکەم بە کوردی بخوێنمەوە، دەمەوێ لێکۆلینەوەیەک لەسەر موزیک و هونەر و سینەمای کوردی بخوێنمەوە. حەز دەکەم مێژووی سەدەی بیست و یەکەمی نەتەوەکەم بخوێنمەوە. پێم خۆشە باسێک لەسەر کشتوکاڵ لە دێهاتەکانی کوردستان لە هەموو پارچەکانی کوردستان بخوێنمەوە. خولیای ئەوەم چۆنیەتی ڕزگاربوون و پێشکەوتنی گەلانی دنیا بخوێنمەوە، بەڵام دەمەوێ هەموو ئەمانە بە کوردی بخوێنمەوە. دیارە لێرەدا زیاتر ڕووی دەمم لەو کەسانەیە کە شارەزاییان لە زمانێکی بیانیدا هەیە و دەستیان بە بابەتی جۆراوجۆری زانستی و کولتووری و...هتد دەگات. تا دەتوانن بە کوردی بنووسن زمانی کوردی پێویستی بە وشه و دەستەواژەی تازەیە لە هەموو بوار و تایبەتمەندییەکدا. بەلانیکەم هەوڵ بدەن باسی کتێبێک بکەن کە بەمدواییە خوێندووتانەوە و هەست دەکەن سوودی دەبێت، کورتەیەک لەو کتێبە یان باسی پێڕست و بابەتەکانی کتێبەکە بکەن تاوەکو ئەگەر یەکێک لە هاوڕێیانتان لە فەیسبووک خولیای ئەو بابەتە بوو بەدوای کتێبەکەدا بچێت و بیخوێنێتەوە. لەوە مەترسن ئەگەر ناتوانن وشەی کوردی دەقاودەق بۆ دەستەواژەیەکی پسپۆڕی بدۆزنەوە دەتوانن لەناو کەوانە یان لە پەراوێزدا کەمێک دەستەواژەکە شی بکەنەوە دڵنیا بن ئەمە هانی ورووژاندنی بابەتەکە دەدات و یارمەتی دۆزینەوەی هاوواتا بۆ ئەو جۆرە تێرم و دەستەواژانە دەدات و گفتوگۆ و موناقەشە دەهێنێتە ئاراوە و لە ئەنجامی گفتوگۆوە وشەی تازه لەدایک دەبێت. لەجیاتی یەکترشکاندن یان خۆهەڵکێشان لە فەیسبووک یارمەتی یەکتری بدەن بۆ دەوڵەمەندکردنی بابەتەکان، بۆ ڕاستکردنەوەی هەلە زمانەوانییەکان، بۆ هاندانی دەوروبەرتان بۆ خوێندنەوەی زیاتر و زیاتر. زمان هەر بەم شێوەیە پێش دەکەوێت و کولتوور دەوڵەمەند دەکات. هەر لەو ڕێگەیەشەوە دەتوانن ئالوگۆڕی کولتووری لەگەڵ نەتەوە و زمانەکانی دیکەدا دروست بکەن و شتە باشەکانی ئەوان وەربگرن و کولتوور و دابونەریتی کوردی گەشە پێ بدەن. بیکەن بە کولتوور کتێب بەدیاری بدەن بە یەکتری، کتێب بە خەڵات بدەن بە مناڵەکانتان، کتێب بە قەرز بدەن بە هاوڕێکانتان. چەندە زیاتر بخوێننەوە ئەوەندە زیاتر تێکەڵ بە دنیای دەوروبەر دەبن و قووڵتر بیر دەکەنەوە و لە کاتی بڕیارداندا کەمتر تێکەڵ بە سۆز و عاتیفە و زیاتر بەرەو لۆژیکیبوون و عەقلانییەت دەڕۆن.
بەو جۆرە دەتوانن هانی خەڵک بدەن کە ئەگەر کتێبێک یان بابەتێک یان بەشێک لەو بابەتانە بۆ هاوڕێیان و کەسانی دەوروبەرتان سەرنجڕاکێش بوو، بەدوایدا بڕۆن و زیاتر لەبارەیەوە بخوێننەوە و تیایدا قووڵتر ببنەوە. گومانم لەوەدا نییە گەورەترین شۆڕش، شۆڕشی کولتوورییە. تا دەتوانن بخوێننەوە. تا دەتوانن قووڵتر ببنەوە و بە شتی ڕووکەشی و سەتحی ڕازی مەبن. ئەمڕۆ لە زۆربەی ماڵەکانمان مۆبایل و فەیسبووک ئامادەیی هەیە و بەشێکی زۆر لە کاتەکانمانی داگیر کردووە، با بە هەموومان هەوڵ بدەین لەو ئامێرە ئاسانە بۆ بەرەوپێشبردن و دەوڵەمەندکردنی کولتوور و فەرهەنگی کوردی سوود وەربگرین، قۆڵی لێ هەڵبماڵن و لە خۆتان و دەوروبەرتان دەست پێ بکەن. چاوەڕێی هیچ کەس و لایەنێک مەکەن. ئەزموونی سەرکەوتوو و زانیاریی بەسوود لە بوار و پیشە و حەز و خولیاکانتان لەگەڵ هاوڕێیانتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەش بکەن. بەمەش دەبین بە کۆمەڵگەیەکی وشیارتر و وریاتر. دڵنیا بن ئەگەر تەنها یەک تاقە کەسیش سوود لە نووسین و زانیارییەکانتان وەربگرێت، ئێوە هەنگاوێکی گەورەتان لەو شۆڕشە کولتووری و فەرهەنگییەدا هەڵگرتووە

© 2017 Hawler