ئاب 19, 2019

ئاریان فەرەج

 

كوردبوون تاكە ناوی دانپێدانراوی ئێمەیە، ناسنامە حزبی و ناوچەیی ومەزهەبی و چی و چییەكانی دیكەمان تەنیا خۆمان بەبەری خۆمان بڕیوە دەنا كەس بەو ناوانە نامانناسێ. بە تۆمەتی كوردبوون و لەسەر ئەو ناسنامەیە ئەنفال كراین، تا ئەو ناسنامەیەش نەپارێزراو و مەحكوم بێت بە بندەستی و بێ مافی و ئەگەری دوبارە بوونەوەی جینۆساید، هیچ كوردێك خاوەنی هیچ نییە و هەرچیشمان هەیە جێگیر نییە و شەڕ و ململانێی نێوانمان جگە لە شەڕ لەسەر وەهم وسەراب، هیچی دیكە نییە. ئێمە كە لە خەم نەڕەخسابین و هێشتا بۆنی بۆچڕوكی ئاگری ئەنفالمان لێ بێت، هەرچیمان هەیە دەڵەمە و شڵۆق و ناسەقامگیرە، دەردی بێ دەوڵەتی كە ئەنفالی بەسەرهێناین، هێشتا لێمان نەبوبێتەوە، ئیدی لەسەر كام سەڵتەنەت و دەسەڵات و پلە و پۆست ناكۆكین و كەلی شەیتانمان گرتووە و لێی دانابەزین؟.
ئێمە چیمان مسۆگەر كردووە و كام گرەنتیمان بەدەستهێناوە كە ئەنفالێكی دیكە نابینینەوە، تا لەسەر پۆستەكانی ووڵاتێكی بەرهەڕەشەی ئەنفال پێكنەیەین. ئەو زەمەنەی بەسەر ئەنفالدا تێپەڕیوە، سی و یەك ساڵ نییە، بەڵكو چوار ساڵە، ئێمە كە هێشتا بۆ سۆراغی گۆڕغەریبانی ئەنفالی پێشوو، سەحراكانی عەرەبستان دەگەڕێین، لە شنگال گۆڕی بە كۆمەڵی دوا ئەنفال دەدۆزینەوە كە هەر دوێنێ بوو بەسەرمان هات. ئەوانەی لەسەرپۆست و پلە و كورسی، سەنگەریان گرتووە و چاویان هیچی دیكە نابینێ، لە هەوڵی قۆرغكردنی دەسەڵاتی هەرێمێكدان كە هەر دوێنێ بوو لەشكركێشی كرایە سەر و بانگەوازی مەحف كردنەوە و نەهێشتنی لەسەر نەخشە دەدرا.
ئەوانەی جگە لە پۆست و دەسەڵات، لە خەمی هیچی دیكەدا نین، لەبیریان چۆتەوە یان هەر لەبیریان نەبووە كە ئێمە میللەتێكی خاوەن قەزیەین، دۆزی ئێمە دۆزی میللەتێكی جینۆسایدكراوە كە بەدوای گەرەنتیی دوبارەنەبونەوەی ئەنفالدا وێڵە، تا ئەو گەرەنتییەش بەدەستنەهێنین، نە پۆست و نە دەسەڵات ئەرزشێكی جێگیریان هەیە و نە هیچ بەركەوت و دەسكەوتێك جێی ئەو گەرەنتییە بۆ كەسمان دەگرنەوە.

© 2017 Hawler