حوزەیران 24, 2019

کردەی داوای (لێبوردن و ببورە) لەنێوان واتا و کردە قسەدا..!!

غازی حەسەن

 

Apologize داوای لێبوردن/ پاساو هێنانەوە، Sorry ببورە/ پەشیمان بوونەوە/ بەداخەوە. دوو وشەن گەلێک کار لەدۆخی جیاواز و دیاریکرداودا ڕادەپەڕێنن. گرنگی زمان لەوەدایە، یەک قسە ژمارەیەک کردە قسە ڕادەپەڕێنێت. ئێمە لەبواری سیاسی و ڕۆژنامەوانی ئەم دوو زاراوەیە، کە لەهەندێک بواردا خزمایەتیان لەبواری واتا و کردە قسەدا هەیە، لەلایەکی دیکەدا جیاوازییەکی زەق و گەورەش لەنێوانیاندا هەیە. ئاساییە ئێمەش تووشی ئاڵۆزی و تێکەڵکردن و هەڵە بەکارهێنانی ئەم چەمکانە ببین. کە من پێم وایە (ببورە) لایە زۆر لەنەتەوە پێشکەوتووەکاندا وەکو کەلتورو دابونەریتی پەروەردە و فێکردنی گشتی ڕۆژانەی لێهاتووە و (داوای لێبوردنیش) لەبواری باڵا و بزنس و دیبلۆماسی تایبەت بەکاردێت.
دەڵێین (داوای لێبوردن) دەکەین، بەلای کەمەوە پیشانی دەدەین، ئێمە دەزانین هەندێک شتی خراپ، یان هەڵەمان کردووە، بەڵام نابێت لەبییر بکەین، گاڤێک کەسێک دەڵێت (ببورە)، هەست دەکەیت ئەو کەسە لەناخەوە قسەکە دەکات و پەشیمان بوونەوەی خۆی دەردەبڕێت.

کردەی (Apologize ) پتر لەبواری کاروباری ئابووری و بازرگانی بەکاردێت، هەروەها پرۆفیشنالی پێوە دیارە بۆ پاساوهێنانەوە بەرانبەر ڕووداوێک و کارێک بەکاردێت، ئەم کردەیە لەلایەن کەسی یەکەمی تاک و کۆ، هەروەها بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش دەکرێت بڵێن ( تۆ و ئێوە و هەروەها ئەو/ ئەوان) کەسی دووەم و سێیەمی تاک و کۆ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، چونکە کەسی سێیەمی تاک و کۆ لەکاتی ڕاپەراندنی کردەی لێبوردنەکە، ئەوان خۆیان ئامادە نین، کەسێکی دیکە لەجێگەی ئەوان پەیامەکەیان دەگەیەنێت، یان پێیان دەگەیەنێت. سەبارەت بە ببورەش (Sorry) ئەوە بەگشتی لای خەڵکی ئاسایی و بەشێوەیەکی گشتی لەهەڵسوکەوت و نەریت و دەربڕینی هەست و نەستی ڕۆژانە لای خەڵک بەکاردێت، بەمەبەستی ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکی بێ مەبەست، یان ڕوودانی کارێک و دروستبوونی دۆخێک و دەربڕینی بەداخەوە بوون بەرانبەر ڕووداوێک و پەشیمان بوونە ئەنجام دەدرێت، کە لەئاکامی هەڵسوکەوتی ئاسایی و بێ ئەوەی لەناخەوە کارە نەگونجاوەکە ئەنجام درابێت، دەگوترێت "ببورە". کەسی یەکەمی تاک کردەی بوردنەکە ڕادەپەڕێنێت و قسەکەی ئاراستەی کەسی دووەمی تاک و کۆیە.
لەڕۆژئاوادا، لەئەمەریکا و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا لەمنداڵییەوە خەڵک لەسەر ئەوە ڕادەهێنرێن لەکاتی هەر هەڵسوکەوتێکی ناڕێک، یان ڕوودانی کردەوەیەکی نادروست، چۆن وشەی "ببورە/ Sorry" بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی دۆخی ڕوودانی شتەکە ئاسایی بکەنەوە، بەمەش ناخ و باری دەروونی و هەڵسوکەوتی کەسەکان ئاسایی دەبێتەوە.
بەڵام کاتێک یەکێک دەڵێت (داوای لێبوردن دەکەم/ I apologize )، هەست دەکات کارێکی خراپی مەبەستداری کردووە، پێویستە پەشیمان بوونەوە و نیاز پاکی و مەیلی چاککردنەوەی هەڵە خراپەکەی پیشان بدات. لەگوتنی )داوای لێبوردن) سنووردارکردنی دۆخەکە پیشان دەدرێت، نابێت ئەمە لەبیر بکەین ئەم قسەیە کردەی حوکم و پەشیمانبوونەوە و بڕیاری تێدایە.
کاتێک یەکێک لەنیوەی شەودا بەیەکێک دەڵێت پیاسەیەک نەکەین، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت "ببورە" زۆر درەنگە، من دەخەوم. لەڕێگەی بەکارهێنانی وشەی "ببورە" داواکە بەشێوەیەکی بەڕێز و ئیحترامەوە ڕەت دەکرێتەوە، ئەمەش وادەکات بەرانبەرەکەی هیچ شتێکی لەبەرد دڵدا نەبێت و بڕیاری هەڵە نەدات.
کاتێک یەکێک کتێبک لەکتێبخانەکەی تۆ دەخوازێت و نایگێڕێتەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دەڵێت "داوای لێبوردن" دەکەم کتیبەکەتم نەگێرایەوە، چونکە بزرم کردووە و نازانم چێت پێ بڵێم زۆز زۆر داوای لێبوردنت لێ دەکەم. لەم دۆخەکدا کارێکی هەڵە و خراپ ڕوویداوە، تۆ پێویستە حوکم بدەیت و بڕیار بدەیت، لێی خۆش دەبیت، یان نا؟. لەم دۆخەدا کردەی حوکم و بڕیار پێویستە.
ڕۆشنبیری (ببورە لەئاستی میللی لەپەیوەندی ڕۆژانەی خەڵک و پرۆسەی پەیوەندیکردن و گفتوگۆ و ڕاستکردنەوەی هەندێک هەڵسوکەوتی ئاسایی بەکاردێت.
(داوای لێبوردنیش) لەنێوان کەسانێکی تایبەت و لەئەنجامی ڕوودانی کاری هەڵەی گەورە و کارتێکەری ئابووری و دیبلۆماسی و سیاسی و پەیوەندی نێوان دوو دەوڵەت ‌و بازرگانی و تاوان و هەڵەی مەزنی بەکردەوە ڕوودەدات.
لەفەرهەمگی ئۆکس فۆرد دەڵێت: apologize بەرانبەر ئەنجام دانی کار و شتێکی هەڵە و خراپ بەکاردێت.
نموونە/ داوای لێبوردن دەکەم ناتوانم ئەم کارە بکەم.
لەهەمان کاتدا داوای لێبوردن بۆ پەشیمانی و قەرزاری و سەرپێچی و گوناه و سوکایەتی کردنێک، یان سستی و سەرنەکەوتن لەکاریکدا بەکاردێت.
نموونە/ ئێمە قەرزای تۆین، داوای لێبوردن دەکەین.
نموونە داوای لێبوردن دەکەم کارەکە دواکەوت.
لەکاتێدا توانای ئەنجامدانی کارێکت نەبێت، یان ناتوانی بەشداری کۆبوونەوە نەبێت، یان کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەئارا بێت،
نموونە/ داوای لێبوردن دەکەم نەمتوانی ئامادەی کۆبوونەوەکە ببم.
نموونە/ داوای لێبوردن دەکەم نەمتوانی چارەسەری کێشەکە بکەم.
لەبەرامبەر کەموکوتی و ئەنجام نەدانی کارێک بەشێوەیەکی تەواو.
نموونە: داوای لێبوردن دەکەم، ژوورەکەم تەواو نەکردووە.
نموونە/ داوای لێبوردن دەکەم، شتەکان وەکو خۆیان دەرنەچوون.
بۆ پێشکەشکردنی گاڵتەپێکردن، یان گونجاندنی شتێک لەگەڵ دەوروبەرێکی دیاریکراو بەکاردێت
نموونە/ باشە داوای لێبوردن لە قادرۆکی دەکەم، ئەدی خدرۆکە چییە؟.
(ببورە)ش گەلێک بوار دەگرێتەوە لەوانە: بۆ هەست دەربڕین دەربارەی شتێک بەکاردێت. بۆ نموونە
I was sorry to hear about what happened to your family.

لای خۆشمان لەکاتی قسەکردن دەگوترێت " ببورە/ بەداخەوە بیستم خێزانەکەت تووشی کارەسات هاتوون"، یان دەڵێن " ببورە زۆرم پێ ناخۆش بوو، کە توڕە بوویت".
یاخود لەکاتی ڕەتکردنەوەی هەندێک داواکاری، کە ناتەوێت ئەنجامی بدەیت، بەڵام شێوازێکی بەڕێز و جوان بۆ ڕەتکردنەوەی شتەکە بەکار دەهێنێت، ناڵێیت (نەخێر/ نا) بەلکو دەڵێت "ببورە، ناتوانم ئەو کارە بکەم، ناتوان بێم، ببورە پێم ناکرێت....).
یان لەکاتی بێ هیوابوون لەشتێک و کارێک دەڵێیت:
کارەکەی قبوڵ نەکرد، ببورە/ بەداخەوە، کە دەبێت ئەوە بڵێم.
هەروەها بۆ گەیاندنی هەواڵێک ببورە بەکار دەهێنرێت وەکو:
ببورە دەبێت ئەوەت پێ بڵێم. کە سەرکەوتوو نەبوویت.
ببورە لەکاتی داواکردنی شتێک بەم شێوەیە بەکاردەهێنرێت:
ببورە دەتوانم داوای کتێبێکت لێ بکەم.
یاخود لەکاتی لەدەستدانی شتێک بەم شێوەیە ببورە بەکاردەهێنرێت:
ببورە، کارەکەت سەری نەگرت. ببورە بۆ کۆچی دوایی دایکت نەهاتم.
واتە لەم شیکردنەوەیەدا دەگەیەنە ئەوەی کە ئەم دوو وشەیە لەبەکارهێناندا واتا و مەبەست و کردەی جیاواز دروست دەکەن. هەر یەکەشیان بەپێی کات و شوێن و دۆخی بەکارهێنانەکەی بەپێی دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکە دەگۆڕێت. لەبیری نەکەین بەکارهێنانی ئەم دوو قسەیە بەپێی پەلە و پایە و ڕەگەز و تەمەن و چین و ئاستی ڕۆشنبیری و زمان و پێگەی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابووری بەکارهێنەرانیشی دەگۆڕێت. بۆیە زۆر گرنگە لەبەکارهێنانی ئەم دوو وشەیە،کە لە واقیعدا دوو چەمکی زمانن چەندین کردە قسە ڕادەپەڕێنن، وریا بین و تووشی هەڵە و خراپ بەکارهێنانیان نەبین.

© 2017 Hawler