نیسان 23, 2019

غازی حەسەن

نامەوێت باسی کەسایەتی مەلا هیوا و چیرۆک و بەسەرهات و قسەخۆشەکانیتان بۆ بگێڕمەوە. لەپێش ڕاپەڕین ناسیاوێکمان هەبوو وەکو مارکسییەک کاری دەکرد، کارکردنەکەی نهێنی بوو، بەڵام لای ئێمە ئاشکرا بوو. بایەخی بەخوێندەوەی کتێب و نووسراوەکانی مارکس و ئەنجلس و لینین و حیکمەت و کۆمەڵەی ئێران دەدا. لەباری سیاسییەوە لێک ئاشکرابووین، بەردەوام داوای لە مەلا هیوا دەکرد کتێب بخوێنێتەوە، ئەویش هێندەی حەزی لەقسە و گێڕانەوەی بەسەرهات و مەجلیسی گۆکردن بوو، بەقە زەرەیەکیش ئارەزووی لەخوێندنەوە نەبوو، بۆیە هەر جارێک، کە داوای خوێندنەوەی کتێبی لێدەکرا، دەیگوت ژانەسەرمە و لای ئێمەش هەر بۆخۆشی و نوکتە دەیگوت ماشەللا من هەر دەست بدەمە کتێبان ژانە سەر دەمگرێت.
ئەم پێشەکییە، دەمگێڕێتەوە سەر کۆمێنتی هاوڕێیەکەم لەفێیس بووک لەبارەی خوێندنەوە و ڕۆژنامەکانی ئێستای کوردستان، دەڵێت "ئەوانەی لەم بوارە کار دەکەن نەخوێندەران". زۆر ڕاستە ڕەنگە بەشێک لەڕۆژنامەنووسان و سیاسییەکان و ئەوانەی خۆیان تێکەڵی هەواڵ و کاری ڕاگەیاندن دەبینین، ئارەزووی خوێندنەوەیان لاواز بێت، تەنیا بەشێکیان دوور نییە خەڵکیان بەکرێ گرتبێت بۆ ئەوەی خەت بەژێر ئەو باسانەدا بهێنن، کە جێگەی بایەخی ئەون. نەبادە بەخوێندەوە ژانە سەر بیگرێت.
نەک هەر ئەوە ڕۆژێک برادەرێکی خۆشەویستم بابەتێکی یەکێکی وەردەگێڕا، سەیرم کرد نووسینەکەی لەسەر دەم داناوە و پشتی سپی وەرەقەکە دەخوێنێتەوە. گوتم، ها چی دەکەی؟ وەردەگێڕم؟ بەڵام تۆ شتەکان ناخوێنیتەوە چ وەردەگێڕی؟، گوتی من دەزانم ئەو چی نووسییە، بۆیە لای خۆمەوە بۆی تەئلیف دەکەم.
ئەوە سەیر نییە، دۆخی دوای بڵاوبوونەوەی بابەتەکە سەیرە. خاوەنی وتارەکە کە بابەتەکەی بڵاوبۆوە، گوتی وتارێکی چۆنم نووسیوە، منیش گوتم دەستت خۆش!!! ئەوەی لێرەدا پەیوەستە بەسەیر و سەمەرەیی ئەم بابەتە نووسەرەکە خۆی سەریەشەی بە بابەتەکەی خۆی دێت و نایخوێنێتەوە. دڵنیام نموونەی ئەوانە زۆرن. کە لەبەر ژانە سەر ناتوانن بابەتەکانی خۆیان بخوێننەوە.
گەلێک کەس سەریەشەیان بەخوێندنەوە هەیە، سەیر لەوە دایە کەسێک دکتۆرا بنووسێت، یان ماجستەر بنووسێت بەڵام لەترسی سەریەشە نەتوانێت کتێبێک بخوێنێتەوە و کتێبێک لەماڵی خۆی راگرێت. ئەمە جێگەی سەرسوڕمانە، وانییە؟؟!!.
لەم وڵاتەی ئێمەدا وەکو ئەوە وایە خوێندنەوە ڤایرۆس بێت و نەخوێندەواریش دەرمان.
زۆر سەیرە لەم وڵاتەی ئێمەدا کەسانێک دەتوانن بەهەفتەیەک کتێبێک بنووسن، بەڵام ناتوانن لەساڵێکدا یەک کتێب بخوێننەوە.
لەم وڵاتەی ئێمەدا هەیە زۆرترین کتێبی لەپشت خۆی داناوە بۆ ئەوەی وێنەی لەگەڵ بگرێت، بەڵام جیاوازی نێوان چیرۆک و ڕۆمان، لێکۆڵینەوە و نووسین ناکات. تاکو ئێستاش دەڵێت "نووسین دەکەم و کتێب دادەنێم" ئەمە لەکردنی شتی دیکە دەچێت، نەک مەعریفە.
لەم وڵاتەی ئێمەدا کەسانێک هەن دەتوانن سەدان کتێب بخوێننەوە، بەڵام ناتوانن یەک ڕستە بکەنە کردار.
گرینگ گەلێک کەس لەبەر ئەو ژانەسەرە نەعلەتییە ناتوانن کتێب و ڕۆژنامە و کۆمێنێت و بروسکە هەواڵ و مانشێت و سەردێڕی بابەتەکان بخوێننەوە، بەڵام دەتوانن وێنەی لەگەڵ بگرن و ناسنامەی ڕۆژنامەنووسی و یەکێتی نووسەران لەباغەڵیان بنێن.

© 2017 Hawler