حوزەیران 24, 2019

تۆڵەی گوناهی بچووكی بەرچاو و، تۆڵەی گەورە گوناهی شاراوە!

عومەری چنگیانی

 

ئەمڕۆ دووشەممە 8 ی نیسانی 2019 بەرانبەرە بە 2ی مانگی شەعبانی 1440ی كۆچی؛ واتە سەرەتای ئەومانگەی كە پێغەمبەری خۆشەویستمان – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – زۆرترین ڕۆژووی سونەتی تێدا دەگرت و خێزانەكانی ئەگەر بەهۆی گوڵاڵەسوورە (مەهانەی شەرعی؛ سووڕی مانگانە)وە لە ڕەمەزانی ڕابردوویان خواردبێ تیایدا دەیانگرتەوە، هەربۆیە لێرەوە لە پێش بابەتی ناونیشانەكە ئەو بیرهێنانەوەیە دەخەمە بەردەم بەڕێزتان تا ئەو خوشكانەی قەرزی ڕەمەزانی پاریان لەسەرە بیگرنەوە و هەركەسیش توانای هەیە زۆرترین ڕۆژ لەم مانگەدا بەڕۆژوو ببێت كە ئەوە وەك گوتم زیندووكردنەوەی سونەتێكی گەورەی ئیسلامە و پێغەمبەر - دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – لەبارەی مانگی شەعبانەوە دەفەرمێت: "مانگی شەعبان ئەومانگەیە زۆربەی خەڵك لێی بێئاگان، یان فەرامۆشی دەكەن، دەكەوێتە نێوان ڕەجەب و ڕەمەزانەوە، مانگێكە كردەوەكانمانی تێدا بڵند دەكرێتەوە بۆلای پەروەرێنی گشت بوونەوەر و، منیش پێم خۆشە كە كردەوەكانمان بڵند دەكرێنەوە بە زمانی بەڕۆژووەوەبم".

خوێنەری هێژا: گومان لەوەدا نییە كە ئەركی بانگەوازخوازی و خەمخواردن لە وڵات و گەل و نەتەوە، وێڕای ئەوەی كە زۆر گرنگە، ماف و بگرە ئەركێكی ڕەوای هەرتاكێكە كە زانی هەڵەیەك هەیە لە هەر بوارێكدا، لە ناو چوارچێوەی "فەرماندان بە چاكە و قەدەغەكردنی خەڵك لە خراپە"دا بە شێوازێكی نەرم و بە ئەدەب، قسەی باشی تێدا بكات، بۆیە منیش بە ئەركی دەزانم زۆرینەی بابەتەكەی ئیمڕۆم تەرخان بكەم بۆ ئەو ناونیشانەی سەرەوە و، حوكمی شەرعی ڕوون بكەمەوە لە حەقی كەسێك بیەوێ خراپكاری بڵاو ببێتەوە. وەلێ لە پێشدا با لەوە تێبگەین كە هەر گوناهێك – هەرچەند گەورەیش بێت – ئەگەر خاوەنەكەی بە پێشچاوی خەڵكەوە نەیكا و باسی نەكات، میهرەبانی خوا لەبەردمیدا واڵایە، بۆ نموونە، هەر دوو كەسێك نێرو مێ پێكەوە "زینا" بكەن و چوار شایەت نەبێ لەسەریان بەدەر لە "تەوبە"یان لەسەر نییە، مەگەر لە بەردەم گەورەی مسوڵمانان، یان دادوەری پەیوەندیدار خۆیان دان بەتاوانەكەدا بنێن، ئەوكاتیش ئەگەر حوكمی شەرعی جێبەجێ دەكرا، - كە كوردستان وانییە - دادوەر بڕیاردەدا و، هەریەكەیان "سەد" داری لێدەدرێ و بەس، كە تەنها دادوەر بۆی هەیە ئەم حوكمە جێبەجێ بكا، هەربۆیە لە ئێستادا بەدەر لە "تەوبە" داوای هیچی تریان لێ ناكرێ! لێرەوە بۆ زیاتر تێگەیشتن دەتانبمە خزمەت دووەم و چوارەم ئایەتی سورەتی"نور" لە قورئاندا كە دەفەرمێت:
1/ "زیناكەری ئافرەت و زیناكەری پیاو، هەردووكیان سزابدەن بە لێدانی سەد دار بۆهەریەكێكیان؛ نەکا لە جێبەجێكردنی ئایینی خوادا، بەزەییتان بێتەوە پێیاندا، ئەگەر ئێوە بڕواتان هەیە بە خوا و بە ڕۆژی دوایی، با لەكاتی جێبەجێكردنی حوكمەكە و لێسەندنی تۆڵەكەدا "گائفە"یاخود چەند كەسێك بیانبینن."
تێبینی: لە زمانی عەرەبیدا لە دوو و بەرەو ژوورتر، پێی دەگوترێت: "گائفە"
2/ "ئەوكەسانەی خەڵكانێكی داوێن و پەرێزپاك تاوانبار دەكەن و زینایان دەدەنە پاڵ، پاشان چوارشایەتیش ناهێنن لەسەر قسەكەیان، تۆڵە لەوكەسانە بستێنن بە لێدانی هەشتا دار لە پشتی هەریەكێكیان و دوای ئەوە لە هیچ بابەتێكدا شایەتییان لێ وەرمەگرن بۆهەتاهەتایە، بەڕاستی ئەوانەن كە گوناهی گەورەكارن و خۆ نەپارێز "فاسق"ن". دیارە جێبەجێكاری ئەم حوكمەیش دەسەڵاتی دادوەرییە نەك تاك بۆی هەبێت بەم كارە هەڵبستێت .

حوكمی حەزكردن بە تەشەنەكردنی تاوان و، تاوانكردن بە پێشچاوی خەڵك
حەزكردن بە بڵاو بوونەوەی گەندەڵی"فساد" یان بەربادی و شەرمتكاندن، دوولایەنە: 1. حەزپێكردن؛ 2. ئەنجامدان.
یەكەم/ لە نۆزدەهەمین ئایەتی سورەتی"نور"دا خوای گەورە دەفەرمێت: "بەڕاستی ئەوكەسانەی كە پێیان خۆشە خراپكاری فاحیشە لە نێو بڕواداراندا بڵاو ببێتەوە سزای ئازار پێچێژیان بۆهەیە لە دنیا و لە ڕۆژی دواییدا، خوا دەزانێ و ئێوە نازانن".
وەك دەبینین بۆ ئەوكەسانەی كە تەنها هەر خۆشەویستی و حەزیان بۆ خراپكاری بڵاو بوونەوە و تەشەنەكردنی هەیە، باس لە سزای خوایی دەكات لە دنیا و دوا ڕۆژ، نەك جۆری سزایەكی دیاریكراو، كە ئەمە سزای كەسێكە كە پێی خۆشبێت "فاحیشە" بڵاو ببێتەوە، داخۆ سزای كەسێك چییە و چۆنە كە خۆی بەكارەكە هەڵبستێ؟
دووەم/ لە سیوسێهەمین و سیو چوارەمین ئایەتی سورەتی "مائیدە"دا دەفەرمێت: "بەڕاستی تۆڵە و سزای ئەوكەسانەی كە دژایەتی خوا و پێغەمبەرەكەی دەكەن و، هەوڵی ئەوە دەدەن لە زەویدا گەندەڵی و خراپكاری بڵاوبكەنەوە، كە بكوژرێن و یان لە خاچ بدرێن یان دەستەكان و قاچەكانیان بە پێچەوانەی یەكەوە بقرتێتندرێن، یان دەربەدەر بكرێن لەو زەوییەی تێدا هەن، بۆ ئەوانە سەرشۆڕی دنیا هەیە و لە ڕۆژی دواییشدا سزای سەختیان بۆهەیە * مەگەر كەسانێكیان نەبێ كە بەرلەوەی دەسەڵاتتان پێیان گەیشتبێت تەوبەیان كردبێت بزانن كە خوا لێبوردە و میهرەبانە." گومان لەوەشدا نییە كە ئەم سزا توندانەیش مافی دەسەڵاتی شەرعییە ئەگەر لە ئارادا بوو، بەڵام كە ئەوە نەبوو مانای ئەوە نییە كارە بەدەكان بە باش لە قەڵەم بدرێن. جا لێرەدا پرسیار ئەوەیە: داخۆ چی فەسادە و چی فەساد نییە؟ هەرگوناهێك چەند بچكۆلەیش بێت كە بە پێش چاوی خەڵكییەوە ئەنجام درا و ڕێكخرا و كاری بۆكرا تا شیرین و بەتام بكرێت لە بەردەم خەڵكدا، ئەو گوناهە لەخۆیدا چەند بچووكیش بێت دەبێتە گەورە، وەلێ ڕاستییەك هەیە لە ئایەتەكەدا بەدی دەكەین دەبینین بۆ هەمان تاوان جۆری تۆڵەكان لێك جیاوازییان هەیە، كە ئەمەیش لە سەرچاوەكانماندا بەڕوونی باسكراوە و جێبەجێ كردنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەری، كورتی و كرمانجی چەند كاری فاحیشە و فەسادەكە خراپە، جێبەجێكردنی لەلایەن تاكی كۆمەڵگاوە هەرخراپە.
داواكارم لە خوا یارمەتیدەری گشتمان بێت نە حەز بە گەنەکاری و فەساد بكەین و نە ببین بە بزوێنەری؛ نە خۆیشمان بكەینە جێگای دەسەڵاتی دادوەرییەوە.

© 2017 Hawler