تەمموز 22, 2018

ئازاد جندیانی

دوو ڕێگامان له‌به‌رده‌مدایه‌، خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و زه‌لیلی، له‌به‌رامبه‌ریشدا خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دان و سه‌رفرازی.
زۆر له‌و وڵاتانه‌ی جیهان كه‌ كوردیان به‌ دۆستی خۆیان ناو ئه‌برد و كوردیش به‌رده‌وام ئه‌و داستانه‌یان دووباره‌ ئه‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌، نه‌ك هه‌ر دۆست به‌ڵكوو هاوپه‌یمانیشمانن. له‌وانه‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا وه‌ك دوو زلهێزی دنیا و توركیا و ئێرانیش وه‌ك دوو وڵاتی ناوچه‌یی. له‌ ریفراندۆمه‌وه‌ هانمان ئه‌ده‌ن، ئامۆژگاریمان ئه‌كه‌ن و له‌وه‌ش پتر گووشارمان ئه‌خه‌نه‌ سه‌ر تا ڕێگه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وادان له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا بكه‌ینه‌ بژارده‌. به‌داخه‌وه‌ له‌ناوخۆی كوردستانیش دا بانگه‌شه‌كه‌رانی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان له ‌ئاستی حزب و گروپ و سیاسه‌تمه‌دارانیش كه‌م نین كه‌ بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان دنه‌مان ئه‌ده‌ن، به‌تایبه‌ت هاووڵاتیان دنه‌ ئه‌ده‌ن، به‌و جۆره‌ی كه‌ ته‌نیا یه‌ك ڕێگه‌مان له‌به‌رده‌م ئه‌هێڵنه‌وه‌ ئه‌ویش خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانه‌. هیچ ئه‌گه‌رێكیان له‌به‌رده‌م كورد نه‌هێشتۆته‌وه‌ ته‌نیا خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان نه‌بێ. له‌ناوخۆدا به‌تایبه‌ت بابه‌تی مووچه‌ی ڕه‌وای هاووڵاتیانیان كردبووه‌ بیانوو، خه‌ڵكی كوردستانیان هێنابووه‌ هه‌له‌كه‌ سه‌ما به‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر (خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ین) ئه‌وا عه‌بادی مووچه‌كان ئه‌نێرێ، له‌ڕاستیشدا ئه‌و هێز و لایه‌نه‌ ناوخۆییانه‌ توانیان به‌ به‌كارهێنانی قووتی خه‌ڵك و ناگزوریه‌كانی هاووڵاتیان و خێزانه‌كوردستانیه‌كان سه‌ركه‌وتووبن له‌وه‌ی تا راده‌یه‌كی زۆر ڕای گشتی كوردستان چه‌واشه‌ بكه‌ن، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك سێ مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له‌سۆسیال میدیادا سه‌دان كۆمێنت و دروشمی هاووڵاتیانی برسی كوردستانمان ئه‌بینی، نه‌ك به‌ كوردی به‌ڵكوو به‌ زمانێكی شڕی عه‌ره‌بی كه‌وتبوونه‌ مه‌دح و سه‌نای عه‌بادی و وه‌ك فریادڕه‌س ناودێریان ئه‌كرد. وێڕای سه‌خڵه‌ت بوونم له‌و جۆره‌ كاردانه‌وه‌یه‌ی هاووڵاتیان به‌ڵام ناهه‌قم نه‌ئه‌گرتن، چونكه‌ گووشارێكی زۆری ژیان و هاوكات گوشارێكی زۆری میدیا و سیاسه‌تمه‌دار و په‌رله‌مانتار و ئه‌م و ئه‌ویان له‌سه‌ر بوو، كه‌ دواجار ته‌نیا و ته‌نیا چاویان له‌ ده‌ستی عه‌بادی بێ مووچه‌كانیان پێ كه‌ره‌م بكا.
ئێستا، دوای ئه‌م هه‌موو ماوه‌یه‌ هێشتا عه‌بادی فلسێكی مووچه‌ی نه‌ناردووه‌، زۆر له‌ ئاگاداران و شاره‌زایانیش، به‌ به‌شێك له‌په‌رله‌مانتارانی كورد له‌به‌غداشه‌وه‌ به‌و ده‌ره‌نجامه‌ گه‌یشتن كه‌ سه‌رۆك وه‌زیره‌ شۆڤێنیه‌ لووتبه‌رزه‌كه‌ی به‌غدا، ده‌ستی ده‌ستی به‌ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌كاو هاوكات ده‌ستی ئه‌و گروپ و لایه‌نانه‌شی بڕی كه‌ له‌ گرتنه‌وه‌ی كه‌ركووكدا هاوكاری بوون و كورد وته‌نی ئه‌وانیش بوونه‌ (مازوكه‌ری كون ده‌پاشۆڵێ).
له‌ولاشه‌وه‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا، تا ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌ش هه‌ر هانمان ئه‌ده‌ن كه‌ خۆمان بخه‌ینه‌ باوه‌شی به‌غداو ڕێگاكه‌مان هه‌ر ئه‌وێیه‌، توركیا و ئێرانیش، به‌ تایبه‌ت ئێران كه‌ له‌م (عیراقه‌ خاوه‌ن سه‌روه‌ریه‌دا) بێ ئه‌و بڕیارێكی سیاسی نادرێ گووشارێكمان لێی نه‌بینی بۆسه‌ر به‌غدا تا عه‌بادی بڕیاری مووچه‌كه‌ جێ به‌جێ بكا. ئێستا، وه‌ك گۆرانیه‌ كوردیه‌كه‌ ئه‌ڵێ (له‌یلێ زه‌مان گۆڕاوه‌) و تۆنی لێدوانی ناوخۆ (هێندێكیان)، به‌تایبه‌ت دوای كۆبوونه‌وه‌ دوورودرێژه‌كانی فراكسیۆنه‌كانی كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ عه‌بادی، به‌و ئاراسته‌یه‌ گۆڕانی پێوه‌دیاره‌ كه‌ ده‌ست له‌به‌ڵێنه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌غدا بشۆین. هیوادارم ئه‌و لێدوانانه‌ (هی هێندێكیان) به‌شێك نه‌بێ له‌بانگه‌شه‌ی پێش وه‌خته‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌ڕاستیان بێت و چیتر كورد دنه‌نه‌ده‌ن بۆ هه‌ڵبژارده‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، به‌ تایبه‌ت كه‌ بینیمان هیچی لێ شین نه‌بۆته‌وه‌، نه‌ مووچه‌ هاتووه‌و نه‌ فرۆكه‌خانه‌كان كراونه‌ته‌وه‌ و سه‌رباری ئه‌وه‌ش ته‌عریبكردن و سوكایه‌تیكردن به‌ كورد به‌توندی به‌رده‌وامه‌. ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ناومان بردن و له‌گه‌ڵیاندا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ده‌رسدادانمان بۆ شاره‌زابوون له‌سه‌ر خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و ئامۆژگاریه‌كانیان، له‌پاڵ هه‌ڕه‌شه‌كانیاندا، فێرمان ئه‌كه‌ن چۆن سه‌ركه‌وتووبین له‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان. لێره‌دا ئه‌مه‌وێ به‌و وڵاتانه‌ بڵێم، كه‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان هونه‌رێكی گه‌وره‌و مه‌زن و ئاڵۆز نیه‌ و ئه‌مه‌ هاوكاری كردنی كورد نیه‌ كه‌ فێری خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ دانمان بكه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌ یاده‌وه‌ری كورد دا به‌ پیاوه‌تی و چاكه‌ بۆ كه‌سیان تۆمارناكرێ.
پێم وایه‌، ئیتر وه‌ختی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ كورد به‌ هه‌موو حزب و میدیا و ده‌سته‌بژێر و كاره‌كته‌ره‌ سیاسیه‌كانیه‌وه‌، بێ له‌به‌رچاوگرتنی قازانج و زیانی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بكه‌ونه‌ خۆو ده‌رسی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دانمان فێر بكه‌ن، به‌تایبه‌ت ڕووی ده‌مم ئه‌كه‌مه‌ میدیاكان و میدیاكارانی خۆشه‌ویست، كه‌ وه‌ختی ئه‌وه‌ هاتووه‌ قه‌ره‌بووی ماوه‌ی ڕابردوویان بكه‌نه‌وه‌و ده‌رگا له‌سه‌ر هونه‌ری خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان كڵۆم بكه‌ن و ده‌رگای باس و خواسی میدیایی له‌سه‌ر ڕێگای ڕاست، كه‌ (ڕێگای خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دان)ه‌ بكه‌نه‌وه ‌و فێری هونه‌ری سه‌رفرازی و سه‌ربه‌رزیمان بكه‌ن.
تێبینی/ چونكه‌ كتێبێكی هاوڕێم (بابه‌كر دڕه‌یی) به‌ ناوی (كام ڕێگا؟) ساڵانێكه‌ بڵاوبۆته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ باشم زانی به‌و شێوه‌زاره‌ موكریه‌ ناونیشانه‌كه‌ دابڕێژم.
لە ئەکاونتی نوسەر وەرگیراوە

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.