تەمموز 22, 2018

جەمال عەبدوڵا

•ئێستاش سەروەت و سامانی نیوەی ئەم بەشە لەكوردستان دەبەن، واتە سەروەت و سامانی كەركووك و ھەموو ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، كەچی مانگ و نیوێكە خەڵكی كوردستانیان مەشغوڵ كردووە بە وردبینیكردنی مووچەی دوو وەزارەت بۆ ئەوەی دوای ئەو وردبینیەو ئینجا وەك خۆیان دەڵێن بەو شێوەیە مووچە بنێرن كە بگاتە دەست مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان ! لەساڵی 1927 – وە نەوتی كەركووكی كوردستان دەدزن كەچی لەجیاتی ئەوەی ئێمە وردبینی بكەین لە پارەی ئەو نەوتەی كە 100 ساڵە ئەوان لە كوردستانی دەدزن، ئێستا ئەوان دێن وردبینی لەگەڵ ئێمە دەكەن بۆ ئەوەی بزانن نەوتی خورمەڵەو تەقتەق چیی لێدێت ؟! فیعلەن ئێمە بووینەتە بێگانەو بێگانە خاوەن ماڵە !

•ھەرچەندە سەردەھێنم و سەردەبەم نازانم چ ساڵ و ڕۆژو سەعاتێكی پێش ئەوەی بەغدا لە ساڵی 2014 – وە بەشە پارەی ھەرێمی كوردستان ببڕێت، بەغدا مووچەی ناردووە بۆ ھەرێمی كوردستان بەڵام ھەولێر مووچەی مووچەخۆرانی سەربە حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی خواردووەو مووچە نەگەییشتۆتە دەست مووچەخۆران ؟ ئەسڵەن كێشەكە ئەوە نیە كە مووچە نەگەییشتۆتە دەست مووچەخۆران بەڵكو كێشەكە ئەوەیە مووچە گەییشتۆتە دەست ئەوانەشی كە شاییستەی مووچەخواردن نەبوون و ئەمڕۆ ھەولێر بەدەست ئەمانەوە گیری خواردووە ! بەڵام ئایا ئەسڵی كێشەی نێوان كوردستان و عێراق مووچەو وردبینیكردنی لیستی مووچەخۆرانە ؟

•بەغدا بەیارمەتیی ھەندێك جاش قەڵەم، جاش زمان، جاش تانكەر، جاش تەندەر، جاش ئەسەدی، جاش عامری، جاش كەعبی، جاش واسیقولبەتاتی ناوخۆمان دەیەوێت كێشەی گەلێكی بندەست و داگیركراو و بێدەوڵەت لە ناوەرۆكە سیاسی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكەی خۆی دابماڵێت و ئەم كێشە سیاسیە لەناو كێشەی مووچەدا بتوێنێتەوە و ھەمووان مەشغوڵ بكات بەوەی كێ یاریدەدەری تێبینەرەو كێ تێبینەرەو ئادەی با بزانین كێ ڕەئیس عورەفایەو ئەی كێ مودیر ئەقدەمە ! ئەگەر كێشەی كورد لەگەڵ داگیركەرانی كوردستاندا كێشەی مووچە بوایە ھیچ كاتێك و لە ھیچ بەشێكی كوردستاندا یەك فیشەك بەداگیركەرانی كوردستانەوە نەدەنرا . شێخی نەھری، شێخ مەحموود، شێخ سەعید، شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەدی بارزان، مەلا مستەفا بارزانی، مام جەلال تاڵەبانی، قازی و قاسملو، سادقی شەرەفكەندی، ئەمانە ھیچیان لەبەر ئەوە ڕووبەڕووی داگیركەرانی كوردستان نەبوونەتەوە چونكە داگیركەرانی كوردستان مووچەیان بۆ مووچەخۆرانی كوردستان نەناردووە، بەڵكو لەبەرئەوە بووە كە ویستویانە گەلی كوردستان لەسەر نیشتیمانی خۆی ئازاد بژی و ئازادانەو دوور لە ئەمرو نەھیی پایتەختەكانی داگیركەرانی كوردستان چۆنیان دەوێت ئائەوەھا بژین . ئەوە تەنھا لای ئەوانە كێشەی كورد بووە بە كێشەی مووچە كە گیرفانیان پێش نیشتیمانیان خستووە !

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.