تشرینی یەکەم 16, 2018

شازده‌ی ئۆکتۆبه‌ر وه‌کو خۆی

سیامەند سیلکی

 

سه‌رانی گروپه‌ خیانه‌تکارییه‌که‌ی شازده‌ی ئۆکتۆبه‌ر و هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاوبیر و هاوڕای ئه‌و گروپه‌ بوون، له‌ئه‌نجامدانی خیانه‌ته‌که‌دا. به‌مه‌رامی شێواندنی ڕاستیه‌کان و لابردنی سه‌رنجی خه‌ڵک له‌سه‌ر ئه‌و خیانه‌ته‌ مه‌زنه‌. ماوه‌یه‌که‌ له‌ ڕێگای میدیاکانیانه‌وه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌ورژێنن که‌ بۆ پارتی به‌رگری له‌که‌رکووک نه‌کرد؟ یان بۆ پارتی له‌هه‌ندێ شوێن بێ شه‌ڕ کشایه‌وه‌؟!
سه‌ره‌تا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌ که‌ بۆ پارتی به‌رگری له‌که‌رکووک نه‌کرد ؟! بێ گومان بۆ خه‌ڵکێک که‌ ئاگاداری رووداوه‌کان نیه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌م پرسیاره‌ جێگای سه‌رنج بێت و پێی وابێ پرسیاره‌که‌ تاڕاده‌یه‌ک له‌ لۆژیکه‌وه‌ نزیکه‌!، به‌لام بۆ خه‌ڵکی که‌رکووک و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ له‌نزیکه‌وه‌ ئاگاداری رووداوه‌کانن ئه‌م پرسیاره‌ نه‌ک هیچ بنه‌مایه‌کی ئه‌قلانی و لۆژیکی نیه‌، به‌ڵکو پرسیارێکی مه‌سقه‌ره‌ ئامێزه ‌و یاریکردنه‌ به‌ئه‌قڵی خه‌ڵک، چونکه‌ باشور و رۆژهه‌ڵات و به‌شی هه‌ره‌ زۆری ڕۆژئاوای که‌رکوک به‌ده‌ست هێزه‌کانی یه‌کێتیه‌وه‌ بوو، سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی لێی به‌رپرس بوون، پارێزگار و به‌ڕێوه‌به‌ری پولیس یه‌کێتی بوون، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری هێزه‌کانی ئاسایش و پۆلیس یه‌کێتی بوون. به‌بێ ئیزنی هێزه‌ ڕه‌شه‌که‌ی یه‌کێتی و هێزه‌کانی به‌حساب دژه‌ تیرۆر که‌ له‌ لایەن لاهور تاڵه‌بانیه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تی ده‌کران، ته‌یر توانای فرینی به‌سه‌ر شاری که‌رکوکدا نه‌بوو. که‌واته‌ کاتێک ئه‌مه‌ واقعی بارودۆخی سه‌ربازی و ئه‌منی و ئیداری که‌رکوک بێت و ئه‌و هه‌موو هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌ به‌فه‌رمانی لاهور و باڤێڵ تاڵه‌بانی بجوڵێن و هه‌ر به‌فه‌رمانی ئه‌وانیش به‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ چۆل ده‌که‌ن و هه‌موو سه‌نگه‌ره‌کانیان ڕاده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ چ روو قایمییه‌که‌ ئه‌و گروپه‌ خیانه‌تکاره‌ و هاوبیره‌کانی پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌ورژێنن که‌ بۆ پارتی به‌رگری له‌که‌رکووک نه‌کرد؟!
با له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ گه‌ڕێین، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ته‌نها باس له‌خیانه‌تی ئه‌و گروپه‌مان کردبا ڕه‌نگه‌ ئاسایی بوایه‌ خه‌ڵکێک به‌گومانه‌وه‌ له‌ڕاستی و ناڕاستی خیانه‌ته‌که‌ بڕوانێت!، به‌ڵام به‌ر له‌هه‌ر که‌سێک سه‌رکرده‌ کوردپه‌روه‌ره‌کانی نێو یه‌کێتی راستی خیانه‌تی ئه‌و گروپه‌یان بۆ هه‌موو لایه‌ک روون کرده‌وه ‌و خودی پاڤێڵ و ئاراسی برای لاهور تاڵه‌بانیش له‌شاشه‌ی تیڤیه‌کانه‌وه‌ به‌روونی دانیان به‌خیانه‌ته‌که‌یندا ناوه‌، بۆیه‌ هیچ پاساوێک بۆ ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ که‌ خه‌ڵکێک گومان له‌حه‌قیقه‌تی ئه‌و خیانه‌ته‌ مه‌زنه‌ بکات، ئه‌وانه‌ی تا ئێستاس به‌گومانه‌وه‌ له‌مه‌سه‌له‌که‌ ده‌ڕوانن یان گێل و نه‌فامن یانیش هاوبیر و هاوڕان له‌و خیانه‌ته‌ی که‌ له‌ کورد و کوردستان کراوه‌ .

بۆ پارتی له‌هه‌ندێ شوێن بێ شه‌ڕ کشایه‌وه‌؟!
بێ گومان له‌به‌ر هه‌ستیاری و دژواری بارودۆخه‌که‌ هه‌تا ئێستاش وه‌کو پێویست رونکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر شێوازی داڕشتنی پیلانی شازده‌ی ئۆکتۆبه‌ر و ئامانجی سه‌ره‌کی پیلانه‌که‌ نه‌دراوه‌ . ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی به‌خیانه‌تکاران و هاوبیره‌کانیان داوه‌ لێره‌ و له‌وێ پاکانه‌ بۆ خیانه‌ته‌که‌یان بکه‌ن، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌کورتی هه‌م شێوازی جێبه‌جێکردنی پیلانه‌که ‌و ئامانج له‌خیانه‌ته‌که‌ روون بکه‌ینه‌وه‌:
دیاره‌ راده‌ستکردنی که‌رکوک قۆناغی یه‌که‌می پیلانه‌که‌ بوو، له‌قۆناغی دووه‌مدا مه‌به‌ستیان بوو هه‌ولێر و دهۆکیش داگیر بکه‌ن. ئامانجی پیلانه‌که‌ جگه‌ له‌باربردنی ده‌رفه‌تی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی فیدراڵی و کۆتایی هێنان بوو به‌پارتی و سه‌رۆک بارزانی!
له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پیلانه‌که‌ وه‌کو خۆی جێبه‌جێ بکه‌ن و ئامانجه‌که‌یان به‌دی بێنن. هێزێکی حه‌شدی شه‌عبیان له‌پیرانشار و هێزێکی سوپای عێراقیش له‌سلوپی تورکیا، هێزێکی هاوبه‌شی حه‌شد و لاهوریش له‌ته‌قته‌ق جێگیر کرد. ئه‌و هێزانه‌ بۆ نمایشی سه‌ربازی نه‌چوو بوون وه‌کو ئه‌وه‌ی باسیان لێوه‌ ده‌کرا. نه‌خیر ئه‌و هێزانه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان ده‌کرد هێزه‌کانی عێراقی و هاوپه‌یمانه‌کانی هێڵی به‌رگری پێشمه‌رگه‌ له‌سحێلا یان پردێ و مه‌خمور تێک بشکێنن. تا ئه‌وانیش له‌سلوپی و به‌هاوکاری هێزه‌کانی ئێران و تورکیا بێنه‌ ناو خاکی باشور. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ هێزه‌کانی حه‌شد و لاهوریش له‌ ته‌قته‌قه‌وه ‌و هێزه‌ عێراقیه‌کانی دیکه‌ش له‌هه‌موو به‌ره‌کانی دیکه‌ پێکه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر و دهۆک جوڵه‌یان پێ ده‌کرا.
دیاره‌ هه‌ولێر به‌رچاو روونیه‌کی ته‌واوی له‌سه‌ر ئه‌م پیلانه‌ مه‌ترسیدار و فراوانه‌ هه‌بوو. بۆیه‌ به‌نه‌خشه ‌و پلانێکی تۆکمه‌ی سه‌ربازی رووبه‌رووی پیلانگێران بویه‌وه‌. له‌به‌ره‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، به‌ره‌و دهۆک و زاخۆ و له‌به‌ره‌ی که‌رکوکیش به‌ره‌و هه‌ولێر شوێنه‌ ستراتیژی و گرنگه‌کان قاییمکران، هێزی پێویستیش ڕه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌کرا که‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بوو پیلانگێران لێیه‌وه‌ هێرش بکه‌ن .
رۆژێک به‌ر له‌وه‌ی سوپای عێراق و هاوپه‌یمانه‌کانی هێرشه‌ گه‌وره‌که‌ له‌به‌ره‌ی زوممار سحێلا به‌ره‌و براهیم خه‌لیل ده‌ست پێ بکه‌ن. ئه‌ردوگان له‌ئه‌نقه‌ره‌ گوتی"چه‌ند کاتژمێرێکی دیکه‌ هێزه‌ عێراقیه‌کان ده‌گه‌نه‌ براهیم خه‌لیل" له‌یه‌که‌م کاتژمێری ده‌ست پێکردنی هێرشه‌که‌ش سوپای تورکیا و عێراق له‌سلوپی ده‌ستیان به‌ ئاهه‌نگگێڕان کرد و موژده‌ی سه‌رکه‌وتنیان ده‌دایه‌ یه‌کتر (دیمه‌نه‌کانی ئه‌و ئاهه‌نگگێڕانه‌ له‌تیڤیه‌کانی تورکیا و عێراق و سلێمانی و جیهانیش بڵاو بونه‌وه‌) ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌بوو وره‌ی خه‌ڵکی کوردستان بڕوخێنن! هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاهه‌نگگێڕانه‌ هێزه‌کانی عێراق له‌ پیرانشاریش ده‌ستیان به‌جوله‌کرد و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بوون ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ له‌سحێلا تێکشکا ئه‌وانیش هێرش بکه‌ن، هێزه‌کانی لاهور و حه‌شدیش له‌ته‌قته‌ق چاوه‌رێی فه‌رمانی سه‌ره‌وه‌ی خۆیان بوون، هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م پیلانه‌دا له‌پێگه‌ ئه‌لکترۆنیه‌کانی سه‌ر به‌گۆڕان و لاهور و عه‌لی باپیره‌وه‌ هه‌ندێ به‌ناو روناکبیر و سیاسی موژده‌ی ئه‌وه‌یاندا، گوایه‌ کۆتایی بارزانیزمه‌!! هه‌موو ئه‌و رووداو و لێدوان و روماڵه‌ ئیعلامیانه‌ په‌یوه‌ندیان به‌یه‌که‌وه ‌هه‌بوو، حکومه‌تی عێراق دڵنیایی کردبوونه‌وه‌ که‌ هێزه‌کانیان بۆ ئێواره‌ ده‌گه‌نه‌ ده‌روازه‌ی براهیم خه‌لیل و کۆتایی به‌هه‌موو شتێک دێنن، به‌ڵام قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌ی رێبازی بارزانی نه‌مر، چۆن پێشتر هێرشی دوژمنی له‌پردێ تێکشکاند، به‌هه‌مان شێوه‌ هێرشی فراوانی هێزی داگیرکه‌ریان له‌ سحێلاش تێکشکاند و حه‌وت سه‌د حه‌شد و پاسدار و سه‌ربازی عێراقیان کوشت، سه‌رکه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ له‌ سحێلا و پردێ و شوێنه‌کانی دیکه‌ هێنده‌ گه‌وره‌بوو له‌ده‌ره‌وه‌ی چاوه‌روانی هه‌ر سێ داگیرکه‌ره‌که‌ و هێزه‌کانی هاوپه‌یمانانیش بوو، دوای ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانیش پێداچونه‌وه‌یان به‌هه‌ڵوێستی بێ ده‌نگی خۆیاندا کرد و عێراق و هاوپه‌یمانه‌کانیش جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌کرد هێچ هێرشێکی دیکه‌ بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ بکه‌ن، به‌م شێوه‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر سه‌رکردایه‌تی سه‌رۆک بارزانیدا پیلانێکی گه‌وره‌ و فراوانی دژی قه‌واره‌ی فیدرالی و هه‌موو ده‌سکه‌وته‌کانی کوردستان بێ ئه‌نجام کرد. من پێم وایه‌ ئه‌و فیداکاری و قاره‌مانێتییه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌پردێ و سحێلاو زوممار نواندیان له‌مێژووی کورددا شتێکی بێ وێنه‌ بووه‌، بۆیه‌ تا کورد ماوه‌ قه‌رزداری ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌یه‌ که‌ ئه‌و داستانه‌ مه‌زنانه‌یان تۆمارکرد .

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.