نیسان 26, 2018

بەكەمگرتنی لەكەداركردنی یەكتری لەپای چی؟!

پشتیوان بەخوا گوڵخەرمانی ئەمڕۆمان تایبەت دەكەین بە حوكمی بەشێكی هەستیار لە جۆرەكانی لەكەدار كردن.
دەستەواژەی "لەكەداركردن" كە بە زمانی عەرەبی پێی دەگوترێت "رمی؛ قذف"، ، بە شێوەیەكی گشتی بەوە دەگوترێت كەسێك بە كەسێكی تر بڵێت "ئەو" لە فڵانە تاوانەوە گلاوە، یان بەوە لەكەداری بكات كە لە فڵان نەتەوە، یان تیرە نیە، یان لەو ڕچەڵەكە نیە، یان لەو باوك و دایكە نیە، یاخود هەرتاوانێكی تر بداتە پاڵی، یان بڵێ: فڵانكەس داوێنی دۆڕاندووە، وەك ئەوەی لە كوردەواریدا زۆر بە ئاسانی لە كاتی جوێنداندا زۆر باوە كە وشەی حیزێتی یان قەحبایەتی دەدەنە پاڵ یەكتری، یان ئێستا و جیهانی "سۆشیاڵ‌میدیا" كە پڕیەتی لە ئەوپەڕی سنووربەزاندن و لەكەداركردن و بەدناوكردن و ناوزڕاندن!
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە تیشكی بخەمە سەر گەڕانەیەوە بۆ ڕوونكردنەوەی جۆرێكیان و بەس، ئەویش داوێندۆڕاندنە پاڵ كەسێكی پاكە، كە لە چەندین ئایەتی سورەتی "نور"دا حوكمە دنیاییەكەی هاتووە:
یەكەم: لە چوارەم ئایەتدا حوكمە دنیاییەكەی بەم شێوە باس كراوە و دەفەرمێت:
"ئەو كەسانەی داوێنپاكەكان لەكەدار دەكەن بە تاوانی زینا و لەسەر ئەو قسەیەیان چوار شایەتیش ناهێنن لەسەر ئەوەی كە پشتیگیری لە قسەكەیان بكەن، ئەوا هەشتا "جەڵدە" داریان لێ بدەن.
هەرگیز شایەتییان لێ وەرمەگرنەوە.
ئەو جۆرە كەسانە لەوانەن كە تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن فاسقن."
دەرەنجامی ئەمە، ئەم حوكمانە دەچەسپن:
1.   پێویستی بوونی چوارشایەت دەنا هەشتا دار دەدرێ لە پشتی كەسەكەی جوێنەكەی داوە.
2.  ئەو لەكەداركار، یان جوێندەرە، بۆ هەتا هەتایە – مەگەر تەوبە بكات- دەنا كەسایەتییەكەی دەڕووشێ و تەنانەت بایی ئەوەندەی پێوە نامێنێ كە بە شایەت وەر بگیرێت.
3.  ئەگەر تەوبە نەكات بەو كارەی حوكمی فاسقێتی دەدرێت بەسەردا، فاسقیش واتە ئەو كەسەی تاوانی گەورەگەورە دەکات و زۆریش بە ئاسایی وەری دەگرێت و بگرە شانازییشی پێوە دەكات؛ نموونەی ئەمە هەر زۆرە لە پێشچاومان.
 دووەم: لەكەدار كردنی مێرد بۆ ژنەكەی خۆی، كە ئەمڕۆ بە زمانی هاوچەرخ پێی دەڵێن ناپاكی (خیانەت) دانە پاڵ.
لە شەشەم و حەوتەم ئایەتی سورەتی "نور"دا دەفەرمێت:
"ئەو ـ كەس ـ مێردانەی ژنەكانی خۆیان بە داوێندۆڕاندن لەكەدار دەكەن و هەرخۆیان وا دەردەبڕن كە دەیزانن و شایەتی لەسەر شتەكە دەدەن و بەدەر لە خۆیان شایەتگەلی تریان لەگەڵ نیە، ئەوكات چوارجار شایەتی دانی مێردەكە لەگەڵ سوێنددا كە بڵێت سوێند بەخوا ئەو لە ڕاستگۆیانە و لە جاری پێنجەمیشدا بڵێ نەفرینی خوای لێ بێت ئەگەر لە درۆزنان بێت."
دوای ئەمە نافەرموێت بەم تاكلایەنیی لەكەداركردنە حوكمەكە دەچەسپێ و تەوقی لەعنەت دەكرێتە ملی ژنەكە و پیاوەكەیش ئافەرمی لێدەكرێت، یان ڕێگای پێ دەدرێت بە یاسای خێڵەكی، یان وەك دەڵێن یاسای جەنگەڵستان و ئاژەڵ، بڕیاری لەناوبردنی خانمەكە بدرێت! نەخێر هەرگیز لە ئیسلامدا حوكمێك نیە وا و شتێك نیە بەناوی كوشتن بە پاساوی شەرەفپارێزی ـ غسل عار ـ بەڵكو چەمكی بابەتەكە دەچێتەوە ژێر دەستی ژنەكە و لە دوو ئایەتەی دواتردا دەفەرموێت:
"ژنەكە تۆڵەی زینا لەسەر جێیبەجێكردن لەخۆی دوور دەخاتەوە بەوەی ئەویش چوار جاران شایەتی لەسەر داوێن و پەرێزپاكیی خۆی بدات بەوەی كە بڵێ: سوێند بە خوا پیاوەكەی لە درۆزنانە و لە جاری پێنجەمیشدا بڵێ: خەشمی خوا لەسەر ئەم بێت ئەگەر پیاوەكەی لەو لەكەدار كردنەیدا بۆ ئەم لە ڕاستگۆیان بێت."
دوای ئەمە هیچ حوكمێك نیە لەسەر ژنەكە بەدەر لە جیاكردنەوەیان لەیەكتری، بەمانا بە قسەكانی پیاوەكە حوكمەكە نەچەسپی و تەنها سوودی ئەوە بوو هەشتا دارەكەی لەخۆی دوور خستەوە.
ژنەكەیش پەرێزپاك دەرچوو و هیچ حوكمێكی لەسەر جێبەجێ نەكرا بەدەر لە تێكدانی باری ژیانی هاوسەرگیرییان و ئیتر ئەگەر لەو كاتەدا دادوەریش لێكیان جیا نەكاتەوە "تاڵ بوو بەشیان" و بۆ هەتاهەتایە لێك حەرام بوون.
تێبینی: جێبەجێكردنی ئەم "لیعان"ـە لە شوێنێكی گشتی و لەسەربنەمای فەرمانی دادوەرو بە پێی هەندێ یاسا دەبێت نەك هەرەمەكی هەركەس بۆی هەبێت جێبەجێی بكات.
 دوا وشە: كاتێك ئەم حوكمە توندانە لە ئیسلامدا دەبینین، تێدەگەین تا چەند بە هەند وەرنەگرتنی ئەم حوكمە و بە ئاسانی لەكەداركردنی خەڵكی بۆ یەكتر چەند كارێكی مەترسیدار و تاوانە و لە هەمان كاتیشدا زۆر بە بەربڵاوی هەیە و خەڵك وەك بنێشتە خۆشە باسی یەكتری دەكەن و زیاتر لەوە تێدەگەین داخۆ ئێمە كۆمەڵگایەكی ئیمانداری مسوڵمانمان هەیە، یاخود كۆمەڵگایەكی پڕ لە لاساییكردنەوەی دابونەریت‌پەرست و خێڵپەروەر؟!

 

عومەری چنگیانی

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.