ئایار 24, 2019

ئاریان فەرەج

 

دەگوترا بە بێ رێكەوتنی سیاسی و روانگای هاوبەش بۆ شێوازی حوكمڕانیی هەرێم و رێكەوتن لەسەر پرسەكانی كەركوك و بەغدا و یەكخستنی هەڵوێست لە دەوروبەر و كۆی هاوكێشە و پێشهاتە سیاسییەكان، گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بێ ئەنجامە، دەگوترا دەبێ رێكەوتنی سیاسی لە سەر پرنسیپەكان هەبێت، ئەوجا باسی پشك و پۆست دێنەئاراوە، دەگووترا ناكۆكی لەسەر پۆست نییە و لە سەر پۆستیش نابێ و تەنیا بە گەیشتن بە رێكەوتنی سیاسی، ئیدی پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی ئەركەكان ئاسان و فەراهەم دەبێ. بەڵام چاودێرانێكیش پێیان وابوو رێكەوتنی سیاسی لە داڕشتنێك و دووپاتكردنەوەی چەند پرنسیپێكی دوپاتكراوە زیاتر نییە و ناكۆكی نێوان حزبەكان لەسەر دابەشكردنی پۆست و پشك و بەركەوتە.
رێكەوتنە سیاسیەكانی نێوان پێكهێنەرە سەرەكییەكانی حكومەت، نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان، پارتی و یەكێتیی نیشتمانی ئیمزاكران و رێكەوتن لەسەر پرنسیپەكان بەكۆتاهات، كەواتە چاوەڕوانی خەڵك و میسداقیەتی حزبەكان و سەلماندنی ئەو راستییەی كە خیلاف لەسەر پرنسیپ بوو نەك لەسەر پۆست، وا دەخوازێ هەرچی زووترە حكومەت پێكبهێنرێ و هیچ تەگەرەیەكی دیكەی نەیەتەپێش و كاتی زیاتر نەبات. ئەگەر ئەوە روونەدات و بە زوویی پێكهێنانی حكومەت نەبینین، بە زوویی هەنگاوە كردەییەكان لە پەرلەمان رایی نەكرێن، بێ تەئخیری زیاتر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار نەكرێ و كاندیدی سەرۆكایەتی كابیەی نوێ رانەسپێردرێ، هەر لایەنێكیش كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستەكانی یەكلانەكاتەوە، كەوابێ گومان لەسەر ئەو ئیدیعایە دروست دەبێ كە دەیگووت خیلاف لەسەر پرنسیپە نەك لەسەر پشك و پۆست. ئەو قەناعەتە زیاتر رەواجی دەبێ و لە راستی نزیكتر دەبێ كە دەیگووت ئەسڵی خیلاف هەم لە نێوان حزبەكان و هەم لە نێو خودی حزبدا، لەسەر پۆستە نەك لەسەرپرنسیپ. گەر ئەوە راستیەكە بێت، كەواتە لەو حاڵەتەشدا بژاردەی چیتر خۆمەحتەل نەكردن و پێكهێنانی حكومەت تا كێشمەكێشی نێوان حزبەكان و نێو خودی حزبێك لەسەر پۆست و كاندیدەكان لەسەر خێران دەبڕێتەوە، بژاردەیەكی لۆژیكی و بەجێیە.
لە كۆی ئەم بگرە و بەردەیەشدا، كەس نییە شاهیدی بۆ پارتی نەدات كە پشوودرێژانە و خەمخۆرانە مامەڵەی كرد و تا ئەوپەڕی داشكاندن سەخاوەتی نواند.

© 2017 Hawler