ئایار 24, 2019

حەق بوو پێش ئەوەی خۆیان ببن بەعیبرەت، عیبرەتێك لەپێش خۆیان وەربگرن

جەمال عەبدوڵا

 

• كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستانم بە وێنەی ڤیدیۆیی خام بینی، ھەڵسوكەوتی فراكسیۆنی نەوەی نوێم زۆر بەلاوە سەیر بوو . بۆچی ؟
1 : - فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە 111 كورسیی پەرلەمان 8 كورسیی ھەیە، ئەم فراكسیۆنە ھەتا ئێستا ھاوپەیمانی و ڕێككەوتنی لەگەڵ ھیچ فراكسیۆنێكی تری ناو پەرلەمان نیە . واتە ھەر بەتەنھا خۆیەتی، یەعنی دوكانی بەكرو دوو قاڵب سابوون ! دیسانەوە واتە ھەر بەدیموكراسی و ھەر زۆر بە ئاسانی دەبێت بەژێر دەستوپێی 103 كورسیی پەرلەمانەوە و خۆ ئەگەر لە 4 ساڵی ئایندەشدا ھەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە ئەوە لانی كەم ھەتا ساڵی 2023 ھەر لەژێرەوە دەمێنێتەوە و ئەوانی تریش ھەر لەسەری دەبن .
2 : - فراكسیۆنی نەوەی نوێ كە لە كۆبوونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستاندا كردیان بەھات و ھاوار لەبەر ئەوەی ئەندامیان لە ھەندێك لە لیژنەكانی پەرلەماندا بەرنەكەوتووەو لەو لیژنانەدا دانەنراون، دەبوایە ھەر پێشترو ھەر لەڕۆژی دەنگدان بە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان تێبگەییشتنایەو بیانزانیایە كە بەدەنگدانی ناو پەرلەمان و بەگوێرەی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەگەر لەناو پەرلەمان ھەر ئاوا بەتەنھا بن ھیچ سیاسەتێكیان بۆ ناكرێتە بڕیار چونكە ھەر لەڕۆژی دەنگدان بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان نوێنەری خۆیان بۆ ئەندامانی ئەو دەستەیە ھەبوو بەڵام بێجگە لەخۆیان ھیچ ئەندام پەرلەمانێكی ھیچ فراكسیۆنێكی پەرلەمان دەنگی بەكاندیدەكانی ئەوان نەدا . كەواتە ئەگەر گریمان ناوی ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەو لیژنانەشدا دابنرایە كە خۆیان دەیانویست، ئەوە لە دەنگداندا و ھەروەك ڕۆژی دەنگدان بەدەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بێجگە لەخۆیان ھیچ ئەندامێكی ھیچ فراكسیۆنێك دەنگی بەو ناوانەی نەوەی نوێ نەدەداو دەبوایە سەرلەنوێ ناوی ئەندامانی ئەو لیژنانە بگۆڕرانایە و ناوەكانی نەوەی نوێ لەو لیژنانە لاببرانەیە و ئینجاو جارێكی تر ناوی تر دابنرایەو دیسانەوە بخرانایەتەوە دەنگدان بۆ ئەوەی ئەو لیژنانە دەنگی پێویست بەدەستبھێنن . جا ئەگەر ئەمە بنەماكانی گەمەی دیموكراسیی ناو پەرلەمان بێت ئەی كەواتە ئەو كاتكوشتن و قڕەقڕەی نەوەی نوێ بۆچی ؟ لێرەدا بەپێویستی دەزانم وەك ھاووڵاتیەكی كوردستان دەستخۆشی لە سەرۆكی پەرلەمان ڤالا فەرید بكەم چونكە ئەوەی من لەو وێنە ڤیدیۆییەی ئەو كۆبوونەوەیەی دوێنێی پەرلەمان، لە ڤالام بینی وێنەی كەسێكی قانونیی بەجورئەت بوو لەبەرامبەر ژاوەژاو و قڕەقڕی ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ . حەزم دەكرد ئەم وێنەیە لە 8 ی مارس ڕۆژی جیھانیی ژنان ببینم !
3 : - فراكسیۆنی نەوەی نوێ ھەرچەندە ئەو كاتانە وەك حزب و وەك فراكسیۆنی پەرلەمانی نەبوون، بەڵام وەك مرۆڤ تەجروبەیەكی پێشتری ئەم جۆرە لەكاری پەرلەمانییان بینیوە كە قڕەقڕو پێشێلكردنی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و ئینجا ھاتنەدەرەوە لەھۆڵی پەرلەمان بۆ بەردەم كامێرای تیڤیەكان و خەڵك چەواشەكردن ھیچ بەرھەمێكی نەبووە . گۆڕان ئەو كاتانەی ئۆپۆزسیۆن بوو یەكێك بوو لەو فراكسیۆنانەی ئەم جۆرە كارانەی زۆر بەزیادەوە لەپەرلەمان كرد بەڵام لەئەنجامدا لە بێكەڵكی و بێبەرھەمیی ئەم جۆرە كارانە تێگەییشت و ھەر خۆی عیبرەتی لە تەجروبەكانی پێشتری خۆی وەرگرت بۆیە ئێستا دەیەوێت بەشێوازێكی تر كاری سیاسی و پەرلەمانی بكات . جا حەق بوو نەوەی نوێ، پێش ئەوەی خۆیان ببن بە عیبرەت ! عیبرەتێك لەپێش خۆیان وەربگرن .

© 2017 Hawler