ئازار 22, 2019

پێشتری ئافرەت بزانن تا لە پێگەی ئێستای دوای ئیسلامی تێبگەن

عومەری چنگیانی

 

ساڵانە لە هەشتی مانگی ئاداردا وەك نەریتی لێهاتووە بە یادی كارەساتی كۆمەڵكوژییەكی مێژووی هاوچەرخی ئافرەت لە دنیادا"1"بایەخێكی زۆردەدرێ بە باسی ئافرەت و هەر یەك لە ئاوازێكەوە بۆی دەخوێنێ و لە كۆتاییشدا دەردەكەوێ كە زۆرێك لە شێوەنەكان بۆهەریسەكەیە نەك حوسێن"2"، جا چونكە ئەمساڵ ئەوڕۆژە دەیكردە هەینی، ئەوقافی كوردستان بەرچاوڕوونیەکی دەركرد بۆ وتاردەری مزگەوتەكان تا بیرهێنانەوەیەك لەسەر باسی پێگەی ئافرەت لە ئیسلامدا بكەن و؛ منیش وێڕای ئەوەی كە لای خۆمەوە بە ئەركم زانی لە سیو سێیەمین وتارمدا لە سەر دوانگەی "مزگەوتی خەدیجەكوبرا"وە لە 8/3/٢٠١٩ لە ژێر ڕۆشنایی چەندین ئایەت و فەرموودەدا تیشكم خستە سەری ولەڕێگای ناونیشانی"Omer Chngyiani"یوتوب و فەیس بوكی خۆم" www.facebook.com/Chngiyani"ـە وە بڵاوم كردەوە، وا دەیخەمە دووتوێی گوڵخەرمانەكەمیشەوە و دەیخەمە بەر دیدەی ئێوەی بەڕێز.

دەسپێك:
دادپەروەری وا دەخوازێ بۆئەوەی لە هەر بابەتێك تێبگەین، وردەكارانی سەردەمەكەیشی بزانین، بەمانا چۆن بۆ تێگەیشتن لەمانای ئایەتەكانی قورئانی پڕ لە بەخشش پێویستمان بە زانینی هۆكاری هاتنەخوارەوەیان هەیە لەڕێگای گەڕانەوە بۆ زانستی هۆی دابەزین یاخود "اسباب النزول" و بۆ تێگەیشتن لە فەرموودە پێویستمان بە زانینی بارودۆخ و باری وتنەكەی هەیە لەڕێگای گەڕانەوە بۆ زانستیی"موارد الحدیپ"، هەمان چەشنە ئاگاداربوونی مێژووی هەر ڕووداوێك و خوێندنەوە بۆ قۆناغ و سەردەمەكە پێویستە، كەوابوو بۆئەوەی لە پێگەی ئافرەت تێبگەین لە ئسلامدا دەبێ لە پێشدا بزانین تاكی ئەو سەردەمە چۆنی لە ئافرەت ڕوانیوە و خۆیشی چۆن لەگەڵ ئەو هەڵسوكەتوە ڕاهاتوە، تا قەدروبەها و ڕێزی ئیسلام بزانین لە تێڕوانینەكەیدا، بۆ ئەمەیش لە وتار یان نووسینێكی وادا پێویستە كورتترین ڕێگای تێگەیشتن بگرینەبەر كە خوای گەورە لە قورئانەكەیدا ئەوەی بۆ ڕوون كردووینەتەوە و لە بریتی خوێندنەوەی سەدان بەرگ سەرچاوە لە دوو توێی ئایەتەكاندا زۆر بە وردەكاری خواییانە ئەو قۆناغەی بەرجەستە كردووە.

ڕقبوونەوە لە كچداری، پێش ئیسلام:
سەرجەم سەرچاوەكان باسمان لە بەكاڵاكردنی ئافرەت بۆدەكەن تا ئەوئەندازەیەی كە بە میراتیش چووە نەك میراتی پێ ببڕێت! لە كۆمەڵگایەكی وەكو شاری مەكەدا، شەرمەزارییەکی هەرە گەورە ئەوە بوو کچت ببێت؛ لە پەنجاوهەشت و پەنجاونۆهەمین ئایەتی سوورەتی "نەحل"دا قورئان دەفەرمێت: "گەر مزگێنی بدرابایەتە یەكێكیان كە كچی بووە ناوچاوی ڕەش هەڵدەگەڕا و شەرمی لەخۆی دەكردەوە و قین و پیشی دەخواردەوە و خۆی لەخەڵكی دەشاردەوە تا بەو سەرشۆڕییەوە نەیبینن و سەرسام دەما داخۆ هەروا سەرشۆڕی بکا و كچەكەی بهێڵێتەوە، یان زیندەبەچاڵی بكات.. بەڕاستی خراپترین كار و پیشە و هەڵسوكەوتیان هەبوو."
لەو بۆچوون و ڕەفتارە لارەوە دەبینین لەونێوەدا قورئان لە نۆزدەهەمین ئایەتی سوورەتێكدا بە ناوی ژنگەل"نسا" دەفەرمێت: "لەگەڵ خانمەكانتاندا بە باشی هەڵسوكەوت بكەن و گەرهاتو شتێكتان لێیان بەدڵ نەبوو، خوازیاری ئەوە بن كە خوای گەورە خێرێكی زۆری باشی تیا بێنێ."

لەشفرۆشی لە پێش ئیسلام:
ئەو كۆمەڵگایە بە كاڵاكردنی بۆ ئافرەت تا ئەو ئەندازە بوو دەچوون كەنیزەكیان دەكڕی – كە جۆرە بازرگانیەک بوو لەو سەردەمەدا – بە زۆر كەنیزەكیان دەدا بە دامێن دۆڕاندن و پارەیان پێ پەیدا دەكرد؛ كە خوای گەورە لە سیوسێهەمین ئایەتی سوورەتی"نوور"دا رووی خەشم و تووڕەیی و ڕێنمایییان بۆ دەگرێتەبەر و دەفەرمێت:
"زۆر لە كچەکانتان مەكەندامێنیان بفرۆشن و بژێویتان بۆپەیدا كەن؛ كەچی ئەوان دەیانەوێ خۆپارێز بن. هەربۆئەوەی شتێك لەوژیانەی دنیاتان وەدەست بكەوێت، جا هەركەس بە زۆر كچەكانی بە دامێن دۆڕاندندا بدات، ئەوە خوا لێبوردە و میهرەبانە بۆیان".

میهرەبانی ئیسلام بۆ خانمگەل:
نموونەی بەزەیی و میهرەبانیی ئیسلام زۆر لەوە فرەترە، لێرەدا هەموویمان پێ جێ بكرێتەوە وەلێ چەند خاڵێكی لێ دەخەینەوە بیرتان:
1. چەندین هەڵوێستی وا هەیە كە خودی پێغەمبەر جاری وا بووە كەوتۆتە بەر تووڕەیی و خەشمی خێزانەكانی و نە لێیشی داون و نە تەڵاقی داون و نە دەریشی كردوون. "3"
2. پیاو لە هیچ بارێکدا بۆی نیە نوێژ نەكات، کەچی خانم لەكاتی سووڕی مانگانە و زەیسانیدا نوێژی لەسەرنییە.
3. خەرجی ماڵ لەسەر پیاوە و مێرد چەند هەژاریش بێ و ژن چەند زەنگین، داوا ناكرێ وەكو ئەرك ژن خەرجی بكات لە ماڵی خۆی.
4. ئافرەت بە پێچەوانەی پیاوەوە ئەرك نییە لەسەری كە بۆ نوێژی جەماعەت و جومعە ئامادە بێت.
4. هەرژنێك كە مارە كرا لە پیاوێك و پیاوەكە مرد، هەر بەمارەكردنەكە بەشە میراتی خۆی پێ دەبڕێت.
5. ژن بەبێ مارەیی مارەناكرێت.

پەراوێز:
"1"سەرچاوەكان باسی ئەوەمان بۆدەكەن كە لە سەد ساڵ زیاتری بەرلە ئێستا لەكاتێكدا كە كۆمەڵێك كرێكاری خانم داوای مافی خۆیان دەكەن لەو كارگەی ڕستنەی كاریان تێداكردووە لە ئەمریكا پاداشتەكەیان ئەوەبووە كە سەرجەمیان سووتاندوون و دوابەدوای ئەوە چەندین قۆناغ هاتۆتە پێشەوە و بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژەكە كراوە بۆ بۆنەی خانمان و ساڵانە ئەو ڕۆژەیان پێڕەوا بینراوە".
"2"هەریسە خواردنێكە لە گەنمی كوڵاو و شەكر و بایەم و دارچینی و هێل پێكدێ و هەڵوایەكی خۆشە ساڵانە بە بۆنەی یادی بەناهەق كوژرانی حسێنی كوڕی عەلیەوە – سڵاوی خوایان لێبێت – هەوادارانی مەزهەبی شیعە دەیكەن و دەیبەخشنەوە بەسەر ئەوكەسانەدا كە لەوبۆنەدا شیوەن دەكەن و لەخۆیان دەدەن، جا كەسێك بڕوای بە ڕێوڕوسمەكە نەبێ و بشچێ هاوبەشی بكا دەگوترێ شیوەنەكەی بۆ هەریسەكەیە نەك بۆحسێن".
"3"سەیری فەرموودەی ژمارە 2481 بكەن لە سەحیحەکەی بوخاری كە باس لەوە دەكات چۆن یەكێك لە خێزانەكانی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – لەسەرەی خۆیدا خێزانێكی تری خواردنێكی ناردووە بۆی كە میوانی هەبووە و لە غیرەدا خواردنەكەی ڕشتووە و قاپەكەشی شكاندووە و نەرمی و پێكەنین زیاتریش نەبینراوە لە پێغەمبەر– دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت - "
رواه البخاری رقم (2481) فی كتاب المظالم - باب إذا كسر قصعە أو شیئا لغیره.

© 2017 Hawler