ئایار 21, 2019

هەورامان عەلی تۆفیق

 

یادەوەریەکانی ڕۆژانی ڕابردوو تاڵ و خوێناوین، ناکۆکیە نێوخۆییەکان و کاریگەری و دەرهاویشتەکانی هێندە کاریگەرن بۆ سەردەمێکە ماونەتەوە و کاریگەری نەگەتیڤی خۆیان بەشێوەیەک لەشێوەکان لەسەر پڕۆسەی سیاسی و کۆمەڵگاو ژیان وگوزەرانی خەڵک جێهێشتووە .
ئێمەی کورد هێشتا لە نێو کاریگەریاندا چەق بەستووین و بەردەوام ناکۆکیەکان قوڵتردەبنەوە، کێشەی نوێ سەرهەڵدەدەن و چارەسەرو یەکلایی کردنەوەیان ئاستەمتردەبێت . پاشخانی شەڕی براکوژی هێندە لە نێوکۆمەڵگادا ڕەگی داکوتیوە هێندە لە بیرو هزی سیاسیەکاندا بوونی نیە، چونکە زۆرجار سیاسیەکان بەپێی دەرهاویشتە سیاسیە هەنوکەیەکان و بەپێی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و لەڕوانگەی دەستکەوەکانەوە مامەڵەدەکەن، بەلام خەڵکی بە شێوەیەکی دەروێشانە لە بابەتانەکە دەڕوانن و مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، لەزۆربەی شەڕەکاندا خەڵک و هەوادارانی لایەنە ناکۆکەکان پاڵ پێوەنەری سەرەکی بوون بۆ بەرپاکردنی شەڕەکان و دەرەنجام بۆخۆشیان بوونەتە سوتەمەنی ئەو شەرەو زیان لێکەوتوویی یەکەم بوون .
بۆیە گرنگە خەڵکی ئاسایی و هەواداران ولایەنگرو تەواوی چینەکانی کۆمەلگا لەوانە نوسەرو ڕۆشنبیرانی ئەم هەرێمە لەبری خۆشکردنی ئەو ئاگرە دەکرێ پێچەوانەکەی بکرێت و هەوڵەکان لەسەر بنەمایی ئاشتەواوی کۆمەڵایەتی بن .. لیرەدا بابەتەکە ئەوە نیە کێ راستی بەدەستە، بەڵکو پرسەکە ژیان و گوزەرانی خەلک و دۆزی کورد و ئایندەی نەوەکانی داهاتووە و دەرەنجام هەموو پێکەوە بەرپرسین لەپاراستنی دەستکەوتەکان .
ناکۆکی سیاسی پڕۆسەیەکی ئاسایی کاری سیاسیەو دەکرێ بەردەوامی هەبێت بەڵام لەبەرمبەردا دەبێ فێربین ئەو ناکۆکیانە بۆ باشترکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان و ئایندەی هەرێمەکەیە، ڕاستکردنەوەی ئەم پڕۆسەیە بەدەست هەڵگرتنی خەڵک لەکێشە سیاسیەکان و خۆهەڵنەقورتاندن لەکاروبارە سیاسیەکاندا، لەپڕۆسەی دیموکراتیدا خەڵک دینەمۆیی پڕۆسەکەیە و دەتوانێ قسەی خۆیی هەبێت، ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە نەگۆڕینی کۆمەڵگایە لەمەدەنیەوە بۆ سیاسی .
بەم پێیە سیاسیەکانیش دەتوانن سیاسەت بکەن . ڕەنگە ئەم بابەتە هێشتا بۆ ئێمەی کورد لەسەرەتادا بێت و ئاستەنگ بێت بەو شێوەیە بابەتەکان لێەک جیابکەینەوە، ڕەنگە قۆناغەکان خۆیان بسەپێنن و لەهەمان کاتیشدا دەبێ تێپەڕێنرێن .
نەفەسی شەڕو ڕق کینەی کوێرانە گێژاوێکی سیاسی و بارێکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆسکاوی هێناوەتە ئاراوە دەکرێ بۆ ئایندە زۆر مەترسیداربێت، چۆن ئەمڕۆ لەم ناکۆکیانەدا بەرهەمی سیاسەتی سەدەیەکە و بەدڵنیایی بۆ سەدەکانی داهاتوش بەرهەمی ئەم سیاسەتە بەخراپی دەبینینەوە، هێندەی خۆمان لەقسەی زبرو یەکتر سڕینەوە دوربگرین، هێندەی یەکڕیز و لەیەکتر نزیک بینەوە هێندە لەبەرژەوەندی گشت لایەکە . بەهێوربوونەوە و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگیەکاندا دوژمنەکانمان دلتەنگ و خەمباردەکەین و هاوڵاتیانی کوردیش دڵ خۆش و ئاسودە دەبن .

© 2017 Hawler