ئایار 24, 2019

وەرزی بەهار و جەژنی نەورۆز و ئاڵای كوردستان..!

جەمالی دەلاك

 

من دی عەلەما كەلامێ مەوزون
عالی بكرا ل بانی گەردوون .
ئەحمەدی خانی( 1650_1707)

یەكێك لەخەسڵەتەكانی نەتەوە ئاڵایە، كەواتە ئاڵا بۆهەر نەتەوەیەك پیرۆزییەكی خۆی هەیە، ئێمەی گەلی كوردیش خاوەنی ئاڵایەكی ڕەنگینین كە مێژوویەكی كۆنی هەیە و لەپێناو بەرزڕاگرتنی ئەو ئاڵایەدا، كە ئاڵای كوردستانە قوربانییەكی زۆر دراوە و بەسەدان گەنج و لاوی كورد لەوپێناوەدا خوێنی خۆیان بەخشیوە تا ئاڵای پیرۆزی نەتەوەكەمان بۆ هەمیشە بە بەرزی بشەكێتەوە.
لەگەڵ دەستپێكی وەرزی بەهارو بڵێسەی ئاگری نەورۆزدا هاوڵاتیان بۆ بەرز ڕاگرتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز ڕوودەكەنە سرووشتە دڵڕفێنەكەی كوردستان و بە خۆشیی و شادی و گۆڤەند ڕۆژەكانی پشووی جەژنی نەورۆز لەسەیرانگاكان بەسەردەبەن، لەكاتی چوونەدەرەوەی هاوڵاتیان لەنێو شار و شارۆچكەكان بۆ گەشتی نەورۆزی لەسەر شاڕێكان بەڕێژەیەكی زۆر فرۆشیاری ئاڵای كوردستان لەسەر ئەو شەقامە سەرەكیانە بوونیان هەیەو ئاڵای كوردستان دەفرۆشن، هاوڵاتیانیش ئاڵای جوانی كوردستان دەكڕن و هەڵیدەواسن بەئۆتۆمبێلەكانیانەوە دەشەكێتەوە تا شوێنی مەبەست، ئەوەی بەندە مەبەستیەتی زۆر بەداخەوە لەشەقامە سەرەكیەدا تا سەیرانگاكان لەچەندین شوێن ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەسەر شەقامەكە كەوتوون كەلەوئۆتۆمبێلانە كەتوونەتە خوارەوە و دەكەوێتە ژێر تایەی ئۆتۆمبێلی دواتر، وەهەروەها دیاردەیەكی زۆر نابەجێ و ناشایستە ئەویش لە سەیرانگاكان لەكاتی ئێوارە كە هاوڵاتیان دەگەڕێنەوە بەرەو ماڵ بەڕێژەیەكی زۆر ئاڵای جوانی وڵاتمان لەگەڵ قوڕو چڵپاو تۆزو خۆڵدا تێكەڵ بوون و لەسەر زەوی كەوتوون و فڕێدراوون و هەنگاوی بەسەردا هەڵدێنن، بەبێ ئەوەی كەسێك لەخەمیدا بێت و خۆی بەخاوەنی بزانێت. جارێكی دیكە دەڵێم زۆر بەداخەوە بۆ ئەو دیاردە ناشارستانیەو ڕێز نەگرتنە لەپیرۆزییەكانی وڵاتەكەمان، ئەگەر نەتەوەیەكی هوشیار و ڕێز لەپیرۆزییەكانی وڵاتەكەی بگرێت بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئاڵای وڵاتەكەی ناكات، كەدەریایەك خوێن بەخشراوە لەپێناویدا، بۆئەومەبەستە داواكارم لەلایەنی پەیوەندیدار ( پۆلیس و ئاسایش و شارەوانی ) كە لەخەمی ئەو دیاردە ناشیرنەدابن و و ڕێ لەهاوڵاتیان بگرن و ڕێنوێنی هاوڵاتیان بكەن تا بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئاڵای جوانی كوردستاندا نەكەن
حاجی قادری كۆیی ( 1815_1897) دەفەرموێت :
بەشیر و خامە دەوڵەت پایەدارە
ئەمن خامەم هەیە شیر نادیارە
نەبەیداغی هەیە و نەتەپڵ و كورسی
ئەمەندەی پێ كرا بێ چارەنووسی

© 2017 Hawler