ئەیلول 19, 2018

د.سالار عوسمان

 

بەشی پێنجەم

حزب لە نێوان خۆی و خەڵکدا
وەک پێشتر باسمان کرد، ئارمانجی سەرەکی ھەر حزبێک خەڵکە، بۆیە دەبێ سەرجەم ئارمانجەکانی لە دەور خەڵکدا کۆبێتەوە، بە مانایەکی ڕوونتر، دەبێ خەڵک: ھاوڵانی سەنتەر بێت، بەڵام چۆن و بە چ تێگەیشتنێک ؟...بۆ بەرسڤی ئەم پرسیارە، دەکرێ بە پرسیارێکیتر دەست پێ بکەین و وەڵام پرسەکە ڕوون بکاتەوە، پرسیارەکەیش ئەمەیە (ئایا حزب خەڵک ئاراستە دەکات، یان بە پێچەوانەوە خەڵک حزب ئاراستە دەکات ؟..)، وەڵامی ڕوونی زانستیانە ئەوەیە: حزب کۆمەڵە خەڵکێکی بیرکەرەوەن و ڕێبەرایەتی ئاراستەیەکی سیاسیی دیاریکراو دەکەن و ئەوان خەڵک ئاراستە دەکەن، کەواتە حزب ئەھلییەتی ڕێبەرایەتی ھەیە و خەڵک لەگەڵ خۆیاندا بەرەو تێگەیشتنی باڵاتر دەبەن، تێگەیشتنی باڵاتر لە پێناو ژیانێکی باڵاتر، ھەر بۆیەیشە دەیانەوێت بگەنە دەسەڵات، تا بە پێی ئەو تێگەیشتنە باڵایە و لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە: (پەرلەمان، حکومەت و ئۆرگانە ڕەسمی و نا ڕەسمیەکانەوە)، ژیانێکی باشتر بۆ خەڵک دابین بکەن.


خەڵک دەنگ دەدات، حزب حوکم دەکات
خەڵک سیاسەت ئاراستە ناکات، خەڵک بڕیار نادات و حوکم ناکات، خەڵک لە پرۆسەی ھەڵبژاردن باشترینەکان ھەڵدەبژێرێت و لەوێ، لە سەر سندوقی دەنگدان بڕیار دەدات، دواتر باشترینەکان، لە ڕێگەی شەرعیەتی دەنگی ئەو خەڵکەوە، ئەمانەتی حوکم وەئەستۆ دەگرن و ئیتر خەڵک دەکشێتەوە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی، باشترینەکان، ئەوانەی ھەڵبژێردراون حوکم دەکەن و بڕیار دەدەن.
- باشترینەکان کێن؟
- ژیانی کۆمەڵایەتی چییە؟
- ژیانی سیاسی و حوکمەتداری چییە؟
- پێوەندییەکان چۆن ڕێکدەخرێن؟
- گرفتەکان چین و ڕێگاکانی چارەسەر کامانەن؟

- باشترینەکان بریتین لەو حزبانەی کە زۆرترین دەنگ دێنن و لەبری خەڵک دەسەڵات وەردەگرن، بۆیە ھەموو ئەو بۆچوونانەی پێیانوایە، کە حزب نابێ لە دەسەڵات بێت، بۆچوونی ھەڵەن و تێکڕای بانگەشە و پاساوەکانیشیان بەشێکیە لە جەھل و چەواشەکاری، کەواتە ئەوە حزبە حوکم دەکات، ئەوە حزبە لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە دەسەڵات وەردەگرێت و بەرنامەکانی، ڕوئیا و جیھانبینیەکانی جێبەجێ دەکات.

- ژیانی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتن لەو چەمکە قسە زۆر ھەڵدەگرێ، لێ زۆر بە کورتی: سەرجەم پرۆسەکان، لە دامەزراندنی حزبەوە، تا دەگاتە ژیانی حزبی و دواتر ھەڵبژاردن و دواتریش حوکمەتداریی، ھەمووی لە پێناو ئەوەیە، کە ژیانی کۆمەڵایەتی ڕێکبخرێت و کۆمەڵگە، لە نێویشیدا مرۆڤ سەروەر و ئاسوودە بێت.
ژیانی کۆمەڵایەتی ساغڵەم بریتیە لە سیخناخ نەکردنی کۆمەڵگە بە سیاسەت و ململانێکانی، بە واتایەکیتر ھێشتنەوەی کۆمەڵگەیە وەک خۆی، وەک خۆی بە ھەموو تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانەوە، چونکە لە بنەڕەتدا مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە نەک سیاسی، بۆیە دەبێ ددان بەو ڕاستتە تاڵەدا بنێین، کۆمەڵگەی دواکەوتوو بریتیە لەو کۆمەڵگانەی سیخناخن بە سیاسەت و پێچەونەکەیشی ڕاستە !..

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.