تەمموز 16, 2019

سەقامگیریی عێراق بەرەو کوێ؟

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە کە دەیەوێت لەعێراق بمێنێتەوە بۆ چاودێریکردنی ئێران، وە بەشێک لەهێزەکانی ئەمەریکا کە لەسووریان دەچنە پاڵ هێزەکانیان لەعێراق. ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکا لەکاتێکدا کە لەناو عێراقیشدا لەلایەن گروپەکانی شیعەی نزیک لەئێران داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێڕاق دەکرێ، وە چاودێران دەڵێن قوڵبونەوەی ئەو پرسە کاریگەری خراپی دەبێ لەسەر سەقامگیری عێراق کە هێشتا بەهۆی شەڕی داعشەوە لەبارودۆخێکی باشدا نیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) بەلای ئەمەریکاوە ئێران کێشە ڕاستیەکەیە لەناوچەکەدا و، ئەمەریکا دەیەوێ هێزەکانی لەعێراق بهێڵێتەوە هەتا لەنزیکەوە ئاگای لەجموجۆڵەکانی ئێران بێت. لەچاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ (سی‌بی‌ئێس) (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا گوتی، گرنگە هێزی سەربازیمان لەعێراقدا هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین لەنزیکەوە چاومان لەئێران بێت، چونکە ئێران کێشە ڕاستەقینەکەیە.
بەبەردەوامی لەلایەن ڕاوێژکار و، هەوڵگرە ئەمەریکاییەکان و بەرپرسانی بەرگریەوە هۆشداری دەدرێ لەکشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا و، لە ئەفغانستان، ئەوەش بەهۆی مانەوەی جوڵەی چەکدارە توندەرەوەکانە لەو ناوچانەدا. سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ئەگەرچی لەو مەترسیانە ئاگادارە بەڵام سورە لەسەر کشانەوەی هێزەکانیان لەو دوو وڵاتە، بۆ سووریا بڕیاری داوە و بۆ ئەفغانستانیش لەگەڵ تالیبان لەگفتوگۆدان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هەرچۆنێک بێت ئەو دەیەوێت لەو دوو وڵاتە بکشێتەوە ئەوەشی بەڕوونی ڕاگەیاندوە کە دەیەوێ خەرجی و تێچوی هێزەکانیان کە لەو دوو وڵاتە دەکرێ کەمبکاتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە لەجیاتی مانەوەی هێزەکانیان لەو دوو وڵاتە، لە ئەفغانستان دەتوانێ پشت بە تیمی هەوڵگرەکانیان ببەستێ و، هەروەها لەسووریاش دەتوانێ پشت بەبنکەکانیان لەعێراق ببەستێ.
ئێران بەرگریکارێکی سەرسەختی حکومەتی سووریایەو، لەماوەی نزیکەی هەشت ساڵەی شەڕی سووریادا بەهێز و، بەیارمەتی چەک و تەقەمەنی و دارایی هەوڵی مانەوەی حکومەتی سووریای داوە، وە دەرچونی ئەمەریکا لەسووریا بەقازانجی سووریا و ئێران کۆتایی دێت بەڵام ئەوە کۆتایی یاریەکە نابێ چونکە ئەمەریکا جارێ عێراق بەجێ ناهێڵێ.
لەو بارەیەوە (ترەمپ) گوتی، پارەیەکی ئێجگار زۆرمان لە بنکەی هەوایی ئەلئەسەد خەرجکردوە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای عێراق، ئەوێ پێویستە لەلایەن ئەمەریکاوە دەستی پێوەبگیرێت، وە شوێنێکی گونجاوی هەیە.
وە گوتیشی یەکێک لەو هۆکارانەی کە دەمەوێت بمێنینەوە چونکە دەمەوێت تۆزێک چاودێری ئێران بکەم چونکە ئێران کێشە سەرەکی و ڕاستەقینەکەیە.
لەو بارەیەوە لەلایەن (سی‌بی‌ئێس) ەوە پرسیاری لێکراوە کە ئایا دەیەوێت بەهۆی ئەو مانەوەیە لەعێراق هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران، (ترەمپ) دەڵێ نا، بەڵکو دەمەوێت بتوانم تەماشای ئێران بکەم، ئەوەی دەمەوێت تەنها چاودێریکردنە.
لەکۆتایی ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لەسووریادا دەرکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە، لەو چاوپێکەوتنەیدا (ترەمپ) بەرگری لەو بڕیارەی کردوە بەڵام هیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆ کشانەوەی ئەو هێزانە ئاماژە پێنەداوە.
بەشێک لەو هێزانەی سووریا دێنە عێراق و بەشێکی دیکەیشیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەمەریکا، هەڵبەتە ئەمەریکا نزیکەی (٢٠٠٠) سەربازی لەسووریادا هەیە.
لەو بارەیەوە (ترەمپ) گوتی، مانەوەی بەشێک لەو هێزانە لە عێراق دەبێ، عێراق ئەو شوێنەیە کە لێوەی دەتوانن چاودێری هەر چالاکیەکی چەکدارەکانی داعش و میلیشیا گروپەکانی دیکە بکەین. وە ئاماژەی بەوەشداوە کە دەکرێ جارێکی دیکەش هێزەکانی بگەڕێنەوە و بڵاوەیان پێبکرێتەوە ئەگەر ئەلقاعیدە بگەڕێتەوە، ئێمە دەگەڕێینەوە ئەگەر پێویست بکات.
شیاوی باسکردنە، ئەمەریکا نایەوێ لەشەڕێکی بێ کۆتاییدا بمێنێتەوە بەتایبەتی لەئەفغانستان کە نزیکەی (١٩) ساڵە لەوێ لەدژی تالیبان و ئەلقاعیدە لەجەنگدایە. ئەمەریکا لەوەتەی شەڕی ئەفغانستانی دەستپێکردوە هەر ڕۆژەی نزیکەی (٥٠ ملیار) دۆلار خەرجی هەبوە، وە نزیکەی (حەوت تریلیۆن) دۆلاریشی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەرجکردوە، ئەو گوتانەی سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتێکدان کە ناوچەکە هێشتا سەقامگیری وەرنەگرتوە بەهۆی چالاکی چەکداری گروپە توندڕەوەکانەوە.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەسووریا و هێنانی بەشێک لەو هێزانە بۆ عێراق کاردانەوەی ناوخۆیی لەعێراق بەدوای خۆیدا دێنێت، بەشێک لەگروپە شیعیەکانی نزیک لەئێران بەبونی ئەمەریکا لەعێراق ناڕەحەتن و داوای دەرچونی ئەمەریکا لەعێراق دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە دەیانەوێ لەڕێگای پەرلەمانی عێراقەوە بەیاسا ئەوە جێبەجێبکەن.
لەماوەی نزیکەی (١٦) ساڵی ڕابردووی دوای ئازادی عێراق، ململانێکانی ئەمەریکا و ئێران لەعێراق کاریگەری خراپیان هەبوە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و گەشەی ئابوری ئەو وڵاتە. چاودێران لەو باوەڕەدان قوڵبونەوەی داژیەتیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران کاریگەری خراپتری دەبێ لەسەر عێراق چونکە بەشێک لەشێوەی سیاسی و چەکداری لەعێراق نزیکن لەئێران و لەوێوە پاڵپشتی دەکرێن.
هێشتا عێراق خاڵی نەبوە لەهەڕەشەی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان، بەتایبەتی هەڕەشەکانی داعش لەناوچەکانی موسڵ و، دیالە و سەڵاحەدین و، کەرکوک لەزیادبوندان، بونی هەر گرژیەکی دیکە لەو ناوچەیەدا یارمەتیدەردەبێ بۆ گەڕانەوەی چالاکی چەکدارە توندڕەوەکان.
عێراق پێویستە باڵانسێک لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا دروستبکات هەتاوەکوو بتوانێ یارمەتی پێشکەوتنی سەقامگیری و، ئاسایش و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتیان لەوڵاتەکەیدا دابینبکات و، ئەو قۆناغەی ئێستای تێبپەڕێنێ.

 

و/ خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler